لێزمەی باران لە شارەکان و بەفر لە چیاکان دەبارێت


پسپۆرێکی بواری کەشناسی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە شەپۆلەکە لە سبەی هەینەوە دەگاتە هەرێم و باران بە لێزمەو بەفر لە چیاکان دەبارێت.

ئاراز جەبار پسپۆری بواری کەشناسی ئەمڕۆ پێج شەممە پێشبینییەکانی خۆی لەبارەی شەپۆلی بارانبارینەوە بڵاوکردەوەو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە بەدرێژای کاتەکان کەش باراناوی ئەبێت و لەشەودا ھەورە تریشقە چالاک ئەبێت. 

ئەو پسپۆرە باسی ئەوەش دەکات کە ھەینی ٢٥-١١-٢٠٢٢ لە ئەنجامی دەستپێکردنی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی شێداری دەریای ناوەراست و ھاتنی برێک شێی دەریای سوور بۆ سەر ناوچەکانمان و بوونی بارستە ھەوایەکی سارد ئاسمانی ھەرێم بە درێژای کاتەکان دەگۆرێت بۆ ھەوری نزمی تەواو لەگەڵ بارینی باران بێپچران بەدرێژای کاتەکان لەناوچە شاخاویەکاندا ھەندێک کاتیش ئاستی دابارین دەگۆرێت بۆ لێزمە باران و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی لێدەکەوێتەوە".

" لە چیاکان بەفر دەبارێت، لە سەنتەری پارێزگاکان و ناوچە نزمەکانیشدا کەش زۆرینەی کات باراناوی ئەبێت ناوبەناو ھەندێک کات بارانبارینەکە ئەوەستێت، پلەکانی گەرما بەرێژەی ٦ تا ٨ پلەی سیلیزی نزمدەبنەوە و خێرای با زۆربەی کاتەکان مامناوەند چالاک ئەبێت بەخێرای ١٠ تا ٢٥ کم زیاتر لە کاتژمێرێکدا ."( ئاراز جەبار رایگەیاند).

لە بارەی رۆژی شەممەوە ئەو پسپۆرە دەڵێت "کاتەکانی ئێوارە بۆ بەرەبەیانی رۆژی شەمە ٢٦-١١-٢٠٢٢ کاریگەری ئەم شەپۆلە لەسەر تەواوی ناوچەکانمان چرتر ئەبێت و ھەورە تریشقە لەکاتە جیا جیاکاندا چالاک ئەبێت لەگەڵ زیادبوونی ئاستی دابارین بۆ لێزمە باران و دروستبوونی لافاو لەسەر رێرەوەکانی رۆشتنی ئاو بۆیە ھۆشداری ئەدەینە ھاوڵاتیان نزیک ئەو ناوچەو رێگایانە نەبنەوە کە لەکاتی بارانبارینی زۆردا مەترسیدارن بۆ ھاتوچۆکردن و پێویستە لایەنی پەیوەندیداریش لەھەر ناوچەیەکدا ئامادەکاریان ھەبێت بۆ ھەر ئەگەرێکی نەخوازراو بەتایبەتیش لە سنوری سەنتەری پارێزگای ھەولێر و دەوروبەری کە چاوەروان دەکرێت لەم ناوچانەدا سبەی بارانێکی ئێجگار زۆر و بەخوڕ ببارێت".
 



PM:12:57:24/11/2022