"هێزەكانی پەیەدە و پەكەكە لە شەنگال لە 30 كەس زیاتر نین"


ئەندامێكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت سیاسەتی پەیەدە و پەكەكە لە باكووری كوردستان شكستخواردوو بووە و، دەیانەوێت هەمان شكست لە باشووری كوردستانیش تاقی بكەنەوە، بەڵام لە ڕێگەی فێڵی سیاسییەوە. دەشڵێت، هەموو هێزی پەكەكە و پەیەدە لە شنگال 30 كەسن، (جەمیل بایك)ـیش لە دەرەوەی وڵات ئەوە دەدات چەك نەدرێتە پێشمەرگە.

 (عەبدولسەلام بەرواری) چاودێری سیاسی و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكرات دەڵێت "پەكەكە ناچارمان دەكات ڕاستییەكان بڵێین، چەندان ساڵە لە باكووری كوردستان حیزبە كوردستانییەكان لەژێر دەستیان دەناڵێنن، ئەوە دەمێكە لە بەرچاوی خەڵك ڕوون بووەتەوە كە لە بەرانبەر حیزبەكانی دیكەیشدا، ئەم حیزبە تاكڕۆیانە كار دەكات، زۆر جاریش تۆمەت بۆ پارتی هەڵدەبەستێت، بەڵام ئەمە پەكەكەیە كە تەنیا خۆی دەبینێت."

وتیشی، "ئەوە لە پەكەكە چاوەڕوانكراو بوو، كە هەڵكردنی ئاڵای حزبییان لە شنگال و قەندیل چ واتایەك دەگەیەنێت؟ ئەم هێزە لە باكووری كوردستان نەیتوانی یەك بست خاك ئازاد بكات و ئاڵای خۆی هەڵبدات، كەچی دێت لە جێگەیەك كە حكوومەت و پەرلەمانی هەیە، وا ڕەوتار دەكات، زۆر جاریش خاتری گیراوە و لەبەر هەستی كوردایەتی، هیچی پێ نەگوتراوە. هەموو كۆمەڵگای نێودەوڵەتییش دان بەو شێوە حوكمڕانییەی هەرێمی كوردستاندا دەنێن، بەڵام ئەوان دژایەتی و لەكەداری دەكەن."

(بەرواری) هەروەها ڕوونیشی كردەوە، "كێشە لە نێوان پارتی و پەكەكەدا نییە، چونكە ئەوان لە هەر شوێنێك دەرفەتی خۆیان بدۆزنەوە وا دەكەن، لە ساڵی نەوەتەكات دەیانگوت پارتی كێشەی لەگەڵ پەكەكەدا هەیە، بەڵام هێزەكانی دیكەیش دواجار تووشی شەڕی پەكەكە بوون."

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە بۆچی پەیەدە سیاسەتی لە شنگال بۆ بەرژەوەندیی خۆی تۆخ كردووەتەوە، ئەو چاودێرە سیاسییە دەڵێت، "شنگال گرینگیی تایبەتی هەیە، لە ڕۆژئاوای كوردستان نزیكە و بۆ ئەوان شوێنێكی حزبیی باشە، هەروەها دەیانەوێت كار لەسەر دەنگی ناڕەزایی خەڵكانێك بكەن، جگە لەوەیش دەخوازن بە هێزێكەوە بە خەڵكی بڵێن كە ئێمە لە باشووری كوردستان هەین، ئەمڕۆ واقیعێك لەسەر ئێمە فەرز بكەن و ڕەنگە نیازیان هەبێت لە قەندیل بەشێك لە هێزەكانیان چەك دابنێن و بێنە ئەو شوێنانە بۆ ئەوەی شەڕ بە پارتی بفرۆشن."

دەشڵێت، "(جەمیل بایك) وەك دوژمنانی كورد دەچێتە دەرەوەی وڵات و داوا دەكات چەك نەدەنە هەرێمی كوردستان كە ئەمە سیاسەتێكی پڕشوورەییە."
(عەبدولسەلام بەرواری) ئاماژەیش دەدات، "پەكەكە گوتوویەتی كوردستان هەمووی بە موڵكی خۆمان دەزانین و هەر شوێنێكمان بوێت بۆی دەچین، بۆیە پەیەدە و پەكەكە لە شنگال لە 30 كەس زیاتر نین و ئێستایش كە ڕێگە بۆ ئاوارەكان كراوەتەوە، ئەوان نەك ڕێگری لە ئاوارەكان دەكەن، بەڵكە دەڵێن ئێمە ئەوانمان ئازاد كردووە، بۆیە سیاسەتی 30 ساڵەی سەرنەكەوتووی پەكەكە، پەیەدە دووبارەی دەكاتەوە كە بووەتە هۆی لەدەستچوونی زۆر دەرفەت بۆ كورد."



PM:03:04:03/09/2014