سپی بودجەو مووچەی (رووداو) ئاشکرا دەکات

تۆڕی میدیایی رووداو كە زیاتر لە ساڵێك لەمەوبەر پەخشی كەناڵە ئاسمانییەكەی دەست پێكرد, بوودجەی گشتی ئەو كەناڵە بەتەلەفزیۆن‌و رادیۆ‌و ماڵپەڕەكەیانەوە جێی باس و خواسێكی زۆری خەڵكە. 
لەگەڵ دروستبونی كەناڵەكەدا, هەواڵی ئەوەش بڵاوكرایەوە كە ئەم تەلەفزیۆنە لەموڵكی گشتی بوودجەیەكی خەیاڵی بۆ دامەزراندنی دابینكراوە،  ئێستاشی لەسەر بێت هیچ بەرپرسێكی ئەو كەناڵە وەڵامێكی كۆنكرێتی وایان نەداوەتەوە، تا راستییەکان یەکلای بێتەوەو كۆتای بەم قسانە بهێنرێت.
ئەوەی جێگەی سەرنجێکی زۆرە موچەی کارمەندەکانی  ئەو کەناڵەیە کە هەندێک پۆستی تێدایە موچەکەی لەموچەی سەرۆک وەزیران (نێچیرڤان بارزانی)‌و وەزیرەکان زیاترە.*
گۆڤاری سپی میدیا لە هەندێك سەرچاوەی تایبەتی خۆیەوە بودجەی سەرجەم دەزگاکەو مووچەی ئەو پۆستانەی دەستكەووتووە كە لەو دەزگایەدا هەیە، ئەگەر بەراوردێكی خێرای مووچەی یەك بەیەكی ستافی رووداویش بكەین لەگەڵ هەریەك لە پۆستەکانی كۆمپانیای ئاوێنە‌و تەلەفزیۆنی NRT، جیاوازی ئاسمان ‌و رێسمان لەنێوانیاندا بەدیدەكرێت.
بودجەی تۆڕی میدیایی رووداو مانگانە زیاتر لە ٨٠٠ هەزار دۆلارە کە ئەم بودجەیە کرێی پەخشی کەناڵەکە‌و موچەی کارمەندەکان‌و هەموو پێداویستیەکانی دیکە دەگرێتەوە.
سپی میدیا پەیوەندی کرد بەوتەبێژی تۆڕی میدیایی رووداو، فازل نەجیب تا لەسەر ئەم بودجەیە قسە بکات ئەو تەنها وتی" ئەم مەسەلەیە تایبەتە بە خودی دەزگاكە و ناتوانین بیدەینە میدیا".
كرێی پەخشی كەناڵەكە:
رووداو لەسەر سێ قەمەر کاردەکات (نایل سات, تورك سات و هۆتبێرد)‌‌‌و  پەخشی بەردەوامی هەیە. 
بەپێی زانیارییەكانی سپی میدیا كرێی مانگانەی هەر یەك لەم قەمەرانە بەم جۆرەیە:
مانگانە پەخشی رووداو لەسەر نایل سات كە (HD ) یە ,  150 سەد‌و پەنجا هەزار دۆلارە.
 پەخشی رووداو لەسەر تورك سات مانگانە 80 هەشتا هەزار دۆلار كرێی بۆ دەدرێت.
 مانگانە پەخشی رووداو لەسەر هۆتبێرد  75 حەفتا‌و پێنج هەزار دۆلار كرێی بۆ دەدرێت
رووداو ژمارەی پێوانەی موچە لەکوردستان دەشکێنێت‌
ژمارەی کارمەندەکانی رووداو بەپێی زانیاریەکانی سپی میدیا نزیکەی 500 کارمەندە، لەکاتێکدا لەکاتێکدا کەناڵی نالیا ( NRT1 و NRT2‌و رادیۆی نالیای ماڵپەری نالیا) نزیکەی 250 کارمەندی هەیە.
ئەوەی لەناو زانیاریەکانی سپی میدیادا جێگەی سەرنجێکی زۆرە، موچەی کارمەندانی تۆڕی میدیایی روداوە، موچەی مانگانەی بەرێوەبەری ئەو تۆڕەیە، 11000 $ یانزە هەزار دۆلارە ( دەفتەرێک‌ دۆلار‌و دە گەڵا) لەکاتێکدا موچەی بەرێوبەری گشتی کەناڵی نالیا (توانا عوسمان) سێ ملیۆن دینارە.
کۆمپانیای ئاوێنە بۆ چاپ‌و بڵاوکردنەوە، کە میدیایەکی ئەهلییە‌و پێکهاتەوە لە( رۆژنامەی ئاوێنە‌و ماڵپەر‌ی ئاوێنەنیوز‌و گۆڤاری ئاوێنەکان) بەرێوبەرەکەی کە ئاسۆس هەردییە موچەی مانگانەی تەنها یەک ملیۆن دینارە.
-موچەی بێژەران لەتۆڕی میدیای روداو کە پۆلێن کراوە بۆ چەند ئاستێک بەرزترینیان 8000$ هەشت هەزار دۆلاری پێدەدرێت‌و نزمترین موچەشیان 1200$ هەزراە دووسەد دۆلارە.
لەکاتێکدا کەناڵی نالیا بێژەرەکانی تەنها 650 هەزار دینار وەردەگرن.
-موچەی بەرێوبەری پۆرتاڵی رووداو مانگانە 5000 $ پێنج هەزار دۆلار وەردەگرێت هەر کارمەندێکیشی نزیکەی 1000 $ هەزار دۆلار وەردەگرێت.
لەکاتێکدا لەتەلەفزیۆنی نالیا بەرێوبەری ماڵپەرەکە مانگانە 900 هەزار دینار وەردەگرێت.
هاوکات سەرنوسەری رۆژنامەی ئاوێنە 750 هەزار دینار وەردەگرێت‌و سەرنوسەری ماڵپەری ئاوێنەنیوزیش 650 هەزار دینار وەردەگرێت.
-موچەی گرافیك کەبەشێکی تری رووداوە كارمەندەکەی  مانگە 4000$ دۆلار موچە وەردەگرێت.
-ئامادەكاری بەرنامە لەرووداو: مانگانە 1200$ دۆلار وەردەگرێت
-موچەی دەرهێنەر:هەر دەرهێنەرێك لە كەناڵی رووداو , مانگانە 2500 دۆلار موچەیەتی
-مووچەی پەیامنێر لە رووداو:
-هەر پەیامنێرێك مانگانە كە سەرەتایی بێت 500 $ دۆلار موچەی بڕاوە وەردەگرێت و بۆ هەر بابەتێكیش 30$ پاداشت وەردەگرێت
-موچەی مۆنتێر لەروداو:مۆنتێر لە كەناڵی رووداو 1000$ موچە وەردەگرێت
-موچەی كامێرامان لە رووداو:كامێرامان لە رووداو 500$ موچەی بڕاوە و 30$ دۆلاریش بۆ هەر راپۆرتێك
-موچەی كارگوزار لەرووداو:كارگوزار لە رووداو مانگانە 600$ دۆلاری هەیە
-موچەی ستافی رادیۆ : رادیۆی رووداو نزیكەی 10 كارمەندی هەیە كە هەر كارمەندێك مانگانە بە نزیكەیی 1000$ وەردەگرێت
موچەکانی بەشی كارگێڕی: 
بەڕێوەبەری كارگێڕی لە رووداو مانگانە 4000 $ دۆلار موچە وەردەگرێت. هەر كارمەندێكی كارگێڕییش كە ژمارەیان نزیكەی 10 كەسە, هەر یەکەیان 1000$ دۆلار وەردەگرن.

موچەی هەندێک پۆستی رۆژنامەنوسی لە نالیا‌و کۆمپانیای ئاوێنە:
لە رۆژنامەی ئاوێنە ئەندامانی دەستەی نوسەران هەریەکێکیان 450 هەزار دینار مانگانە وەردەگرن.
پەیامنێرێک لەئاوێنە مانگانە لەرێگەی موکافەئەوە 300 هەزار دینار وەدەگرێت.
لەکەناڵی نالیاش هەواڵساز 600 هەزار وەردەگرێت فەرمانبەرێکی ئاسای 500 تا 600 هەزار وەردەگرێت.
رووداو بۆچی بودجەکەی ئاشکرا ناکات؟
ئەگەرچی تۆڕی میدیای رووداو لە هەواڵەکانیاندا موچەی پێشکەشکارە جیهانیەکان بڵاودەکەنەوە، بەڵام تائێستا ئامادە نەبووە سەرەتایترین زانیاری لەسەر بودجەی کەناڵەکەو موچەی کارمەندانی خۆی ئاشکرا بکات.
لەو بارەیەوە سپی میدیا پەیوەندی کرد بە فازل نەجیب وتەبێژی تۆڕی میدیای رووداو، ئەو وتی"ئەم مەسەلەیە تایبەتە بە خودی دەزگاكە و ناتوانین بیدەینە میدیا، بەِڵام ئێمە وەكو ڕووداو هەر لەسەرەتاوە كارمان بۆ ئەوە كردووە، كە موچەی كارمەندانی ڕووداو بگەیەنینە ئاستێك، كە رۆژنامەنوسان ژیانێكی شایستەیان بۆ دابین بكرێت".
فازل نەجیب درێژەی پێدا وتی " ئێمە ویستوومانە رۆژنامەنوس وەكو رۆژنامەنوس بهێڵینەوە، چونكە لە كوردستان هەر رۆژنامەنوسێك تۆزێك بابەتی باشی هەبوبێت و دیار كەوتبێت، پۆستێكی حكومی یان پەرلەمانیان پێداوە و بە هۆیەوە دووركەوتۆتەوە لە كاری رۆژنامەوانی".
ئەو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کەدەیانەوێت ئەو ژیانە بۆ رۆژنامەنوسان دابین بكەن، كە ئامادە نەبێت كارەكەی خۆی بە هیچ كار و پۆستێكی تر بگۆڕێتەوە.
*موچەی سەرۆک وەزیران بەپێی یاسا بەرکارەکانی هەرێم 7500 دۆلارە واتا (75 گەڵا)، وەزیرێکیش 65000 دۆلار وەردەگرێت (65) گەڵا. 
تێبینی: ئەم راپۆرتە لە ژمارە ١٦ ی گۆڤاری سپی میدیادا بلآوکراوەتەوە



PM:11:40:28/07/2014