سەرۆکی پەرلەمان پیرۆزبایی لەخۆڕاگری خەڵکی کۆبانی دەکات

بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان د. یوسف محەمەد جگە لەپیرۆزبایی لەهێزی پێشمەرگە و هاولآتیانی کوردستان، پیرۆزبایی لە خۆراگەی خەڵکی کوردستان دەکات.

دەقی پیرۆزباییەکە..

بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
بەبۆنەی هاتنی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە، جوانترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرجەم هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکەم، هیوادارم هاتنەوەی جەژنی قوربان،  هاتنەوەی خۆشی و شادی بێت و کۆتایی بێت بەو شەڕ و نەهامەتییانەی ماوەی چەند مانگێکە بەرۆکی هەرێمەکەمانی گرتووە.

هاووڵاتیانی خۆشەویست..لەکاتێکدا هەمومان لەپێشوازی جەژنی قوربانداین، هەرێمی کوردستان لەبەردەم شەڕێکی نەخوازراوی تیرۆرستاندایە و پێشمەرگە قارەمانەکانمان پارێزگاریی لە خاکی کوردستان دەکەن، بۆیە لێرەوە بەناوی خۆم و پەرلەمانی کوردستانەوە،  سڵاو و پیرۆزبایی جەژنی قوربانیان بۆ دەنێرم. سڵاو دەنێرم بۆ خێزان و خانەوادەی ئەو پێشمەرگانەی کە لەماوەی ڕابردوودا شەهیدبوون، سڵاو و جەژنە پیرۆزە بۆ پێشمەرگە بریندارەکان و هەمو چین و توێژەکانی تری هەرێمەکەمان.

لەلایەکی ترەوە، لەم جەژنە پیرۆزەدا ڕۆژئاوای کوردستان بە گشتی و هەرێمی کۆبانی لەبەردەم هەڕەشەی تیرۆرستانی داعشدایە، هەربۆیە لێرەوە سڵاو دەنێرم بۆ پێشمەرگە قارەمانەکانی ڕۆژئاوا کە زۆر دلێرانە و قارەمانانە بەرگرییان لە کۆبانێ دەکەن و ڕێگە نادەن، دەستی ڕەشی تیرۆرستانی پێبگات. سڵاو و پیرۆزباییەکی گەرم لە خۆراگری خەڵکی قارەمانی کۆبانی و ڕۆژئاوای کوردستان، سڵاو و جەژنە پیرۆزە لە ئاوارە خۆڕاگرەکان، کە بەهۆی پەلاماری تیرۆرستانەوە ماڵ و حاڵی خۆیان جێهیشتووەو ئێستا لە هەرێمی کوردستان دەژین.

هەر لەم بۆنەیەدا بە پێویستی دەزانم، جەژنە پیرۆزە لە سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکەم، کە چەندین مانگە لەبەردەم قەیرانی دارایی هەرێم و بڕینی بودجە و موچەکانیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، خۆڕاگرانە و پێشمەرگانە بەردەوام بوون لەکار و خزمەتکردنی هاوڵاتیاندا....دوبارە جەژنی قوربان لە هەمو لایەک پیرۆز  بێت، هەمیشە لە جەژن و شادیدابن.



د.یوسف محەمەد سادق
                                           سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
       3-١٠-٢٠١٤




AM:10:48:04/10/2014