سەرۆکایەتی هەرێم وەڵامی رووداو دەداتەوە

رۆژنامەی رووداو ئەمرۆ بڵاویکردەوە کە لادانی بەرپرسانی سەربازی لەنێو ریزی پێشمەرگەو زێرەڤانی دەستیپێکردووەو ناوی چەند بەرپرسێک دەهێنیت کە لابراون، سەرۆکایەتی هەرێمیش بەپەلە روونکردنەوە دەدات‌و دەڵێت " ئەو هەواڵە هیچ بنەمایەکی نییە".

رۆژنامەی رووداو نزیک پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمرۆ بڵاویکردەوە کە هەندێك گۆڕانكاری و لادانی فەرماندە سەربازییەكان دەستیپێكردووە و هەندێكی دیكەش بەمنزیكانە دەستپێدەكات، بەڵام سەرۆکایەتی هەرێم لەزاری وتەبێژەکەیەوە د. ئۆمێد سەباح روونکردنەوەیەک دەدات و دەڵێت" بڵاوبوونەوەی هەواڵی گۆڕانكاری لە پۆستە سەربازییەكان و لادانی ژمارەیەك فەرماندەی سەربازیی هێزەكانی پێشمەرگە لە تۆڕی میدیایی ڕووداودا، بە گشت لایەك ڕادەگەیێنین كە ئەم هەواڵە و ئەو ناوانەی لە هەواڵەكەدا ئاماژەی پێ دراوە هیچ بنەمایەكی نییە".

رووداو لە میانەی ئەو هەواڵەدا دەڵێت" بڕیاروایە عەزیز وەیسی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی زێرەڤانی بگۆڕدرێ، چونكە بەشێكی هەرە زۆری ئەو هێزەی شكستی هێنا لەو شەڕەدا سەر بە زێرەڤانی بووە".

هەروەها رۆژنامەکە جگە لەناوهێنانی پۆستی فەرماندەییەکان، دەڵێت"  سەعید كێستەیی، فەرماندەی سوپای یەكی زێرەڤانی لادراوە".
روونکردنەوەکەی سەرۆکایەتی هەرێم باس لەوە دەکات " جەنابی سەرۆك بارزانی فەرمانی دەركردووە بۆ لێكۆلینەوە لەو كەسانەی لە پاراستنی خەڵك و پێشمەرگە كەمتەرخەم بوونە. هەر جۆرە گۆڕانكاریی و لادانێكیش ئەو كاتە دەبێت كە لێكۆڵینەوەكان بە ئەنجام گەیشتبێت و بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەژێر ڕۆشنایی ئەنجامی لێكۆڵینەوە و دەركەوتنی ڕاستییەكاندا بڕیاری گۆڕانكاری و سزادانی بەرپرسە كەمتەرخەمەكان دەدات".

 لە دوا بڕگەشدا سەرۆکایەتی هەرێم داوا لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن یپنشف لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم بابەتە وردتر و پیشەییتر بن.

ده‌قی روونکردنه‌وه‌که
سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی هەواڵی گۆڕانكاری لە پۆستە سەربازییەكان و لادانی ژمارەیەك فەرماندەی سەربازیی هێزەكانی پێشمەرگە لە تۆڕی میدیایی ڕووداودا، بە گشت لایەك ڕادەگەیێنین كە ئەم هەواڵە و ئەو ناوانەی لە هەواڵەكەدا ئاماژەی پێ دراوە هیچ بنەمایەكی نییە.

جەنابی سەرۆك بارزانی فەرمانی دەركردووە بۆ لێكۆلینەوە لەو كەسانەی لە پاراستنی خەڵك و پێشمەرگە كەمتەرخەم بوونە. هەر جۆرە گۆڕانكاریی و لادانێكیش ئەو كاتە دەبێت كە لێكۆڵینەوەكان بە ئەنجام گەیشتبێت و بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەژێر ڕۆشنایی ئەنجامی لێكۆڵینەوە و دەركەوتنی ڕاستییەكاندا بڕیاری گۆڕانكاری و سزادانی بەرپرسە كەمتەرخەمەكان دەدات.

هیوادارین دەزگاكانی ڕاگەیاندن لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم بابەتە وردتر و پیشەییتر بن.

د. ئومێد سەباح
گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
8ـی 9ـی 2014





PM:01:45:08/09/2014