ئێوارەی ئەمڕۆ چەند کەسێکی دیکە کە دەیانویست بۆ گفتوگۆی ئاشتی وەک شاندێک بچنە هەولێر لە فڕۆکەخانەی هەولێر دەستبەسەر کران.
لەم بارەیەوە، دەمیر چەلیک سەرۆکی پێشووی پارتی ئاشتی و دیموکراسی (بەدەپە) لە لێدوانێکدا بە میدیای نزیک لە پەکەکەی ڕایگەیاند" کە ئەوان وەک شاندێک هاتوون بۆ باشووری کوردستان و ویستیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکاندا چاوپێکەوتن بکەن، بەڵام ئاستەنگیان بۆ دروستکراو وتی، کاتێک گەیشتینە فڕۆکەخانەی هەولێر پشکنین بۆ پاسپۆرتەکانمان کرا و بردیانینە لێکۆڵینەوە پێیان وتین، بە نیازپاکی نەهاتوونەتە ئێرە ئێمە ڕێگەتان پێنادەین بچنە هەولێر و شارەکانی دیکەی باشووری کوردستان، دوای لێکۆڵینەوە ١٢ کەسیان گەڕاندەوە، بەڵام ئێمە پێنج کەسی کوردمان لێرە ماینەوە.
دەمیر چەلیک ئاشکرایکرد، کە چەند کەسێکیان بە ناوەکانی ڕابیعە بالدەمیر، موتلو تاتار، جەمال دەمیر و عەلی یڵدز-یش دەستبەسەر کران.
وتیشی" دوێنێش دوو چالاکوانی ئیتاڵیش خۆیان گەیاندوەتە فڕۆکەخانەی هەولێر بەڵام دەستبەسەریان کردوون".
دەمیر چەلیک ڕایگەیاند، کە بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەیانەوێت بیانگەڕێننەوە و وتی" من باوەڕم وایە ئێستا فڕۆکە نییە، بۆیە دەیانەوێت ڕۆژی سێشەممە (15ی حوزەیران)بە فڕۆکە بماننێرنەوە".
چەلیک ڕاشیگەیاند" شەڕ کردن بۆ کورد و کوردستان کارەساتێکی گەورەیە و ئێمە ویستمان بۆ ئاشتی ڕۆڵێک بگێڕین، بۆیە ئێمە بانگی هەموو لایەنەکان دەکەین کە لەسەر ئەم دۆخەی ئێستا چالاکی بکەن ئەگەر ئەمڕۆ نەبێت، ئەوە بۆ کورد دەبێتە بەڵا".