ئێران چی لە قاسمی سلێمانی کرد؟

‌لیوا حەسەن فەیروز ئابادی شەریکی قاسمی سلێمانی
کۆماری ئیسلامی ئێران سەرلەنوێ دۆسیەی سیاسی و ئەمنی عێراق رێکدەخاتەوەو ئەمجارە شەریکێکی بەهێز دادەنێت بۆ قاسمی سلێمانی بەرپرسی قەرارگای قودس.

لە کاتێکدا هەندێک لە میدیاکان بە تایبەتی ئەوروپییەکان باسیان لەوە دەکرد کە کەسی یەکەمی دەسەڵات لە ئێراندا کە عەلی خامەنئیە دۆسیەی عێراقی لە قاسمی سلێمانی سەندۆتەوە، بەڵام بەپێی هەندێک زانیاری ئەم دۆسیەیە لە لوتکەی دەسەڵاتەوە لە ئێران رێکخراوەتەوەو شەریکێکی بەهێز بۆ قاسمی سلێمانی دانراوە کە ئەویش لیوا حەسەن فەیروز ئابادیە.

بەپێی هەندێک زانیاری لە لوتکەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا دۆسیەی عێراق دابەشکراوە بەسەر دوو بەشدا، بەشێكیان سیاسی و ئەمنی کە سپێردراوە بە لیوای حەسەن فەیروز ئابادی، بەشە سەربازیەکەشی لای قاسمی سلێمانی ماوەتەوە.

لیوا حەسەن فەیروز ئابادی سەرۆکی سووپا سالاری هێزە چەکدارەکانی ئێرانە و بەکەسە نزیکەکانی عەلی خامەنەئی رابەری کۆماری ئیسلامی دەناسرێت.

ئەو چەند کەسێکی سەربازیە، هێندەش وەک کەسێکی سیاسی ناسراوە، بەپێچەوانەی قاسمی سلێمانیەوە کە بەکسێکی نهێنی و ئەمنی ناسراوەو زۆر پێ لەسەر چارەسەری ئەمنی و سەربازی دادەگرێت.
قاسمی سلێمانی کە وا ناسراوە کە داکۆیکاری سەرسەختی شیعەی عێراقە، بەڵام فەیروز ئابادی دەیەوێت جگە لە شیعە پەیوەندیەکی سیاسی باشیشی لەگەڵ کوردو سونەی عێراقدا هەبێت.

ئەوەی لەنێو هەردووکیشیاندا هاوبەشە جگە لەنزیکیان لە رابەری کۆماری ئیسلامی، عەلی خامەنەئی، دژایەتیکردنیانە بۆ ئەمەریکا، کە هەردووکیان بەباڵێ هەڵۆ ناسراون لە سیاسەتی ئێران بەرامبەر ئەمەریکا.  



PM:05:09:03/09/2014