ناوه‌ڕۆكی كۆبونه‌وه‌ی نێوان سەرۆکی هەرێم و جێنشینی ئه‌بوزه‌بی بڵاوكرایه‌وه‌

دوای سەردانەکەی سەرۆكی هەرێم بۆ ئیمارات ئەمڕۆ كۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و جێنشینی ئەبوزەبی دەستی پێكرد، گفتوگۆ لەبارەی پرسی سیاسی و دۆخی هەرێم و بەغدا و پەیوەندییەكانی هەردوولا تاوتوێ کرا.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا له‌نێوان نێچیرڤان بارزانی و شێخ محه‌مه‌د بن زاید ئال نهیان كه‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ به‌ ئاماده‌بونی باڵیۆزی عێراق له‌ ئه‌بوزه‌بی به‌ڕێوه‌چو، هه‌ردولا په‌یوه‌ندییه‌كانی ئیمارات له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، پرۆسه‌ی سیاسی و هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوی عێراق، هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كانی تیرۆر و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش، دۆخی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی، گرنگیی هاریكاری و هه‌ماهه‌نگیی هه‌مه‌لایه‌نه‌ بۆ پاراستنی ئارامی و سه‌قامگیری له‌ ناوچه‌كه‌ و چه‌ند پرسێكی جێی بایه‌خی هاوبه‌شیان تاوتوێكرد.

نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی له‌ ئیمارات كرد بۆ هه‌ڵبژاردن و به‌ئه‌ندامبونی له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ماوه‌ی 2022 ـ 2023 كه‌ به‌ڵگه‌ی متمانه‌ی جیهانه‌ به‌ سیاسه‌ت و پێگه‌ و ڕۆڵی گرنگی ئیمارات، هه‌روه‌ها ئاستی به‌رزی دیپلۆماسی و په‌یوه‌ندییه‌كان و كاریگه‌ریی ئیمارات له‌ڕوی هاریكاری و په‌ره‌پێدان له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی، نیشان ده‌دات.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئیماراتی كرد بۆ یارمه‌تییه‌ مرۆیییه‌كانی، به‌تایبه‌تیش دوایین یارمه‌تییان به‌ ناوی ده‌ستپێشخه‌ریی خاتو شێخه‌ فاتیمه‌ بنت موباره‌ك كه‌ تیایدا هه‌زاران دۆزی ڤاكسینی دژه‌كۆرۆنای پێشكه‌ش به‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد، هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانینی بۆ ڕۆڵی مانگی سوری ئیماراتی و كونسوڵی گشتیی ئیمارات له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی.

نێچیرڤان بارزانی دوپاتیكرده‌وه‌، هه‌رێمی كوردستان به‌ زه‌مینه‌ی له‌باری بۆ وه‌به‌رهێنان، ئاماده‌یه‌ هه‌مو ئاسانكارییه‌ك پێشكه‌ش به‌ وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزاریی ئیماراتی له‌ هه‌مو كه‌رت و بواره‌كاندا بكات و پێشوازی له‌ كۆمپانیا ئیماراتییه‌كان و كاره‌ و پرۆژه‌كانیان ده‌كات. 

له‌باره‌ی دۆخی ناوچه‌كه‌وه‌، هه‌ردولا هاوڕا بون كه‌ هاوبه‌شی هاریكاریی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ بۆ پاراستنی ئارامی و سه‌قامگیری و نه‌هێشتنی مه‌ترسییه‌كانی تیرۆر و توندڕه‌وی و بره‌ودان به‌ بواره‌كانی په‌ره‌پێدان له‌ هه‌مو كه‌رته‌كاندن پێویسته‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش‌ ئاماده‌یی و ڕۆڵی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و ئیماراتیان له‌گه‌ل وڵاتانی ناوچه‌كه‌ به‌ گرنگزانی. 


PM:06:59:12/06/2021