لێدوانێكی حكومەت بۆ ئەو فەرمانبەرانەی موچەی مانگی 8یان وەرنەگرتووە


بەرپرسێكی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران ئاشكرای دەكات ئەم هەفتەیە مووچەی مانگی 8ی هەموو ئەو وەزارەتانە دابەش دەكرێت، كە مووچەیان وەرنەگرتووە.

چێنەر خەفاف بەڕێوەبەری گشتی كارگێری و دارایی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە باسنیوزی راگەیاند، ئەم هەفتەیە كۆتایی دێت بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 8، زیاتر وتی 'بەپێی ئەو پلانەی وەزارەتی دارایی، كە بە ئێمە دراوە، ئەم هەفتەیە مووچەی هەموو ئەو وەزارەت و فەرمانگانە دابەشدەکرێت، كە تاوەكو ئێستا مووچەی مانگی (ئاب)یان وەرنەگرتووە، پاشانیش بەرنامەی مووچەی مانگی ئەیلول دادەندرێت'.

وەزارەتی دارایی و ئابووری لە30ی ئەیلولی 2014 دەستیی كردوە بە دابەشكردنی موچەی مانگی ئاب، بەڵام تاوەكو ئێستا وەزارەتەكانی پەروەردە، ناوخۆ، تەندروستی، خۆێندنی باڵا، كشتوكاڵ، ئەوقاف و كاروباری ئایینی، ئاوەدانكردنەوە و دەستەكان و هەر سێ سەرۆكایەتیەكە و چەند فەرمانگەیەكی دیکە مووچەی مانگی ئابیان وەرنەگرتووە.

چێنەر خەفاف ئەوەی خستەڕوو، پارەی مووچەی مانگی 8ی ئەو وەزارەتانەی نەدراوە لە لایەن حكوومەت دابینكراوە.مانگانە وەزارەتی دارایی بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران پێویسی بە 850 ملیار دینار هەیە.



PM:01:46:18/10/2014