باری مانه‌رس هاوڵاتیه‌کی به‌ریتانی له شارۆچکه‌ی (فۆلکستۆنFOLKESTONE-) ده‌ژی له ده‌ڤه‌ری (كێنتKENT-) له ناوه‌ڕاستی ساڵی 1990 ڕووداوێک ڕووده‌دات (باری) به‌ناچاری ده‌که‌وێته (عێراق)ه‌وه بۆ چه‌ند مانگێك ده‌مێنێته‌وه له باشووره‌وه هه‌تا باکوور ده‌بینێت، دوای 21 ساڵ (باری) بۆ جاری دووه‌م دیسانه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ عێراق زۆربه‌ی شوێنه‌کان و به‌شێک له‌و که‌سانه ده‌بینێته‌وه که پێش 21 ساڵ له‌گه‌ڵیاندا بووه، له به‌رنامه‌ی دایه بۆ جاری سێیه‌م سه‌ردانی کوردستان بکات. ده‌بێ هۆکاری ئه‌م دوو سه‌فه‌ری باری چی بێت! له‌سه‌ردانێکیدا بۆ ژووره‌که‌م به‌ده‌م قاوه خواردنه‌وه باسی سه‌فه‌ره‌که‌ی کرد وا ڕێکه‌وتین پرسیاره‌کانم بۆ نارد ئه‌ویش وه‌ڵامه‌کانی بۆ ناردمه‌وه.
ئاماده‌کردنی: قادر عبدالصمد
پرسیار: ئه‌م سه‌فه‌ر چۆن بوو یان بڵێن مه‌به‌ست له‌و سه‌فه‌ره‌ت چی بوو بۆ عێراق؟
وه‌ڵام:
من مه‌به‌ستم نه‌بوو بچم بۆ عێراق، وڵاتێکی وه‌ک عێراق له خه‌یاڵمدا نه‌بوو، من له سه‌فه‌رێکدا بووم له گه‌شتی ژماره(ب.ا.149)ی هێڵی فڕۆکه‌وانی به‌ریتانی له له‌نده‌نه‌وه بۆ کوالالهمپور به هاوه‌ڵی هاوڕێیه‌کم دووچاری نه‌خۆشیه‌ک بوو که چاره‌سه‌رکردن سوودی نه‌مابوو ڕۆژه‌کانی ته‌مه‌نی به‌ره‌و کۆتایی ده‌چوو، ده‌یویست بۆ دواجار دایک و باوکی ببینێت له مالیزیا.
ستافی فڕۆکه‌که پێیان ڕاگه‌یاندین به‌پێی ئه‌و خشته‌یه‌ی که دانراوه بۆ وه‌رگرتنی سووته‌مه‌نی پێویست ده‌بێت له فڕۆکه‌خانه‌ی ده‌وڵه‌تی کوێت بنیشینه‌وه ئه‌م هه‌واڵه بۆ ئێمه سه‌یر بوو چونکه گه‌شته‌که‌مان ڕاسته‌وخۆ بوو له ڕۆژی (2-8-1990) به‌چه‌ند کاتژمێرێک به‌ر له گه‌شته‌که‌مان ئه‌م گۆڕانکاریه ڕوویداو به ئێمه‌یان ڕاگه‌یاند.
ئه‌و کاته‌ی که فڕۆکه‌که‌مان له فڕۆکه‌خانه‌ی کوێت نیشته‌وه چه‌ند کاتژمێریك تێپه‌ڕی بوو به‌سه‌ر داگیرکردنی کوێت له لایه‌ن سوپای عێراقیه‌وه. زۆربه‌ی هێڵه ئاسمانیه‌کان ڕووی گه‌شته‌کانیان گۆڕی بوو، ئه‌وه‌ی که به‌لامانه‌وه سه‌یر و جێ پرسیار بوو بۆ ته‌نها ئه‌و فڕۆکه‌یه‌ی ئێمه له‌وێ نیشته‌وه، ڕۆژنامه‌نووسی نیوزله‌ندی( ستیڤن دایڤیس) به دواداچوونی بۆ کرد گه‌یشته ئه‌و ڕاستیه‌ی که له گه‌شته‌که‌ی ئێمه و له‌ناو فڕۆکه‌که‌دا چه‌ند پله‌داری سه‌ربازی و هه‌واڵگری به‌ریتانی تیادابووه که له شێوه‌ی گه‌ڕیده و گه‌شتیاردا بۆ کاری نهێنی ده‌بوو هه‌ر ئه‌و ڕۆژه به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت بگه‌نه کوێت ئه‌مه‌ش هۆی وه‌ستانی ئێمه بوو له فڕۆکه‌خانه‌ی کوێت نه‌ک بۆ وه‌رگرتنی سووته‌مه‌نی.
دوای چه‌ند کاتژمێرێك له چاوه‌ڕوانی فڕۆکه‌خانه‌که بۆردومان کار له‌لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه سه‌رجه‌م سه‌رنشینه‌کانیان برده ئه‌و پهناگهیانهی که له‌ژێر پێپلیکهنهکانی فڕۆکهخانهکدا بوو.
پرسیار: چۆن ئێوه که‌وتنه ده‌ست سوپای عێراق؟
وه‌ڵام:
پاش ماوه‌یه‌ک بۆردومانه‌که وه‌ستا ستافی فڕۆکه‌خانه‌که ئێمه‌یان گواسته‌وه بۆ ئوتێلێک هه‌ر له‌ناو فڕۆکهخانهکدا بوو که به ژماره‌یه‌کی زۆر له سه‌رباز و تانک و ده‌بابه دووره‌ی درابوو له‌وێدا ئێمه که‌وتینه ده‌ست سوپای عێراق. بۆ ماوه‌ی دوو ڕۆژ ده‌ستبه‌سه‌ر ماینه‌وه ئیدی عێراقیه‌کان بۆیان ده‌رکه‌وت که ئێمه‌یان بۆچ مه‌به‌ستێک ده‌وێت.
سه‌رجه‌م که‌سه بیانی و ڕۆژئاوایه‌کان له چه‌ند ئوتێلێکی ناو سه‌نته‌ردا کۆکرانه‌وه، ئێمه‌یان برده ئوتێلی (س.ا.س) له‌وێ ژوورێکمان وه‌رگرت بۆ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ک پاشان له‌لایه‌ن ستافی فڕۆکه‌وانی به‌ریتانی من و هاوڕێکه‌میان گواسته‌وه بۆ کابینه‌کی ئه‌رزی له‌ترسی ئه‌و نهخۆشیهیهی که براده‌ره‌که‌م هه‌یبوو. ئیدی ئه‌و ئوتێله بووه مه‌ڵبه‌ندی کۆکردنه‌وه‌ی بیانیه‌کان له‌هه‌ر شوێنێک بیانیهکیان بدۆزیایه‌ته‌وه ده‌یانهێنا بۆ ئێڕه و لێره‌دا کۆده‌کرانه‌وه.
هاوڕێ نه‌خۆشه‌که‌م توانی پاسپۆرتێك یان به‌ڵگه‌ی سه‌فه‌ری ساخته‌ی له یه‌کێک له باڵوێزخانه‌کان ده‌ست بکه‌وێت له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک کرێکاری بیانی و چه‌ند سه‌رنشینێکی فڕۆکه‌که و ئه‌و که‌سانه‌ی که به هه‌ر هۆیه‌ک بێت ڕێگایان پێدان سه‌فه‌ر بکه‌ن به پاس (کوێت)یان به‌جێهێشت.
پرسیار: دوای ئه‌وه‌ی که‌وتنه ده‌ست سوپای عیراق بۆ کوێ‌یان بردن؟
وه‌ڵام:
ئه‌وانه‌ی مابووینه‌وه هاوڵاتی (به‌ریتانی، ئه‌مریکی، ئه‌ڵمانی، فه‌ره‌نسی،...هتد) هه‌موومانیان کرده پاسێکه‌وه به‌چاودێری هێزێکی سه‌ربازی به‌ره‌و به‌غداد به‌ڕێیان کردین، له به‌غداد بۆ یه‌ك دوو ڕۆژ له ئۆتێل ماینه‌وه پاشان دابه‌شیان کردین به‌سه‌ر چه‌ند ئوتێلێکی تردا ژووره‌که‌ی ئێمه له نهۆمی پێنچ یان شه‌ش بوو له به‌رده‌می هه‌موو ده‌رگایه‌کدا سه‌ربازێک وه‌ستابوو به‌چه‌که‌وه، ڕۆژانه ده‌یانبردینه خواره‌وه بۆ نان خواردن خزمه‌تێکی زۆر باشیان ده‌کردین هه‌روه‌ک ئه‌وه‌ی له ڕێستورانێکی سه‌رشه‌قامه‌کان بین، دوای هه‌شت ڕۆژ ئه‌و ئوتێله خه‌ریک بوو چۆڵ ده‌بوو به‌به‌رده‌وامی خه‌ڵکی بیانیان بۆ ده‌هێنا و لێیان ده‌برد ته‌نها ئێمه‌ی تیادا مابووینه‌وه به‌هه‌ر هۆیه‌ک بوو له‌بیرم چووبۆوه که بۆ لێره‌م خۆم له سه‌ربازه‌کان دزیه‌وه چوومه ده‌ره‌وه پاره‌م گۆڕیه‌وه چووم بۆ باڕێکی نزیک ئوتێله‌که ده‌ستم کرد به‌خواردنه‌وه خۆم سه‌رخۆش کرد، دوایی بوو به هات و هاوار پێیان زانی که که‌سێک دیار نه‌ماوه ئه‌و که‌سه‌ش منم هاتن و گرتیانمهوه به‌ڵام هیچیان لێ نه‌کردم ناوی منیشیان خسته لیستی گواستنه‌وه و دابه‌شیان کردین به‌سه‌ر چه‌ند دامه‌زراوه‌یه‌کی گرنگ و هه‌ستیار وه‌ک قه‌ڵغانی مرۆیی تا ئه‌مریکا نه‌توانێت ئه‌و شوێنانه بۆردومان بکات.
پرسیار: تۆ بۆ کوێ برایت و به‌ر چ دامه‌زراوه‌یه‌کی گرنگ که‌وتیت؟
وه‌ڵام:
من له‌گه‌ڵ ژن و مێردێکی به‌ته‌مه‌ن که ئه‌وانیش به‌ریتانی بوون ناویان( جێن و پاتریک ماکبراید) خستیانینه ماشێنێکه‌وه به چاودێری کاروانێکی سه‌ربازی و ده‌زگای هه‌واڵگری عێراقی به‌ڕێ که‌وتین به‌ڵام پێیان نه‌وتین بۆ کوێمان ده‌بن دوایی زانیمان که بۆ باکووری عێراق واته کوردستان، ئه‌و شوێنه‌ش شارۆچکه‌ی (دوکان) بوو له‌ماڵێکی نزیک ده‌ریاچه‌که ماینه‌وه، ئێمه له ژورێک و مخابهراتهکانیش له‌ژوورێکی تر.
(جێن) ژنی (پاتریک) نه‌خۆشی دڵی هه‌بوو، له‌یه‌که‌م شه‌ودا له (دوکان) جه‌ڵده لێیدا به‌خێرایی گه‌یاندیانه نه‌خۆشخانه له سلێمانی، زۆر هه‌وڵمدا بزانم چی لێ به‌سه‌ر هاتووه به‌ڵام هیچیان پێ نه‌ووتم.
ئه‌و خانووه‌ی تیدا ده‌ژیان زۆر باش و خۆش بوو له‌گه‌ڵ چوار که‌سی تردا بووین، خواردنمان زۆر باش بوو به‌ڵام زۆر جیاواز بوو له‌و خواردنانه‌ی که له به‌ریتانیادا هه‌بوون سه‌ره‌تا که‌مێک ئازاری گه‌ده‌مان بۆ دروست بوو به‌ڵام ئه‌وه‌ش هه‌ر زوو نه‌ما، په‌یوه‌ندیه‌کی باشمان هه‌بوو له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری(به‌نداوه‌که-سه‌ده‌که) زۆر باش بوو له‌گه‌ڵمان پێیووترابوو که وه‌ک میوان ڕفتارمان له‌گه‌ڵدا بکات، هه‌ر شتێکمان بویستایه له ئه‌و دوامان ده‌کرد به زووی بۆ جێ به‌جێ ده‌کردین هه‌ندێکجاریش له‌گه‌ڵ پاسه‌وانه‌کاندا دوچاری کێشه ده‌بوو له‌سه‌ر ئێمه، به‌ڕێوه‌به‌ره‌که ناوی(ڕ) بوو، چه‌ند کرێکارێکی هه‌بوو وه‌کو پاسه‌وانی به‌نداوه‌که بوون له‌و کاته‌دا، ده‌سته‌ی موخابه‌رات زۆر ڕقیان له‌م کابرا کورده بوو چونکه زۆر یارمه‌تی ئێمه‌ی ده‌دا، له‌ساڵی 2011 که بۆ جاری دووه‌م گه‌ڕامه‌وه بۆ کوردستان دۆزیمه‌وه باسی ئه‌و ڕۆژانه‌مان ده‌کرد که ده‌ستبه‌سه‌ر بووم لای ئه‌وان.
دوای ئه‌وه‌ی که ئه‌مه‌ریکا و به‌ریتانیا هێزی سه‌ربازیان هێنایه سعودیه، ئێمه‌یان له ماڵه‌که گواسته‌وه بۆ ناو به‌نداوه‌که(سه‌ده‌که) له‌ژوورێکدا بووین له‌سه‌روو تۆرباینه‌کان، ئه‌و ژووره ئێستا وه‌ک به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌ک به‌کارده‌هێنرێت.
پرسیار: ئاکار و ڕه‌فتاری سه‌رباز و موخابه‌راتی عێراقی چۆن بوو له‌گه‌ڵتاندا؟
وه‌ڵام:
ئه‌و سه‌ربازانه‌ی پاسه‌وانی ئێمه‌یان ده‌کرد زۆر ته‌مه‌ڵ بوون و نه‌ده‌جووڵان، ئێمه‌یان خستبووه ژوورێکی سه‌ر به‌نداوه‌که (سه‌ده‌که) تابڵێی زۆر گه‌رم بوو، داوامان لێ ده‌کردن بۆ ماوه‌یه‌کی که‌م بچینه ده‌ره‌وه ڕێگایان پێ نه‌ده‌داین، پله‌دارێکی سه‌ربازی له به‌غداده‌وه هات پێی‌ووتن که ده‌بێ ڕۆژانه بۆ چه‌ند کاتژمێرێک ئێمه له ژووره‌که به‌رنه ده‌ره‌وه به‌ڵام که ئه‌و ڕۆیشت که‌س فه‌رمانی جێ به‌جێ نه‌ده‌کرد، ئه‌و سه‌ربازانه به‌زۆری ڕۆژانه ده‌خه‌وتن و شه‌وانه‌ش ویسکیان ده‌خوارده‌وه هه‌رچه‌نده مسوڵمان بوون.
زۆر جار هه‌وڵم ده‌دا و داوام لێ ده‌کردن که بۆ چه‌ند کاتژمێرێک ڕێگامان بده‌ن بچینه ده‌ره‌وه به‌ڵام بێ سوود بوو، تا وام لێ هات ئاگام له خۆم نه‌ما و کردمه هات وهاوار بهدهرگاکهم ده‌کێشا و سه‌رم ده‌دا به په‌نجه‌ره‌که‌دا بانگی سه‌ربازه‌که‌م کرد پێمدهووت (زۆڵی ته‌مه‌ڵ)، پاسه‌وانه‌که زۆر تووڕه بوو هات چه‌که‌که‌ی خسته سه‌ر سه‌رم پێی‌ووتم ئه‌گه‌ر بیه‌وێت ده‌توانێ بمکووژێت یه‌ک فیشه‌کی نا به سه‌قفی ژووره‌که‌وه، به‌م کرداره‌ی وای نیشاندا که هه‌ر کاتێک بیه‌وێت ده‌توانێ بمانکوژێت، چه‌که‌که‌ی ده‌خسته سه‌ر سه‌ری یه‌ک به‌یه‌کمان به‌ته‌واوی بێزاری کردین.
له سه‌ره‌تایی مانگی (11) ئێمه‌یان گواسته‌وه بۆ سه‌ره‌وه‌ی به‌نداوه‌که کابینه‌یه‌کیان بۆ دابین کردین، خواردنمان باش بوو به‌ڵام که‌می کردبوو به‌هۆی گه‌مارۆکه‌ی سه‌ر عێراق بوو، شه‌وانه به‌دزیه‌وه ده‌چوومه چێشتخانه‌که هه‌ندێک خواردنی زیاترم ده‌هێنا باوه‌ڕبکه برسیم نه‌بوو هه‌ر بۆ خۆشی وام ده‌کرد، ئه‌و که‌سه‌ی خواردنی بۆ ئاماده ده‌کردین کرێکاری میسری بوو زۆر دڵخۆش بوو که‌پاره‌ی زیادمان ده‌دایه بۆ ئه‌وه‌ی خواردنه‌وه‌مان بۆ بهێنێت زۆربه‌ی شه‌وه‌کان ده‌مانکرده سه‌یران، پاسه‌وانه‌که زانی که شه‌وانه من ده‌چم به‌دزییه‌وه له چێشتخانه‌که خواردن ده‌هێنم، زۆر تووڕه بوو چه‌که‌که‌ی خسته سه‌رسه‌رم پاشان به هه‌ودا ته‌قاندی، هه‌موو له‌وه تێگه‌یشتبووین که پاسه‌وانه‌کان له ئێمه ده‌ترسن و ئێمه‌ش له‌وان ده‌ترسین، هه‌تا فه‌رمان له به‌غداده‌وه نه‌یات ناتوانن هیچ بکه‌ن، له عێراقدا له ساڵی 1990 هه‌موو فه‌رمانه‌کان له‌سه‌ره‌وه ده‌هات که‌س نه‌یده‌توانی سه‌ربه‌خۆ هیچ بکات.
به‌هه‌رحاڵ ڕۆژانه ته‌نها کاری ئێمه هه‌ر چاوه‌ڕوانی بوو، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بووین که یان ئه‌مڕیکا بۆردومانی به‌نداوه‌که (سه‌ده‌که) ده‌کات یان له‌لایه‌ن عێراقه‌وه ده‌کوژرێن، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌نداوه‌که کاک (ڕ) ڕادیۆیه‌کی کۆنی بۆ هێنام هه‌رچه‌نده پاسه‌وانه‌کان زۆریان پێ ناخۆش بوو به‌ڵام ئه‌و به پاسه‌وانه‌کانی ووت پرس به‌سه‌ره‌وه‌ی خۆتان بکه‌ن ئه‌گه‌ر ناڕازی بوون لێی بسه‌نه‌وه، به‌ڵام ئه‌وانیش زۆر ده‌ترسان که پرسیاری وا به‌که‌ن له کاربه‌ده‌ستانی به‌غداد. کاک (ڕ) پێی‌ووتم ئه‌و کاتانه ڕادیۆ که به‌کار مه‌هێنه که کرێکاره‌کانی سه‌ده‌که لێره‌ن، به‌هۆی ئه‌و ڕادیۆیه‌وه که‌مێک ئاگامان له دنیابوو هه‌رچه‌ند په‌خشه‌که‌ی باش نه‌بوو به‌ڵام ده‌مانزانی چی له خوارووی عێراق و دنیا ڕووده‌دات.
پرسیار: که‌ی ئازاد کران، شێوه‌ی ئازاد کردنکهتان چۆن بوو؟
وه‌ڵام:
له ڕۆژی (8-12-1990) بوو ئه‌و سه‌ربازه نه‌فره‌تیه که بێزاری ده‌کردین هات بۆ کابینه‌که بۆ لامان بتڵێک ویسکی بۆ هێناین پێیووتین ئێمه هه‌موو باشترین هاوڕێی ئه‌وین و ئه‌و زۆر دڵخۆشه که سه‌دام حسێن ئێوه‌ی ئازاد کردووه ده‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ماڵه‌وه، ئێمه باوه‌ڕمان به قسه‌کانی نه‌کرد به‌ڵام ویسکیهکهمان لێ وه‌رگرت.
پاشان کاک(ڕ) هات بۆ لامان که باوه‌ڕی ته‌واومان به قسه‌کانی ده‌کرد دڵنیای کردینه‌وه که هه‌واڵه‌که ڕاسته، حه‌زیش ده‌کات خوانێکی ماڵئاوایمان بۆ بکات، که بووه یاده‌وه‌ری جوانترین نه‌ریتی میوانداری کورده‌کان. هه‌موومانی برد بۆ ئوتێلی ئاشوور، سه‌رپشکیان کردین له خواردن و خواردنه‌وه چه‌ند ده‌توانین بخۆین و بخۆینه‌وه درێغی نه‌که‌ین، چووه‌مه باڕی ئۆتێله‌که شه‌راب و ویسکیم له هه‌موویان زیاتر هێنا له‌گه‌ڵ خۆمدا.. کاتێکی خۆشمان برده سه‌ر.
له نیوه‌شه‌ودا بوو هه‌موومانیان خسته ماشێنێک بۆ به‌غداد به‌ڕێ کراین له ئوتێلی منسور میلیا کونسۆڵی به‌ریتانیا له‌وێ بوو ڕاده‌ستی ئه‌و کراین پاسپۆرته‌کانی لێ وه‌رگرتین و کاروباری گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ رێکخرا، دوای دوو ڕۆژ له ڕێگای هێڵی ئاسمانی عێراقی گه‌شته‌که‌مان ده‌ستی پێ کرد بۆ فرۆکه‌خانه‌ی گاتویک له به‌ریتانیا هه‌رچه‌ند که‌مێک دواکه‌وت به هۆی گه‌مارۆی سه‌ر عێراق به‌ڵام له‌کۆتایدا گه‌یشتمه‌وه به‌ریتانیا.
پرسیار: که گه‌ڕایته‌وه بۆ به‌ریتانیا ژیان و گوزه‌رانت چۆن بوو؟
وه‌ڵام:
دوای ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ چه‌ند که‌سێکی تر که ئه‌وانیش وه‌ک من ده‌ستبه‌سه‌ر بوون گه‌ڕاینه‌وه بۆ به‌ریتانیا هه‌وڵمدا چه‌ند بتوانم ژیانێکی باش بۆ خۆم دابین بکه‌م، زۆر په‌رۆشه‌وه کارم ده‌کرد کاتێکی زیاد له پێویستم بۆ ته‌رخان کرد سه‌ره‌تا له پرۆژه‌یه‌کی بچووکه‌وه ده‌ستمان پێ کرد له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌کم پاشان کاره‌که‌مان په‌ره‌ی سه‌ند بۆ زیاتر له(100) کارمه‌ند ئۆفیسه‌که‌مان له له‌نده‌ن بوو. ئه‌وانی تر که ده‌ستبه‌سه‌ر بوون له عێراق و گه‌ڕابوونه‌وه کاره‌کانیان له‌ده‌ست دابوو ژیانیان زۆر قورس و گران بوو زۆربه‌ی خاوه‌نکاره‌کان دوودڵ و به‌گومان بوون له پێدانی کار به‌و که‌سانه‌ی که زیاتر له(130) ڕۆژی ده‌ستبه‌سه‌ریان له عێراقدا به‌سه‌ر بردووه. ته‌مه‌نێکی زۆرم به‌کار کردنه‌وه به‌سه‌ر برد له دوای (21) ساڵ سه‌رجه‌م پڕۆژه و کاره‌کانم فرۆشت، به‌ریتانیام جێهێشت ڕووم کرده وڵاتی (تایله‌ند) واده‌هاته به‌رچاوم که جێگایه‌کی ئه‌فسووناوی زۆر جوان و دڵگیره بۆ نیشته‌جێ بوون که له ڤیلایهکدا بژی له ناوه‌ڕاستی باخچه‌که‌دا حه‌وزێکی مه‌له‌وانی تیدا بێت به‌سه‌ر سروشتێکی جوان‌دا بڕوانێت.. به‌ڵام هه‌ر زوو له‌وێش بێزار بووم هه‌ستم به دڵته‌نگی و خه‌مۆکی ده‌کرد زوو زوو په‌ست و تووڕه ده‌بووم به‌ته‌واوی دڵنیابووم که ئه‌م تووڕه بوونه‌م به‌شێکی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ماوه ناخۆشه‌ی که پێش (20) ساڵ له عێراق به‌سه‌رم برد، هه‌تا ئێستاش زۆر توڕه‌م هه‌زاران جار نه‌فره‌ت بۆ هێڵی فڕۆکه‌وانی به‌ریتانی ده‌نێرم که گه‌شته‌که‌ی ئێمه‌ی به‌کارهێنا بۆ گواستنه‌وه پله‌داری سه‌ربازی و کارمه‌ندی هه‌واڵگری به‌ریتانی بۆ زۆنی شه‌ڕی که‌نداو که له کۆتایه‌که‌یدا بووه هۆی مردنی یه‌کێک له باشترین هاوڕێکانم. له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا هه‌رگیز ڕۆژێک له ڕۆژان هه‌ستێکی وام نه‌بووه که به‌شێک له ژیانم له‌ده‌ستداوه یان وون کردووه له نێو کاری ڕۆژانه به تایبه‌تی که کاتێکی زۆرم بۆ کاره‌که‌م ته‌رخان کردبوو دوای ئه‌وه‌ی که پڕۆژه‌که‌مان گه‌وره‌تر و فراوان بوو هه‌روه‌ک چۆن هه‌موو کایه‌کانی ژیان ڕۆژبه‌ڕۆژ گه‌ووره و فراوان ده‌بێت.
پرسیار: بۆچی حه‌زت کرد بگه‌ڕێته‌وه بۆ کوردستان؟ ئایا ئه‌و سه‌فه‌ره‌ت به پێویست ده‌زانی؟
وه‌ڵام:
زۆر حه‌زم له پاسکیل سواریه پێویستی ده‌کرد که چه‌ند کیلۆیه‌ک له کێشم دابه‌زێنم ڕۆژێک هات به‌سه‌رمدا پاسکیله‌که‌م کۆکرده‌وه خستمه کارتۆنێکه‌وه به جانتایه‌کی بچووکه‌وه بڕیاری سه‌فه‌رم دا، به هێڵی ئاسمانی که‌نداو له (بانکۆک)ه‌وه گه‌یشتمه (به‌حرێن) له‌وێ حه‌زم کرد بگه‌ڕێمه‌وه بۆ ڕابردوو سه‌فه‌ری عێراق هاته خه‌یاڵمه‌وه هه‌رچه‌نده هه‌ستم ده‌کرد که عێراق به کوردستانه‌که‌شیه‌وه جێگایه‌کی ئارام نیه ویستم بچم بۆ یه‌کێک له دورگه‌کانی (ماڵدیڤ) له که‌نار ده‌ریا پشوویه‌ک بده‌م به‌ڵام ترسێک دای گرتم که له‌وانه‌یه له‌وێش ئاسووده نه‌بم و دۆخه‌که دوو هێنده‌ی ئێستا خراپتر بێت..به‌هه‌رحاڵ هه‌رچۆنێک بوو چوومه ناو فڕۆکه‌یه‌که‌وه له فڕۆکه‌خانه‌ی هه‌ولێر دابه‌زیم، خۆم باوه‌ڕم نه‌ده‌کرد که له هه‌ولێرم، له‌گه‌ڵ یه‌که‌م خوله‌کی گه‌یشتنم به‌شێکی زۆری له گوومانه‌کانم نه‌ما..خانمێکی کارمه‌ند به پێکه‌نینه‌وه لێی پرسیم (یه‌که‌م جارته هاتووی بۆ کوردستان......!!!!)، لێره‌دا حه‌ز ده‌که‌م باسی کارمه‌نده‌کانی تری فرۆکه‌خانه‌ی هه‌ولێر بکه‌م ئه‌و کارمه‌ندانه‌ی سه‌یری جانتاکانیان ده‌کرد، کارمه‌ندی گومهرگ هه‌موویان زۆر ئارام و گیانی هاوڕێیه‌تی و یارمه‌تی دانیان تیادا بوو، گه‌یشتمه ده‌رگای ده‌ره‌وه‌ی فڕۆکه‌خانه‌که هه‌وایه‌کی پاکم هه‌ڵمژی و بۆ داهاتووی سه‌فه‌ره‌که‌م ده‌ڕوانی وادههاتهبهر چاوم که شتی زۆر خۆش و نایاب ده‌بینم له‌م گه‌شته‌دا، له‌گه‌ڵ سه‌رمایه‌دارێکی ئیماراتی ته‌کسیه‌کمان گرت بۆ ئوتێلی (ڕۆتانا) که له‌جێگایه‌کی زۆر خۆشه وه‌ک زۆربه‌ی وڵاتی تر به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌موو شتێک له‌و ئوتێله زیاد له پێویست زۆر گرانه به‌تایبه‌تی خواردن و خواردنه‌وه، جۆری خواردنه‌وه کحولیه‌کان زۆر گران بوو ئه‌م نرخانه وه‌کو زۆربه‌ی وڵاتانی تر وایه هه‌ندێ جار گرانتریشه.
پرسیار: ده‌توانی که‌مێک باسی ئه‌و ڕۆژانه بکه‌یت که له هه‌ولێر بوویت؟؟
وه‌ڵام:
له یه‌که‌مین ڕۆژی سه‌فه‌ره‌که‌م له هه‌ولێر به‌یانی زوو هه‌ستام به‌یارمه‌تی کارمه‌ندێکی سریلانکی پارچه‌کانی پاسکیله‌که‌م به‌یه‌که‌وه به‌سته‌وه پرسیارێک هات به‌مێشکمدا بۆچی هه‌موو کاره‌مه‌نده خزمه‌تگوزاریه‌کانی ئه‌م ئوتێلانه ده‌بێت خه‌ڵکی ده‌ره‌وه بن؟ سه‌رمایه‌داره ئیماراتیه‌که بۆچوونێکی هه‌بوو وڵامی دامه‌وه به‌ڵام من حه‌ز ناکه‌م لێره‌دا باسی بکه‌م، ئوتێله‌که‌م به‌جێهێشت به سواری پاسکیله‌که‌م به‌ره‌و سه‌نته‌ری شار به‌ڕێ که‌وتم بۆ قه‌ڵای هه‌ولێر ده‌گه‌ڕام نه‌خشه‌یه‌کی زۆر کۆن و خراپم پێ بوو هیچ سوودی نه‌بوو هه‌تا له دوایدا وون بووم، قه‌ره‌باڵغی شه‌قامه‌کان و لێخوڕینی ماشێن وه‌کو ئه‌وه وایه که له بانکۆک بیت، گه‌ڕان به شه‌قامه‌کانی هه‌ولێر به پاسکیل پێویستت به وریایی و ئاگایه‌کی ته‌واو ده‌بێت، بینینی سه‌رباز و پۆلیس به چه‌که‌وه له خاڵی پشکنیندا که‌مێک ترس و نیگه‌رانی لا دروست کردم به‌تایبه‌تی ئه‌و کاتانه‌ی که بانگیان ده‌کردیت و داوای پێناسیان ده‌کرد له ماوه‌ی گه‌شته‌که‌مدا من هه‌ر زوو له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆخه‌دا ڕاهاتم، پێکه‌نینێک یان ده‌ست به‌رزکردنه‌وه‌یه‌ک، ڕوویه‌کی خۆش وات لێ ده‌کات هه‌موو ساتێک ئارام و ئاسووده بیت به‌ڵام پاسکیل سواره ئینگلیزه‌کان به ده‌گمه‌ن ئه‌م جۆره سڵاوانه ده‌بینن.
مناڵێکی بۆیاخچی له نزیک قه‌ڵا به‌دیار سندوقه‌که‌یه‌وه دانیشتبوو زۆر یارمه‌تی دام ئاگای له پاسکیله‌که‌م بوو منیش بێ خه‌م چوومه سه‌ره‌وه به ناو قه‌ڵادا ده‌گه‌ڕام، له هه‌ر شوێنکدا گه‌ڕابم له کوردستان تێبینی ئه‌وه‌م کردووه که خه‌ڵکه‌که هه‌وڵ ده‌ده‌ن یارمه‌تیت بده‌ن و به‌باشترین شێوه خۆیان نیشانی تۆ بده‌ن، ئه‌گه‌ر له به‌ریتانیا له‌شاره‌که‌ی خۆم (فۆلکستۆن-Folkestone)پاسکیله‌که‌ت بێ چاو‌دێر دابنێت دڵنیابه جارێکی تر نایبینیته‌وه، زۆر هه‌وڵمدا دوو دۆلار بده‌م به‌و مناڵه به‌ڵام ڕازی نه‌بوو پاره‌که‌ی لێ وه‌رنه‌گرتم. به‌ڕاستی که‌سێکی بێ وێنه‌بوو.
پرسیار: دوای هه‌ولێر سه‌فه‌ره‌که‌ت ڕووی له کوێ کرد؟
وه‌ڵام:
دوای ئه‌وه‌ی به ته‌واوی له هه‌ولێردا گه‌ڕام ئه‌و شاره‌م به‌جێهێشت به‌سواری پاسکیله‌که‌م به‌ره‌و شارۆچکه‌ی (دوکان) به‌ڕێ که‌وتم ئه‌و شارۆچکه‌یه‌ی که پێش (21) ساڵ تیدا ده‌ستبه‌سه‌ر بووم، له ڕێگا وون بووم پرسیارم کرد له چه‌ند که‌سێک ده‌یانزانی به‌ئینگلیزی قسه بکه‌ن به‌ڵام سوودم لێیان نه‌بینی دوو گه‌نج ماشێنێکیان پێ بوو داوای یارمه‌تیم لێ کردن پێشم که‌ووتن بۆ ماوه‌ی نیوکاتژمێر گه‌یشتینه سه‌ر ڕێگای دوکان دوایی گه‌ڕانه‌وه ئه‌و ماوه‌یه‌یان ته‌نها له‌به‌ر من بڕی له شوێنه‌که‌ی خۆیان زۆر دورکه‌وتبوونه‌وه. له‌یه‌کێک له چایخانه‌کانی سه‌ر ڕێگا وه‌ستام (چا)یه‌کی شیرین و پاقلاوهیهکی به‌له‌زه‌تم خوارد هێنده تام و چێژی خۆش بوو وای لێ کردم وورده وورده ئه‌م وڵاته‌م خۆش بوێت، به‌و ڕۆیشتنه خاوه‌ی پاسکیله‌که‌م زیاتر له (30) کیلۆمه‌ترم بڕی له یه‌کێک له به‌نزینخانه‌کانی سه‌ر ڕێگای ده‌ره‌وه وه‌ستام چه‌ند ده‌به ئاوێک بکڕم چه‌ند که‌سێک که خاوه‌نی به‌نزینخانه‌که بوون سووربوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌مێک له گه‌ڵیاندا دابنیشم بۆ (چا) خواردنه‌وه‌یه‌ک دوایی خواردنیان هێنا و دیسانه‌وه جۆرێکی تر خواردنیان هێنا به‌داخه‌وه ئینگلیزیان نه‌ده‌زانی تا به‌یه‌که‌وه قسه‌بکه‌ین منیش ته‌نها وشه‌ی سوپاسم ده‌زانی، زۆر هه‌وڵمدا پاره‌یان بده‌مێ به‌ڵام ڕازی نه‌بوون له ڕاستیدا ئه‌وان هه‌ستیان به شه‌رمه‌زاری ده‌کرد ئه‌گه‌ر پاره‌یان لێ وهربگرتمایه، له (تایله‌ند) ئه‌م جۆره له میواندارێتی به ده‌گمه‌ن یان له بۆنه‌کاندا ده‌بینی له‌به‌رئه‌وه‌ی باری ژیان زۆر قورس و گرانه...له کوردستان یه‌کێک له کێشه هه‌ر گهوورهکانم ئه‌وه بوو که نهم ده‌توانی ئه‌و جۆره میوانداریانه ڕه‌ت بکه‌مه‌وه که خۆم به‌شایه‌نی نه‌ده‌زانی، له‌زۆربه‌ی جێگاکان پاره‌ی چا یان شه‌ربه‌ت یان سارده‌مه‌نیان لێ وهرنهدهگرتم زۆر ناخۆش بوو بۆم به‌ڵام هه‌ستێکی وای پێ ده‌دام که وابزانم له ماڵی خۆم و له وڵاتی خۆمم، نموونه‌ی زۆر هه‌یه له به‌خشنده‌یی و میواندارێتی کوردان لێره‌دا ناکرێ هه‌مووی باس بکه‌م به‌ڵام ئه‌وه بڕوای منه که ئه‌م شیوازه به‌شێکه له داب و نه‌ریت و کلتوری کوردان.
پرسیار: ده‌توانی باسی ئه‌و ڕۆژانه بکه‌یت که له شارۆچکه‌ی (دوکان) بوویت؟؟
وه‌ڵام:
بۆ ڕۆژی دوایی گه‌یشتمه شارۆچکه‌ی (دوکان) به سواری پاسکیله‌که‌م له ئوتێلی (ئاشور)ه‌وه چوومه خواره‌وه بۆ به‌نداوه‌که(سه‌ده‌که) له‌ساڵی (1990) ئه‌م شوێنه پڕبوو له‌سه‌رباز، وا دیاربوو که شیاو نه‌بێت من به پاسکیلێکه‌وه لێره بم چه‌ند پاسه‌وانێک له ژورێکی بچووکی پاسه‌وانه‌کان بوون به‌په‌له هاتنه ده‌ره‌وه دوای ئه‌وه‌ی جانتاکه‌میان پشکنی ڕێگه‌یان پێدام بچمه خواره‌وه پاش ماوه‌یه‌کی که‌م گه‌یشتمه پرسگه‌ی به‌نداوه‌که(سه‌ده‌که) زۆر به گه‌رمی بهخێرهاتنهوهیهیان کردم به‌ڵام هه‌ستم به بارێکی نائاسایی ده‌کرد له ناو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌که‌دا وابزانم هۆیه‌که‌شی بۆ ڕووداوی گرتنه‌که‌م بوو له سه‌رده‌می سه‌دام حوسیندا ئه‌و به‌ڕێزانه هه‌ستیان به شه‌رمه‌زاری و ته‌ریق بوونه‌وه ده‌کرد هه‌موویان که‌سانی زۆرباش و به‌خشنده بوون ڕێگایان پێدام گه‌شتێکی فراون بکه‌م به‌ناو به‌نداوه‌که به‌هاوڕێیه‌تی ئه‌و کرێکاره‌ی له ساڵی (1990) ناسیم دوای (21) ساڵ یه‌کترمان بینیه‌وه وێنه‌یه‌کمان گرت بۆ یادگاری، له ماوه‌ی مانه‌وه‌م له (دوکان) به‌ڕێوه‌به‌ری بهنداوهکهم بینی بۆ چه‌ند شه‌وێک لای مامه‌وه له ماڵه‌که‌ی خۆێدا، له ساڵی (1990) ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره لێپرسراوی ئه‌و دهستبهسهرانهبوو که منیش یه‌کێکیان بووم له به‌نداوی (دوکان) به‌ند کرابووین، له‌و سه‌رده‌مه‌دا هه‌موو خێزانێکی عیراق ده‌ستبه‌سه‌ر بوون هه‌لێکی وایان بۆ نه‌ڕه‌خسابوو که وڵات به‌جێ بهێلن وه‌ک ئیمه نین له‌به‌ریتانیا ده‌توانین هه‌موو کاتێک سه‌فه‌ر بکه‌ین.
پرسیار: دوای ئه‌وه‌ی شارۆچکه‌ی(دوکان)نت به‌جێهێشت بۆ کوێ چووی؟
وه‌ڵام:
دوای ئه‌وه‌ی شارۆچکه‌ی (دوکان)م به‌جێهێشت به‌سواری پاسکیله‌که‌م به‌ڕێ که‌وتم گه‌یشتمه شاری سلێمانی به بێ هیچ مه‌به‌ستێک به‌ناو گه‌ڕه‌که کۆنه‌کانی شاردا ده‌سوڕامه‌وه، ئه‌و ڕۆژانه خۆپیشاندانێكی چه‌ند مانگی له سلێمانیدا ڕوویدا بوو چه‌ند که‌سێک گیانیان له‌ده‌ست دابوو دۆخه‌که زۆر باش نه‌بوو، هه‌ر زۆر زوو له‌گه‌ڵ خه‌ڵکدا که‌وتمه قسه‌م کردن زۆریان خزم و که‌سوکاریان له به‌ریتانیا ده‌ژین ئه‌و کارانه ده‌که‌ن که زۆر پێویستی به زمانی ئینگلیزی نیه وه‌ک کارکردن له کێلگه کشتوکاڵیه‌کان، پیزا شۆپ، شتنی ئۆتۆمۆبێل....هتد من خۆم حه‌زم له کارێکه چه‌قۆی تیادا به‌کاربهێنرێت وه‌ک(براند ماسیۆ) قه‌لێکی گه‌ووره چاک و پارچه پارچه بکه‌م بۆ ژه‌مه خواردنێك.
نازانم چۆن باسی ئه‌و هه‌سته بکه‌م که ئه‌و ماوه‌یه‌ی له سلێمانی بووم زۆر ئاسووده و ئارام بووم وام ده‌زانی له ماڵی خۆمانم، پێشتر چه‌ند سه‌فه‌رێکی ترم کردبوو بۆ وڵاتانی تر به‌ڵام هیچیان وه‌ک ئه‌م سه‌فه‌ری کوردستان نه‌بوو له سلێمانی زۆر دڵخۆش بووم چه‌ند که‌سێکم ناسی له یه‌کێک له‌و هۆڵانه‌ی یاری بلیاردی تیدا ده‌کرا، چووم بۆ زۆربه‌ی گه‌رماوه‌کانی شار(حمام)، له زۆربه‌ی باخچه‌کاندا چای شیرین و خه‌ستم خوارده‌وه، هه‌ندێک جار که ده‌شڵه‌ژام و سه‌رم لێ تێکده‌چوو زۆر به جوانی گوێیان بۆ ده‌گرتم و باسی خۆمم ده‌کرد به‌شێوه‌یه‌کی گشتی خه‌ڵکێکی زۆر باش ده‌ژین له شاری سلێمانی به‌تایبه‌تی پۆلیسه‌کان زۆر یارمه‌تیده‌رن..من زۆر سوپاسی فه‌یسبووک ده‌که‌م که به‌و هۆیه‌وه ده‌توانم له په‌یوه‌ندی دا بم له‌گه‌ڵ هاوڕێکانم له شاری سلێمانی و هه‌روه‌ها هاوڕێی نوێ بدۆزمه‌وه.
کۆتایی