خوێندکارانی تواناسازی داوای چی لە سەرۆکی حکومەت دەکەن؟

به‌شێک له‌ خوێندکارانی تواناسازی که‌ خوێندنیان ته‌واو کردوه‌‌و گه‌راونه‌ته‌وه‌ داوا له‌سه‌رۆکی حکومه‌ت ده‌که‌ن که‌ دایانبمه‌زرێنن.
له‌ نامه‌یه‌کی کراوه‌دا که‌ بۆ سه‌رۆکی حکومەتی هه‌رێم نێردراوه‌ هاتووه‌ "ئێمە کە چەند هەڵگرێکی  برٍوانامەی ماستەر و دکتۆراین لە چەند پسپۆریەكی جیا جیا ، لەسەر پرۆگرامی تواناسازی حکومەتی هەرێم و هەندێكیشمان بە خەرجی خۆمان لە دەرەوەی ووڵات خوێندنمان تەواوكردوە ، پشت بەستوو بەو بەڵینامەی کە لە پێش رۆشتنمان بۆ خوێندن داومانە بە حکومەتی هەرێم کە لەکاتی گەرانەوەمان راستەخۆ دەستبکەین بە خزمەت لە زانکۆکانی هەرێمدا بۆیە لە پاش گەڕانەوەمان داوای دامەزراندنمان لە  زانكۆكانی كوردستان كرد"
ئه‌و خوێنکرانه‌ ده‌شڵێن که‌ ناوه‌کانیان بۆ دامه‌زراندن نه‌هاتۆته‌وه‌‌و که‌س ئاماده‌ نییه‌ وه‌ڵامیان بداته‌وه‌ 
ئه‌مه‌ش ده‌قی نامه‌که‌ی ئه‌و خوێندکارانه‌یه‌ :

نامەیەکی کراوە بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان  

پاش سلاوێکی زانستیانە ، بەرێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێمە کە چەند هەڵگرێکی  برٍوانامەی ماستەر و دکتۆراین لە چەند پسپۆریەكی جیا جیا ، لەسەر پرۆگرامی تواناسازی حکومەتی هەرێم و هەندێكیشمان بە خەرجی خۆمان لە دەرەوەی ووڵات خوێندنمان تەواوكردوە ، پشت بەستوو بەو بەڵینامەی کە لە پێش رۆشتنمان بۆ خوێندن داومانە بە حکومەتی هەرێم کە لەکاتی گەرانەوەمان راستەخۆ دەستبکەین بە خزمەت لە زانکۆکانی هەرێمدا بۆیە لە پاش گەڕانەوەمان داوای دامەزراندنمان لە  زانكۆكانی كوردستان كرد، بەخۆشحالیەوە  سەرۆك بەش و راگری كۆلێژەكان و سەرۆكی زانكۆكان لەبەر  پێویستبوونیان بە پسپۆریەكانمان نوسراویان بۆكردین بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵاو توژینەوەی زانستی، لارینەبوونی  خۆیانیش راگەیاند، پاشان وەزیری خوێندنی باڵاش بەهەمان شێوە رەزامەندبوو و لارینەبوونی خۆی راگەیاند ، بەڵام بەهۆی ئەوەی كە حكومەت ئەوكات پێكنەهێنرابوو، تەنها كاربەرێكەربوو ، وەزارەتی خوێندنی باڵاش توانای دامەزراندنی  نەبوو ، نوسراوەكانمانی  بەرزدەكردەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بۆئەوەی رەزامەندی لەسەر دەرببڕێت و ئێمەش دەسبەكاربوون بكەین، بەلام ئێمەش وەک هەر تاکێکی ئەم گۆمەڵگە و نوخبەیەکی زانستی کوردستان ئەو قەیرانە سیاسی و دارایەمان لە بەرچاو گرتوو بوو کە لە چەند مانگی رابردووە کوردستانی خۆشەویستمانی گرتبوویەوە بەڵام بەداخەوە لە سەرەتای ئەمساڵەوە  "٢٠١٤"  ناوەكانمان بە بیانووی جیا جیا نەگەراوەتەوە و  وا دووبارە ساڵی نوێی خوێندن دەستی پێكردەوەو هیچ كەس و لایەنێكیش خۆی لە كێشەكەمان ناگەیەنێت، ئەمە لە کاتێکدایە چەند جارێک چەند ئەندام پەرلەمانێکی سەر بە لیژنەی بەدواداچوونی کارەکانی وەزارەتی  خوێندنی باڵا و پەروەردەمان ئاگادار کردۆتەوە لە پەرلەمانی کوردستان،بەڵام بەداخەوە ئەوانیش نەیانتوانیوە وەڵامێکی پۆزەتیڤمان بدەنەوە یان هیچ نەبێ وەڵاممان بدەنەوە . بۆیە داواكارین لەبەڕێزتان راستەوخۆ، بەدواداچوون بۆ كارەكەمان بكەن. 
هیوا خوازین لە ماوەیەکی نزیکدا وەڵامێکی پۆزەتیڤ وەربگرین بە پێجەوانەوە ئێمەش رەنگە لەوە زیاتر نەتوانین چاوەروان ببین و هەڵوێست و چالاکی مەدەنیانەی جیاوازمان دەبێت لە هەفتەی داهاتووە.

 لەگەڵا رێزو سوپاسی بێپایانمان بۆتان .
دەستەیەک لە هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا
١٧/٨/ ٢٠١٤

تێبێنی / هاوپیچێکی ئەم نامە کراوەیە ئاراستەی سەرجەم کەناڵە راگەیاندنەکان دەکرێت


PM:01:26:18/08/2014