بارزانی دوو بریاری تایبەت بە پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆی ئیمزا کرد

‌پێشمەرگە
دوای ئەوەی پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنی ئاسایی ژمارە (١٨)  ڕۆژی ٢٣-٧-٢٠١٤ کۆمەڵێک بڕیاری سەبارەت بە ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەرکرد و بە ئیمزای سەرۆکی پەرلەمان، ڕەوانەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کرا، ئەمڕۆ مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەردوو بڕیارەکە واژۆکرد، لەمڕۆشەوە هەردوو بڕیارەکە دەچنە بواری جێبەجیکردنەوە.

سەرچاوەیەک لە نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانەوە لە ڕاگەیەنراوێکدا سەبارەت بەو دوو بڕیارەی پەرلەمان، رایگەیاند" هەردوو بڕیاری ژمارە (١٨-١٩)ی پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەردوو بڕیارەکەی بە ژمارەی (٨-٩)ی ساڵی ٢٠١٤ واژۆ کرد.

سەبارەت بە ناوەڕۆکی ئەو دوو بڕیارەی پەرلەمانیش، سەرچاوەکەی نووسینگەی پەرلەمان وتی "ئەم بڕیارە ١٢ خاڵ لەخۆ دەگرێت، تایبەتە بە نیشتمانیکردنی ئەو هێزانە ودابینکردنی ئامێرو کەرەستەی پێویست بە کارەکەیان و یەکخستنی دەزگا ئەمنییەکان لە ناوچە  هاوبەشە کوردستانییەکان، کە پیشتر لە دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بوون، لەگەڵ چەند خاڵی گرنگی تردا.

سەبارەت بە بڕیاری تایبەت بە پێشمەرگە، ئەو سەرچاوەیەی نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وتی "لەم بڕیارەدا ٢١ خاڵی گرنگ هەیە، لەوانە پێویستە وەزارەتی پێشمەرگە یەکەم وەزارەت بێت موچە وەربگرن، سەرفکردنی دەرماڵەی مەترسی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان، یەکخستنی هەموو هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان باتایبەتی هێزەکانی (٧٠-٨٠) چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا لەماوەی ٦ مانگدا، دابینکردنی خواردنی تەندرووست بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، پێویستە حکومەتی هەرێم ئەرکی چارەسەری بریندارەکان لە ئەستۆ بگرێت، پێویستە هەمو ئەو چەک و ئامێرە سەبازییانەی کەوتوونەتە دەست هێزە جیاجیاکان بگەڕێنرێنەوە بۆ وەزارەت پێشمەرگە، لەگەڵ چەند خاڵێکی تردا.



PM:05:53:25/08/2014