ساختەکاریی کرا؟
لەهەڵبژاردنی سلێمانیدا چی روویدا؟

هەڵئاوسانی دەنگەکانی لایەنێکی سیاسی دیاریکراو بەڕێژەیەکی بەرچاو لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا بەرامبەر دەنگی لایەنەکانی تر، جێگای پرسیارو گومانێکی زۆرەو تا ئێستاو چەندین ساڵی تریش ئەو پرسیارە دەکرێـت، ئایا ئەم هەڵبژاردنە پاکو بێگەردبوو؟ یان پڕبوو لە پێشێلکارییو تەزویرو ساختەکاریی؟

گۆڤاری سپی میدیا لە رێگای هەندێک داتاو بەڵگەوە کۆمەڵێک زانیارییو دۆکۆمێنت لەسەر کۆی پرۆسەکە ئاشکرا دەکات.
دوو رۆژ پێش هەڵبژاردن لە ئۆفیسی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە سلێمانی چی روویدا؟

دوو رۆژ بەر  لەهەڵبژاردنی گشتی ٣٠ی  نیسان، کۆمسیۆنی سلێمانی بۆ کاری وەرگرتنو داگرتنی 3 هەزارو 256 سندوقی دەنگدانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی 15 پارێزەریان وەرگرت بەرامبەر ٧٥٠ هەزار دینار.

لەسەر وەرگرتنی ئەو 15 کەسە کۆمەڵێک پرسیار رووبەڕووی کۆمسیۆن دەبێتەوە، بۆچی ئەو 15 کەسە هاتن بۆ چاوپێکەوتنەکەو کەسی تر بانگ نەکراو نەهات بۆ چاوپێکەوتن؟ لەکاتێکدا چەندین هێندەی ئەو ژمارەیە خەڵکی یەدەگ هەبووەو پێشتر چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کراوە؟ لەسەرو هەموو ئەمانەشەوە بۆچی لەلایەن لیژنەی تایبەتمەندەوە چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو 15 کەسە نەکراوەو تەنها کەسێک چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵدا کردوون کە بەهیچ جۆرێک ئەندامی لیژنەی چاوپێکەوتنی کارمەندانی وەرگرتنی سندوقو ئەنجامەکان نەبووە؟ دانانی ئەو 15 کەسە یەکێکە لە گرێ کوێرەکانو سەرەتای کێشەکەیە.

فۆرمی 901 و902 کێشەی دووەم
ئەم دوو فۆرمە، فۆرمی 901 زانیاریی وێستەگەکانی لەسەر تۆمار دەکرێت، 902ش راستەوخۆ دوای تەواوبوونی هەڵبژاردن لە وێستگەکاندا بەئاگاداری نوێنەری قەوارە سیاسییەکان ئەنجامی هەڵبژاردنی وێستگەکەی لەسەر تۆمار دەکرێت.

بەپێی بڕیاری کۆمسیۆنی باڵا لەبەغدا، ئەم دوو فۆرمەی ئەنجامی هەڵبژاردنی هەموو وێستەگەکانی پارێزگاکانی هەرێم دەبێت دوای هەڵبژاردن بخرێنە (کیسێکی ئامنەوە) کە لەزگەیەو ناکرێت هەڵوەشێنرێتەوەو لەماوەی یەک دوو رۆژدا بنێردرێت بۆ ئۆفیسی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لەبەغدا، کە ئەوان تاکە لایەنی رێگاپێدراون ئەو کیسانە بدڕێننو ئەنجامەکان داخڵ بکەن.

ئۆفیسی سلێمانی بەبیانوی ئەوەی ئەو فۆرمانە تێکەڵ بوو بە فۆرمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، فۆرمی 200 وێستگەی پارێزگاکان بەپچڕ پچڕ نێردرانو لەوادەی دیایکراوی خۆیدا نەنێردران.

بەپێی هەندێک دۆکۆمێنێتو زانیاریی کەدەست سپی میدیا کەوتووە ئەگەر سەرەتای گومان لە دانانی ئەو 15 کەسەوە دەستیپێکردبێت، ئەوا بەشی دووەمی گەمەکە لە نەناردنی فۆرمی 901و فۆرمی902 ئەنجامی هەڵبژاردنی پارێزگاکان بوو لەوادەی خۆیداو ناردنی بە پچڕ پچڕ.

پرسیارەکە لێرەدایە بۆچی کۆمسیۆنی سلێمانی توانی بەبێ هیچ کەموکوڕییەک فۆرمەکانی 801و 802ی تەسلیم کردن، ئەگەر هەر دانەیەکیشی کەم بوایە لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا بۆیان ئامادە دەکرا، بەڵام ئەو نهێنییە چی بوو کە ئەم ئۆفیسەی وا لێکرد نەتوانێت یەک نوسخە لە 4 نوسخەی فۆرمی 901و 902ی پێ پەیدا نەکرێت، یاخود بەجۆرێکی تر بڵێین وانیشانی بدات پێی پەیدا ناکرێت؟ لەکاتێکدا بەپێی ئەو زانیارییەی دەستی سپی میدیا کەتووە هەر لەچەند رۆژی یەکەمی کۆکردنەوەی فۆرمەکاندا زیاتر لە 8٠%ی فۆرمەکان سکان کراون.

لێرەوە بەپێی هەندێک زانیاریی کە دەست سپی کەوتووەو پشت ئەستورە بەدۆکۆمێنت، زیاتر لە 100 فۆرم دەستکاریکراون (هەندێکیان بەوێنە بڵاودەکەینەوە). ئەمە لەکاتێکدا کە فۆرمی 901و فۆرمی 902 بەپێی سیستەمی کۆمسیۆن زۆر زەحمەتە جارێکی تر پڕبکرێتە، ئەو دوو فۆرمە بەپێی رێنوماییەکانی کۆمسیۆن تەنها تەنهاو لەم دوو حاڵەتەدا فۆرمێکی تر بۆ سندوقێک پڕ دەکرێتەوە:

1- کاتێ سکاڵا لەسەر ئەنجامی ئەوسندوقە هەبێت: ئەمەش تەنها کاتێک دەبێت کە نوسینگەی نیشتیمانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لەبەغدا راسپاردە بنێرێتو داوا بکات سندوقێکی دیاریکراو بکرێتەوە.

2- یاخود لەکاتی داخڵکردنی ئەنجامەکان لە سەنتەری داخڵکردنی داتاکان فۆرمەکە کێشەی هەڵەو کەموکوڕی تێدابێت.
لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە لەهەریەک لەو حاڵەتەی سەرەوەشدا پێویستە نوێنەری تەواوی قەوارە رامیارییەکان ئاگادار بکرێنەوەو ئامادەی کردنەوەی ئەو سندوقانە بن، بەڵام ئەمە روویدنەداوە، کەواتە پێویستە ئەو پرسیارە لەبەڕێوەبەری گشتی ئۆفیسی سلێمانی بکەینو لێیی بپرسین: بێزەحمەت ئەم فۆرمانەتان چۆن پڕکردەوە؟ بە بڕیاری کێ پڕتان کردەوە؟ بەئامادەبوونی کێ پڕتان کردەوە؟ لەسەر کام لەو دوو بنەمایەی سەرەوە پڕتان کردەوە؟

لەهەڵگورد عارف چی روویدا؟
بەپێی ئەو رێنماییانەی کە کۆمسیۆن دەریکردوون دەبوایە دوای تەواوبوونی ئەرکی هۆڵەکانی ژماردنو جیاکردنەوەی دەنگەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کارمەندەکانی بەشی راهێنان ببرانایە بۆ یارمەتیدانی ئەو تیمانەی لە هۆڵی هەڵگورد عارف کە سەرقاڵی جیاکردنەوەی دەنگدانی تایبەت بوون، بەڵام بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی لەمەشدا بە پێچەوانەوە کاری کردو نەک هەر ئەوانەی نەهێنا، بەڵکو بەئارەزووی خۆی دەستیکرد بەهەڵبژاردنی کۆمەڵێک بەڕێوەبەرو هەموویانی نارد بۆ هۆڵەکە، تەنانەت دوای ئەوەی لەناو شاری سلێمانیدا کەسی تری لەوانەی دەستنەکەوت پەنای بردە دەرەوەی شاری سلێمانیو لەقەزاو ناحیەکانەوە کەسانی تری هێناو کاروباری هۆڵی هەڵگورد عارفی پێ بەڕێوەبردن.
 
تێبینی:
- ئەمە مشتێکی کەمە لەخەراورێک کە گۆڤاری سپی میدیا چەندین دۆکۆمێنتی تری لایە لەسەر ئەو پێشێلکارییانە بەناوی کەسەکانیشەوە.

- کاری ساختەکردن بۆ لیستێک، تەنها زیادکردنی دەنگی لیستێک نییە، بەڵکو کەمکردنەوەی دەنگی لیستەکانی تریشو بەرزبوونەوەی بەهای کورسییەکە.

تێبینی:
ئەم راپۆرتە لە ژمارە ١٥ی گۆڤاری سپی میدیا 16ی حوزەیران بڵاوکراوەتەوە


PM:03:24:30/06/2014