ههرێم داوای ناردنی مووچهی ئاوارهكانی موسڵ و ئهنبار له بهغدا دهكات
سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە دیدارێکدا لەگەڵ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی WFP جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە عیراق میکانیزمێک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی مووچەی ئەو ئاوارە فەرمانبەرە حکوومییانەی عیراق بدات.
بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئێرتارین کۆوزن بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی پرۆگرامی جیھانیی خۆراک WFP کرد و کۆوزن سوپاسی WFP گەیاندە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەو ھاوکاری و یارمەتیانەی پێشکەش بە پەنابەران و ئاوارەکانیان کردووە و، دووپاتی لەسەر پێویستیی ھاوکاری و ھەماھەنگیی ھەموو لایەنە پەیوەندارە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان بۆ یارمەتیدانیان کردەوە و، ئاماژەی بەوە دا کە بەردەوامیی ڕووداوەکان و زیادبوونی ژمارەی پەنابەران و ئاوارەکان، مایەی نیگەرانییە و دەبێ ھەموو لایەنەکان لە ھاوکاری و ھەماھەنگیی بەردەوامدا بن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پێشھاتەکان.
لەدیدارەکەدا نێچیرڤان بارزانی داوای کرد حکوومەتی عیراق میکانیزمێک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی مووچەی ئەو ئاوارە فەرمانبەرە حکوومییانەی عیراق بدات کە لە ئەنجامی ڕووداوەکانی پێشتری پارێزگای ئەنبار و ڕووداوەکانی ئەم دواییەی پارێزگای مووسڵ و ناوچەکانی دیکەی عیراق ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوون، ھەروەھا سیستەمی دابەشکردنی خۆراکی مانگانەیان بە جۆرێک ڕێک بخاتەوە کە بتوانن لە کەمپەکاندا وەکوو ھەر ھاووڵاتییەکی دیکەی عیراقی بەشە خۆراکی مانگانەیان بە شێوەیەکی ڕێکوپێک وەربگرن
PM:02:16:25/06/2014