موراد قەرەیلان: ئێمە هێرشمان نەکردۆتە سەر پێشمەرگە

موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە، ڕایدەگەیەنێت " لە كاتێكدا هێرشێكی فراوان دەكرێتە سەرمان، چۆن هێرش دەكەینە سەر پێشمەرگە”

موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە، لە چاوپێکەوتنێکی درێژی بەرنامەیەكی تایبەتی ( ستێرك تی ڤی)، لەبارەی ڕووداوەکانی مەتینا و ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن، کە گەریلاکان هێرشیان کردبێتە سەر پێشمەرگە، ڕایگەیاند " لە کاتێکدا هێرشی بەرفراوان دەکرێتە سەرمان، چۆن هێرش دەکەینە سەر پێشمەرگە” ‌و وتیشی: "هەر کەسێک عەقڵی هەبێت، دەزانێت لە شەڕی مان و نەماندا، كەس بەرەی دووەمی شەڕ بۆ خۆی ناکاتەوە”.

قەرەیلان جەختی كردەوە لەوەی: "ئامانجی دەوڵەتی تورك ئەوەیە، سەرەتا پەکەکە و پاشان هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کورد لەناو ببەن، نەک تەنیا لە سنووری تورکیا، بەڵكو دەیانەوێت هەموو دەستکەوتەکانی کورد لە ناوچەکەدا، لەناو ببەن”.

موراد قەرەیڵان داوای لە پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی تری باشوری کوردستان کرد کە هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر لەشکرکێشی تورکیا.

ئاماژەی بەوەیش كرد: "ڕێبەر ئاپۆ لە ساڵی ٢٠١٣ دا ئاگربەستی ڕاگەیاند و ئەم ئاگربەستە دوو ساڵ و نیوی خایاند، دەوڵەتی تورک ئەوەی بینی کە ئەمە گەلی کوردی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێز کرد و کورد بەرەو ئەوە دەبات کە ببنە هێز لە ناوچەکەدا، بۆیە ئەردۆغان ئەمەی قبوڵ نەكرد و ڕێککەوتنی كرد لەگەڵ نەژادپەرستترین لایەنەکان لە دژی كورد”.





PM:10:34:10/06/2021