"ستراتیژی داعش، داگیركردنی ناوچە جێناكۆكەكان‌و دواتر چاوی لەسەر بڕینی ناردنی نەوتە بۆ توركیا"

ئا: سپی میدیا 
چەكدارەكانی (داعش)‌و تێڕوانینی سیاسی‌و جیاوازی‌و ململانێكانی نێوانیان‌و دژایەتیكردنیان بۆ حوكمی شیعە. كۆنترۆڵكردنی ئەو ناوچە بەرفراوانەی سونننە‌و وەدەرنانی دامودەزگاكانی حكومەتی مالیكی ‌و خۆدوورگرتن لەشەڕ لەگەڵ هەرێمی كوردستان، تەوەرەی سەرەكی ئەم چاوپێكەوتنەیە لەگەڵ نیاز سەعید عەلی پسپۆر لە بورای ئیسلامی سیاسی‌و تیرۆر. 
 سپی میدیا: بەم دواییانە ناوچە سوننەكانی عێراق هێرشی بەرفراوانی چەكدارەكانی داعشی بەخۆوە دی، ئێستا داعش لەشەڕی گروپی بچوكەوە شێوازەكەی گۆڕیوە بۆ شەڕی بەرەیی‌و زەوی داگیركردن، هۆكەی بۆ چی دەگێریتەوە؟
نیاز سەعید عەلی: سەرەتا ئەمەوێ‌ ئاماژە بەوە بكەم كە بێجگە لە(داعش)، حیزبی بەعس‌و عەشیرەتە سوننەكانی عەرەب ‌و چەندین ڕێكخراوی تری ئیسلامی سیاسی چەكدار، بەشدارییان لەو هێرشە بەرفراوانانەی موسڵ‌و ناوچەكانی تردا كردووە.
ئەتوانین بڵێین بیرۆكەی ئەو هێرش‌و پەلاماردانانە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ناوچە عەرەبییە سوننەكان، بەبەردەوامیی‌و ڕاستەوخۆ، لەدوای ڕووخانی سیستەمی سەدام حسێنەوە سەریهەڵداوەو قۆناغی جیاجیای بڕیوە، بەتایبەتی لەلایەن دوو لایەنی سەرەكییەوە، ئەوانیش لقی ڕێكخراوی قاعیدە لەعێراق‌و حیزبی بەعس. هەروەها ئەتوانین بڵێین هێرشی سەربازیی بەرفراوانی ئەمجارە، پلانی پێشوەختی داڕێژراوی هەبووە، بەڵام جێبەجێكردنەكەی دواخرابوو بۆ هەل‌و كاتی گونجاو، یان بەشێوازێكی تر ئەتوانین بڵێین پەلاماردان‌و كۆنتڕۆڵكردنی ئەو ناوچانە، دواخرابوو بۆ دوای كشانەوەی سوپای ئەمەریكا. بەڵام كاتێك كە شۆڕشی گەلانی سووریا دەستی پێكرد، جارێكی تر ئەو پلانە دواخرایەوە بۆ دوای ڕووخانی سیستەمی بەشار ئەسەد لەسووریا، چونكە لقی ڕێكخراوی قاعیدە كە ئەو كاتە بەناوی دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق كاری ئەكرد، لەكۆتایی ساڵی (2011)دا، هەستا بەدامەزراندنی لقی سووریای ڕێكخراوی قاعیدە بەناوی (بەرەی نووسرە). هەروەها قورسایی‌و زۆرینەی توانا مرۆیی‌و سەربازیی‌و داراییەكانی خۆشی خستە خزمەتی (بەرەی نووسرە)، ئاستی گرنگیپێدانی دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق بەڕەوشی سووریا، گەیشتە ئەوەی كە ئەبوبەكری بەغدادیی ئەمیری موئمینینی دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق، لەنیسانی ساڵی (2013)دا، بڕیاری یەكگرتنی دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق‌و (بەرەی نووسرە) بدا، لەژێرناوی دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق‌و شام كە كورتكراوەكەی بریتییە لە(داعش). 
(داعش)و هاوشانەكانیان، لەهێرشی ئەمجارەدا سوودیان لەچەندین ناكۆكی‌و ململانێی ناو پرۆسەی سیاسی‌و فەرمانڕەوایی عێراق وەرگرتووە، لەنموونەی ناكۆكی‌و ململانێی نێوان هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی عێراق، هەروەها ناكۆكی‌و ململانێی نێوان نوری مالیكی‌و هێزە سیاسییەكانی تر لەسەر پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە. لەلایەكی تریشەوە ناكۆكی‌و ململانێی نێوان نوری مالیكی‌و هێزە سیاسییەكانی تری شیعە، لەسەر خۆكاندیدكردنەوەی مالیكی بۆ جاری سێیەم، هەروەها ناكۆكی نێوان نوری مالیكی‌و مەرجەعییەتی ئایینزای شیعە لەنەجەف. لەلایەكی تریش سوودوەرگرتن لەگرژیی پەیوەندییەكان‌و ناكۆكییەكانی حكومەتی عێراق لەگەڵا توركیاو سعودیەو هەندێ‌ وڵاتی تر. لەهەمانكاتدا قۆستنەوەی ئاستی بەرفراوانی ناڕەزایی‌و بێزاریی‌و ڕقی كۆبووەوەی هاوڵاتیانی عەرەبی سوننەنشین، بۆ كەسبكردن‌و ڕاكێشانی هەست‌و سۆزو لایەنگریی‌و پشتیوانیی‌و سازدان‌و بەشداریپێكردنیان لە ڕزگاركردنی ناوچەكانیان لەپۆلیس‌و سوپای عێراق‌و دەسەڵات‌و هەژموونی حكومەتی نوری مالیكی. هەروەها لەڕووی سەربازییشەوە سوودیان لەخەمساردیی‌و كەمتەرخەمیی سوپای عێراق وەرگرتبوو، بۆ گرتنەوەی شاری فەلوجە، پاش ئەوەی كە نزیكەی چوار مانگ بەسەر كۆنتڕۆڵكردنی شاری فەلوجەدا تێپەڕیبوو لەلایەن (داعش)ەوە، ئەویش پاش تەشەنەسەندنی شەڕ لەنێوان (داعش)و (بەرەی نووسرە) لەلایەك، بەهۆی هەڵوێستی ئەیمەن زەواهیریی ئەمیری گشتی قاعیدە، كە دژی ئەو یەكگرتنەیان‌و ڕاگەیاندنی (داعش) ڕاوەستابووەوەو داوای هەڵوەشانەوەو جیابوونەوەی لێكردبوون‌و سەرەنجام ببووە هۆی هەڵایسانی شەڕ لەنێوانیاندا. لەلایەكی تریش شەڕ لەنێوان (داعش)و (سوپای سووریای ئازاد)، لەهەمانكاتیشدا شەڕ لەنێوان (داعش)و (پەیەدە) لەكوردستانی سووریادا، هەربۆیە (داعش) لەژێر گوشاری ئەو شەڕانەدا، ناچاربوو هێزێكی ئامدیوی عێراق بكا، سەرەتا ئەو هێزە لەسەرەتای ساڵی (2014)دا پەلاماری شاری ڕوومادی داو دواتر بەشەڕكردن كشانەوە، دواتر توانیان پەلاماری شاری فەلوجە بدەن‌و بیخەنە ژێرجڵەوی سەربازیی خۆیان. 
سپی میدیا: ریكخراوی داعش (دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق‌و شام) لەچەند جەبهەی گەورە گەورە شەڕدەكات، ئەو توانا مرۆیی‌و سەربازیی‌و داراییانەی لەكوێ بوو؟ لە عێراقدا ژمارەیان ئێستا بەچەند دەخەمڵێنرێت؟
نیاز سەعید عەلی: ئامارێكی ورد لەئارادا نیە بۆ دیاریكردنی ژمارەی چەكدارەكانی (داعش) لەعێراقدا، ئەوەی هەیە زیاتر خەمڵاندنە، ئەویش بەژمارەو ئاماری جیاجیا، چونكە ژمارەو قەبارەیان بەگوێرەی بارودۆخ‌و ڕووبەری ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیان، ڕوو لەهەڵكشان‌و داكشان ئەبێ‌. ئێستا بەگوێرەی جموجۆڵی سەربازیی‌و كۆنترۆڵكردنی ئەو شار‌و شارۆچكانەی كە كەوتۆتە ژێردەستیان، ئەتواندرێ‌ لەمكاتەدا ژمارەیان بەزیاتر لە (10) هەزار چەكدار لەقەڵەمبدرێ‌، ئەم ژمارەیەش قابیلی زیادبوونە، بەتایبەتی پاش كۆنترۆڵكردنی چەندین شارو شارۆچكەی عەرەبی سوننەنشین، ئەمە لەكاتێكدا ئەگەر هەر كاتێك بیانەوێت بەئاسانی ئەتوانن هێزی تری چەكدار، لەنێوان عێراق‌و سووریادا بگوازنەوە.
(داعش) لەچەند سەرچاوەیەكەوە توانا مرۆیی‌و سەربازیی‌و داراییەكانی خۆی دابین‌و مسۆگەركردووە ، لەسەرەتادا لقی ڕێكخراوی قاعیدە لەعێراق كە بەناوی دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق ناسرابوو، كۆمەكی زۆری لقی سووریای قاعیدەی كرد  كە بەناوی (بەرەی نووسرە) دامەزرا. پاشان (بەرەی نووسرە) وەكو هێزێكی ئۆپۆسیۆنی سووریا لەساڵانی (2012-2013) ، كۆمەكی دارایی‌و سەربازیی زۆری لەتوركیاو قەتەرو سعودیەو هەندێ‌ دەزگای هەواڵگریی وەرگرت. هەروەها لەناو سووریاو لەشەڕەكاندا، دەستیان بەسەر چەندین جبەخانەی سەربازیی سوپای سووریا گرت، لەهەمانكاتدا سنوورەكانی توركیایان بۆ خرابووە سەرپشت، لەدەیان وڵاتی عەرەبی‌و ئیسلامیی‌و جیهانییەوە، هەزاران كۆنە عەرەب ئەفغان‌و ئەندام‌و لایەنگری پارت‌و ڕێكخراوەكانی ئیسلامی سیاسی، لەڕێگەی توركیاوە بەئاسانی چوونە ناو خاكی سووریا‌و پەیوەندییان بەڕیزەكانی (داعش)ەوەكرد، ئەمە سەرەڕای كراوەیی سنوورەكانی عێراق بەڕوویاندا، هەربۆیە ئەگەر سەرنج بدەین، دەرئەكەوێ‌ كە بوون‌و پێگەو بنكەی هێزەكانی (داعش)، تەنها لەناوچەكانی نزیكی سنووری عێراق توركیایە لەناو خاكی سووریادا.
سپی میدیا: هۆی چییە خۆیان كەنارگیر دەگرن لەشەڕی كورد؟ هۆكەی تاكتیكییە؟ یان ستراتیژی، ئەوان شیعە بەدوژمنی خۆیان دەزانن نەك كورد؟
 نیاز سەعید عەلی: ئەگەر (داعش) لەم قۆناغەدا خۆی كەنارگیربكات‌و خۆی بپارێزێت لەشەڕی بەرەیی لەدژی كورد، ئەو خۆ كەنارگیركردنە، خۆ كەنارگیركردنێكی تاكتیكیی‌و كاتییە. بۆ ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان نەكەوێتە شەڕەوە لەدژیان‌و نەبێتە هۆی گۆڕینی هاوسەنگی هێز بەزەرەریان، ئەوان چ وەكو كۆنە قاعیدەو (داعش)ی ئێستا، چ وەكو بوونی ژمارەیەكی زۆری كۆنە بەعسی لەڕیزەكانیاندا، كوردیش بەدوژمنی ستراتیژیی خۆیان ئەزانن‌و هەرگیز باوەڕیان بەسیستەمی فیدڕاڵی‌و حكومەتی هەرێم‌و بوونی هێزی پێشمەرگەو گەڕانەوەی شارو شارۆچكە دابڕێندراوەكانی كوردستان نییە بۆسەر هەرێمی كوردستان. هەروەها لەدیدو ئەدەبیات‌و جیهانبینی (داعش)دا زۆرینەی كورد پابەندنین بەڕێبازی ئایینی ئیسلام، هەروەها سیستەمی فەرمانڕەوایی كوردستان بەسیستەمێكی تاغووتی‌و جاهیلی‌و كافری لەقەڵەمئەدەن‌و بەشایەنی ژێر‌وژووركردنی ئەزانن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە لەناو (داعش)دا، چەندین ئەجێندای تری نهێنی دەزگای هەواڵگریی‌و وڵاتانی تر هەیە‌و تیایاندایە كورد بەدوژمنی خۆی ئەزانێ‌. هەروەها نابێ‌ ئەوەش لەیادبكەین كە(داعش) لەسووریا بەتوندی لەدژی كورد ڕاوەستاوە‌و شەڕی لەدژ بەرپاكردووە. لەكوردستانی عێراقیشدا سڵیان نەكردۆتەو چیان پێكرابێ‌ لەدژی كورد، بێ‌دوودڵی كردوویانە.
سپی میدیا: پێشبینی دەكەیت هێرش بكەنە سەر كوردو هەرێمی كوردستان؟ واتە هەرێم لەبەردەم مەترسیدایە؟
نیاز سەعید عەلی: (داعش) لەڕابردوودا درێغی نەكردوە لەداڕشتنی پلان‌و ئەنجامدانی چەندین كردەوەی تیرۆریستی لەهەرێمی كوردستاندا بەناوچە دابڕێندراوەكانیشەوە، هەزاران هاوڵاتی كوردی بەناڕەوا تیرۆرو شەهیدكردووە، لەناوچە دابڕێندراوەكاندا هەزاران خێزانی دەربەدەركردووە. هەروەها لەڕووی ستراتیژییەوە چاوی لەسەر داگیركردنەوەی ئەو ناوچانەو هەرێمی كوردستانیشە، لەهەمانكاتدا لەناو ڕیزەكانی (داعش)دا ، گرووپی كوردیی عێراقیی هەیە كە چەند مانگێك بەرلەئێستا بەهەڕەشەكردن لەحكومەتی هەرێم‌و پارتە عەلمانییەكان خۆی ڕاگەیاند. هەروەها بەشێكی بەرچاو لەپێكهاتەی (داعش)، لەناو عەرەبی سوننەی عێراقدا بریتین لەپاشماوەی حیزبی بەعس‌و دامودەزگا هەواڵگرییەكانی پێشووی عێراق‌و عەرەبی هاوردەی ناوچە دابڕێندراوەكانی كوردستان.
(داعش) لەم قۆناغەدا هەوڵئەدا خۆی لەناوچە عەرەبییە سوننەنشینەكاندا بەهێز‌و جێگیرو قایم بكا، لەقۆناغی داهاتوودا پلان دائەڕێژێ‌ بۆ ئەوەی لەیەكەم هەنگاودا ناوچە دابڕێندراوەكانی هەرێمی كوردستان داگیربكاتەوە. پاشان پەلاماری شار‌و شارۆچكەكانی تری هەرێمی كوردستان بدا، ئەگەر ئەو پەلاماردانانەشی بۆ نەچێتەسەر، بەهۆی نزیكییەوە لەشاری زاخۆ، هەوڵئەدا هەڕەشە دروستبكا لەسەر گواستنەوەی نەوتی كوردستان بۆ توركیاو دەروازەی نێودەوڵەتی برایم خەلیل.
سپی میدیا: ئایندەی عێراق لەبەر رۆشنایی گەورەبوونی ئەم چەكدارانە چۆن دەبینیتەوە ئایا وەك سوریای لێنایەت، كە دەست بەسەر زۆر شوێنی عێراقدا بگرن؟
 نیاز سەعید عەلی: ئەو پلانەی كە(داعش) بۆ ناوچە عەرەبییە سوننەنشینەكان دایڕشتوە‌و ئێستا هەنگاو بۆ جێبەجێكردنی ئەنێ‌، ئەگەر سەربگرێ‌ ئەوا ئەزموونێكی تری سووریا، لەعێراق بەهەندێ‌ جیاوازییەوە، دووبارە ئەبێتەوە بەتایبەتی پاش كۆنترڵكردنی شاری موسڵا‌و دەستكەوتنی چەك‌و تەقەمەنی‌و كەلوپەلی سەربازیی زۆری بەجێماوی پۆلیس‌و سوپای عێراق .
كۆنترۆڵكردنی شار‌و ناوچە عەرەبییە سوننەنشینەكان لەلایەن (داعش)ەوە، بەخراپی كاریگەریی دروست ئەكا لەسەر پرۆسەی سیاسی عێراق‌و ئەبێتە هۆی ئاڵۆزبوونی پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌‌و سەپاندنی باری نائاسایی‌و حوكمی سەربازیی‌و هەڵگیرسانی شەڕی نەتەوەیی‌و ئاینی‌و ئایینزایی لەعێراقدا، بەتایبەتی كە (داعش) لەسووریادا، بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵا ئایین‌و ئایینزا‌و نەتەوە جیاوازەكانی تری غەیری عەرەب‌و ئیسلام‌و ئایینزای سوننەدا كردووە.
تەشەنەسەندنی دەسەڵات‌و قەڵەمڕەویی (داعش)و باسك ئەستووربوونی لەعێراق‌و بەهێزبوونی قەوارە میلیشاییەكەی مەترسی‌و دەرهاویشتەی خراپ‌و نەخوازراو، لەسەر ڕەوشی ئاسایش‌و سەقامگیریی وڵاتانی دەوروبەری عێراقیش دروست ئەكا. لەلایەكی تریش ئەبێتە هەڕەشە لەسەر بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی تووركیا‌و ئەمەریكا‌و ئێران. هەروەها تەشەنەسەندنی دۆخی شەڕو بەرەوپێشچوونی زیاتری (داعش)و هاوشانەكانی لەبەعسییەكان‌و ئەوانی تر، ئەبێتە هەڕەشەو مەترسی گەورە لەسەر دەسەڵاتی شیعە لەعێراقدا، چونكە ئامانجی ستراتیژیی (داعش)و بەعسییەكان، بریتییەلە ڕووخانی حكومەتی نوری مالیكی‌و دوورخستنەوەی شیعە لەپرۆسەی فەرمانڕەوایی عێراق، دەوڵەتی ئێران‌و حیزبوڵڵای لوبنان‌و شیعەكانی تر لەجیهانی ئیسلامیدا، لەهەڵوێستوەرگرتن‌و لەكاردانەوەدا، بەهەموو تواناو هێزیانەوە، بەرگری لەمانەوەی شیعە، لەسیستەمی فەرمانڕەوایی عێراقدا ئەكەن، وەك چۆن تاكو ئێستا بەئاشكراو بەشانازییەوە بەهەموو توانایانەوە بەرگرییان لەمانەوەی بەشار ئەسەد كردووە، كار گەیشتۆتە ئەوەی كە ڕاستەوخۆ لەبەرەكانی شەڕدا شەڕیشی بۆ ئەكەن، لەدژی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریاو بوونەتە فاكتەرێكی سەرەكی مانەوەی بەشار ئەسەد لەسیستەمی فەرمانڕەواییدا.
سپی میدیا: ئایا داعش رێكخراوێكی تەبا‌و یەكگرتوو ‌و تۆكمە‌و خاوەنی یەك دیدو تێڕوانینە؟ ئایا دەستی دەزگا سیخوڕییەكانی وڵاتانی دراوسێیان تیایە؟ 
نیاز سەعید عەلی: ئەتوانین بڵێین ئەو كێكەی كە(داعش)و هاوشانەكانی لەم قۆناغەدا وەكو سەركەوتنێك بەدەستی ئەهێنن، لەسەرەنجامدا پشكی بەرلایەنی تریش ئەكەوێ‌‌و بەش بەش ئەكرێ‌، چونكە لەلایەك لەناو (داعش)دا، بەهۆی دزەكردنی چەندین دەزگای هەواڵگرییەوە، چەندین ئەجێندای شاردراوەی تر هەیە‌و (داعش)یان كردۆتە دەمامك، بۆ كاركردن لەپێناوی هێنانەدی چەند ئامانجێك، یان بۆ یەكلاییكردنەوەی ناكۆكی‌و لێدانی بەرژەوەندی ڕكابەرو نەیارەكان، یان بۆ دروستكردنی گوشارو فشار، یان بۆ ناردنی پەیام بەناڕاستەوخۆیی. لەلایەكی تریش چەندین لایەنی تر خۆیان داناوە، پشكی گەورە لە كێكی سەركەوتنەكەی (داعش)و هاوشانەكانی بۆ خۆیان ببەن، هەربۆیە لەهەوڵی قۆستنەوەی ئەو ڕەوشە تازەیە ئەبن‌و ئەیانەوێ‌ بەرنامەی كاری لەسەر هەڵبچنن‌و سوودی لێوەربگرن‌و بیخەنە خزمەتی بەرژەوەندییەكانی خۆیانەوە. بۆچوونی تریش هەیە كە پێیوایە ئەمە سیناریۆیە‌و ئەركی نواندنەكەی كەوتۆتە سەرشانی (داعش) .
ئەتوانین بڵێین دەزگا هەواڵگرییەكان‌و هەندێ‌ ناوەندو لایەنی تر، لەعێراق‌و لەدەرەوەی عێراق، توانیوویانە سوود لەپێكهاتەی نائۆرگانیكی‌و ناتۆكمەیی‌و نادامەزراوەیی (داعش) وەربگرن‌و خۆیان بخزێننە ناو ڕیزەكانیان‌و ئەجێندا تایبەت‌و نهێنییەكانی خۆیانی تیا جێبەجێبكەن. بەتایبەتی كە (داعش) تەنها بەهۆی فاكتەری ئایدیۆلۆژییەوە هەزاران كەس لەدەیان وڵاتەوە پەیوەندییان پێوەكردوەو لەسەر بنەمای بڕوابوون بە ئایدیۆلۆژیای (داعش) كە بریتییە لە ڕێبازی سەلەفیی  جیهادیی، متمانەی تەواویان پێكراوەو پلەو پۆستی گرنگ‌و هەستیاریان پێبەخشراوە. لەمڕوەوە دەزگا هەواڵگرییەكان توانیوویانە خەڵكی پەروەردەكراوو مەشقپێكراوی خۆیان بەناوی موجاهیدی ئیسلامییەوە، بنێرنە ناو (داعش)، لەهەمانكاتدا دەزگا هەواڵگرییەكان سوودیان لەسیستەمی كاركردنی (داعش) وەرگرتووە، كە چەندین كەلێن‌و خاڵی لاوازیی تیایە، لەنموونەی نەبوونی سەركردایەتییەكی مەركەزیی باڵادەست‌و نەبوونی یەكێتی هەڵوێست‌و بڕیارو كار، هەروەها بوونی دەسەڵاتی زۆر‌و ڕەها لای فەرماندە سەربازییەكان‌و ئەمیرەكان، شانبەشانی بوونی ناكۆكی فیقهی‌و ئیجتیهادی جیاواز. 







PM:08:10:25/06/2014