سبەینێ بە دەنگدانی نهێنی سەرۆک کۆماری عێراق هەڵدەبژێردرێت

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند سبەینێ بە دەنگدانی نهێنی پەرلەمانی عێراق سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێرێت.

سەلیم جبوری، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بەزوترین کات پڕۆژە یاسای بودجە بۆ ساڵی (2014)ی عێراق پەسەند دەکەین، چونکە خەڵکی عێراق چاوەڕوانی بڕیاردانە لەسەر بودجەی وڵات.

سەبارەت بەپۆستی سەرۆک کۆماریش، جبوری دەڵێت "تا ئێستا (100) کەس خۆی بۆ ئەو پۆستە کاندید کردوە، بەڵام رێگری دەکەین لەو کەسانەی کە خۆیان کاندید کردوەو مەرجەکانی سەرۆک کۆماری نایانگرێتەوە".

لەبارەی چۆنێتی دەنگدان و بەڕێوەچونی پرۆسەکە، وتی "دەنگدان لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار بەشێوازێکی نهێنی دەبێت و هەر ئەندامێکی پەرلەمان ئازادە دەنگ بە چ کاندیدێک دەدات" وتیشی "دوای تەواوبونی کاتی خۆپاڵاوتن بۆ ئەو پۆستە، هیچ سیڤیەکی ترمان وەرنەگرتوەو سبەینێ لە پەرلەمان سەرۆک کۆمار هەڵدەبژێردرێت".

سەرۆکی پەرلەمان ئەوەشی خستەڕو: نایشارینەوە وڵاتەکەمان بە رەوشێکی سەختدا تێدەپەڕێت، بەڵام رێکخستنەوەی پرۆسەی سیاسی ئەولەویەتی کارەکانمان دەبێت و پرۆسەی سیاسی لە عێراق راست دەکەینەوە.



PM:01:46:22/07/2014