بارزانی داوا لەکۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات بەهانای خەڵکی کوبانیەوە بچن

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان د. فواد حسێن لە لێدوانێکدا بەناوی سەرۆکی هەرێـمەوە داوا لە کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی دەکات بەهانی خەڵکی کوبانی و پەنابەرانەوە بچن کە کەوتونەتە بەر هەڕەشەی داعش.

ئەمە دەقی لێدوانەکەیە
لێدوانێك لە سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لەبارەی ڕەوشی كۆبانێ

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان هەر لەسەرەتای هەڕەشە و پەلامارەكانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر كۆبانێ، پاڵپشتی كۆبانێ و خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان بووە و سەرۆك بارزانی زۆر بە پەرۆشەوە بەدواداچوونی بۆ بارودۆخی ئاوارەكان و ڕەوشی كۆبانێ كردووە و لە 19ـی ئەیلوولی 2014 لە پەیامێكدا داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد كە كۆبانێ لە هەڕەشەی تیرۆریستان بپارێزن و پەلاماری داعشی بۆسەر كۆبانێ بە نەفیرعام لەدژی گەلی كورد وەسف كرد.

پاش ڕووداوەكانی چەند ڕۆژی ڕابردوو و چڕتربوونی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر كۆبانێ بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەخت لە هەمان هەڵوێست دەكات و داوا لە وڵاتانی بەشداربوو لە هاوپەیمانێتیی شەڕی دژی داعش دەكات كە هاوكاری خەڵك و خەباتكارانی كۆبانێ بن بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش. سەرۆك بارزانی داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات بە هانای خەڵكی كۆبانێ و پەنابەران بچن كە لەبەر هەڕەشەی داعش پەنایان بۆ ئەو دیوی سنوور بردووە.

لەم دۆخە نالەبارەی كۆبانێ تێیكەوتووە سەرۆكایەتیی هەرێم و گەلی كوردستان پاڵپشت و هاوپەیمانی خوشك و برایانی خۆیانن لە كۆبانێ و ڕۆژئاوای كوردستان.

د. فواد حوسێن
سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
7ـی ئۆكتۆبەری 2014



PM:11:18:07/10/2014