ژمارەیەک کۆچبەر چاوەڕێن لە بێلاڕوسیاوە بگەڕێنەوە بۆ عێراق

ئەنجومەنی ئاسایشی بیلاروسیا بڵاویکردەوە،٢٠٠ کۆچبەری عێراقی لە چاوەڕوانیدان بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان.

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە٢٥ی تشرینی دووەم،  ئەلێکسەندەر ڤۆڵڤۆفیچ سکرتێری دەوڵەت بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی بیلاروسیا بە ئاژانسی فەرمی بیلتای وڵاتەکەی راگەیاند  "بەداخەوە  یەکێتی ئەوروپا ھیچ ھەنگاوێکی کرداری نەنا بەرامبەر کۆچبەران".

 

وتیشی "بەگوێرەی ئەو رێوشوێنانەی بڕیارە بگیرێنەبەر بۆ گەڕاندنەوەی ئەو کۆچبەرانەی بە شێوەیەکی ئارەزومەندانە بەنیازن بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان بەچەند ھۆکارێک لە فڕۆکەخانەی مینسکی نێودەوڵەتی گیریان خواردووە و لە چاوەڕوانیدان، ھێشتا فڕۆکە عێراقییەکە نەگەیشتووە و ٢٠٠ کۆچبەر لە چاوەڕوانی گەیشتنی فڕۆکەدان تا بەگەڕێنەوە عێراق".

ئەلێکسەندەر ڤۆڵڤۆفیچ ، روونیکردەوە، بیلاروسیا بەرپرس نییە لە دروستکردنی کێشەی کۆچبەران، بەڵکو پێویستە لەبنەڕەت و ھۆکاری سەرھەڵدانی کێشەکە بکۆڵنەوە کەبریتییە لە رەفتای ئەوروپا لەگەڵ وڵاتانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست.

ئەمەدوای ئەوە دێت ماوەیەکە قەیرانی کۆچبەران لەسەر سنوری نێوان بیلاروسیا و پۆڵەندا دروستبووە و بە وھۆیەوە پۆڵەندا ژمارەی سەربازەکانی لەسەر سنور زیاتر کردووە،  بەرپرسانی پۆڵەنداش سەرۆکی بیلاڕوسیا تۆمەتبار دەکات بە بەکارهێنانی کۆچبەران وەک تۆڵەکردنەوە لەیەکێتییەکەیان.



PM:02:53:25/11/2021