تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگای كوردستان بەلاغی کۆتایی كۆنگرەی خۆی بڵاوكردەوە


تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، ده‌قی بەلاغی کۆتایی یەکەمین کۆنگرەی دامەزراندنی راده‌گه‌یه‌نێت، که‌ بڕیاریداوه‌ لەبواره‌کانی نەتەوەیی و نیشتمانی، سیاسەتی دیموکراتی، ئابووری و کارگێڕییدا تێبکۆشێت و جه‌ختیشده‌کاته‌وه‌ لە بواری کۆمەڵایەتی و ماف و ئازادییەکانی ژنان و ئازادییەکانی  گەنجاندا تێبکۆشن. 


ده‌قی به‌لاغه‌که‌:

بەلاغی کۆتایی 
یەکەمین کۆنگرەی دامەزراندنی
تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان
ئێمە وەک کۆمەڵێک کەسێتی سیاسی، رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی، رێکخراوی کۆمەڵایەتی و پارتی سیاسی دوای ئەوەی لە رێکەوتی ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤دا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا و بەئامادەبوونی دەیان کەسێتی سیاسی و رۆشنبیری دەستپێشخەرییەکمان بەناوی "دەستپێشخەری تەڤگەری ئازادی" راگەیاند، لەرێکەوتی ١٧ی هەمان مانگیشدا بەئامادەبوونی ١٥١ ئەندامی جڤاتی گشتی، وەک نوێنەری سەرجەم شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان، لەژێر دروشمی" لەپێناو تاکێکی ئازاد و کۆمەڵگایەکی دیموکراتدا" یەکەمین کۆنگرەی دامەزراندنمان لە سلێمانی بەڕێوەبرد و لەکۆنگرەدا بەکۆی دەنگ بڕیاری دامەزراندنی "تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان"مان دا. لە کۆنگرەکەدا جڤاتی گشتی بەچڕوپری رەوشی جیهان و رۆژهەڵاتی ناوین بە گشتی و دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و پەروەردەیی و رۆشنبیری و بەرگری و بوارەکانی دیکەی ژیانی کۆمەڵگای باشووری کوردستان و ئێراقی تاوتوێکرد و گەیشتە چەند ئەنجام و بڕیارێکی گرنگ. هەروەها دوای پەسندکردنی پەیماننامەی تەڤگەری ئازادی و پرۆژە بڕیارەکان، لەهەڵبژاردنێکی دیموکراتیانەدا هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی هەر یەک لە بەڕێزان شیلان شاکر و محەمەد عەبدوڵڵا و دەستەیەکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی لە ١٥ ئەندامی کۆنگرە هەڵبژێردران. 
لەدایکبوونی تەڤگەرەکەمان لەکاتێکدایە کە لەچوارچێوەی پیلانگێڕییەکی دژە کورد و کوردستاندا گروپی چەتەکانی داعش بە پشتیوانی و هاوکارییەکی گەورەی دەوڵەتی داگیرکاری تورکیا و چەندین دەوڵەت و هێزی جیهانی و ناوچەیی دیکە پەلامارێکی داگیرکارانەی کوردستانیان دەستپێکردووە و بەهەموو دڕندەییەکەوە لەهەوڵی قڕکردنی گەلی کوردستان دان. گەلی کوردستانیش لەهەموو ئاستەکاندا، بەتایبەتی لە باشوور و رۆژئاوای کوردستاندا؛ پێشمەرگە و شەڕڤان و گەریلا دلێرەکانی کوردستان بەرگری و بەرخۆدانێکی مێژوویی و نەوازەیان نواندووە، بەتایبەتی لە کۆبانێدا گەل و شەڕڤانەکانی یەپەگە و یەپەژە بەرخۆدانێکیان نواندووە کە لەهەموو مێژووی مرۆڤایەتیدا نموونەیەکی نەوازەیە. بۆیە کۆبانێ ئیتر مێژووێکی پڕشنگداری تۆمار کرد و داهاتووێکی شکۆداریشی بۆ گەلەکەمان مسۆگەر کرد. ئیدی بەرخۆدانی کۆبانێ بۆتە سیمبۆلی بەرخۆدانی گەلی کوردستان و تەواوی مرۆڤایەتی، سیمبۆلی بەرگریکردن لە کەرامەت و ژیانی ئازادانەی گەلی کوردستان. ئەمەش ئەرکی ئێمەی لەبەرامبەر بە ئەرکە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی تەڤگەرەکەمانی روونتر و مەزنتر کردووە.    
هەروەها دامەزراندنی تەڤگەرەکەمان "تەڤگەری ئازادی" لەکاتێکدایە کە سیستەمی باڵادەستی جیهانی لەنێو گێژاوێکی قووڵی بونیادی دایە و تەواوی کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتیشی پەلکێشی ئەو گێژاوە هەمەلایەنە کردووە، لەپێناو لەسەرپێ مانەوەی خۆیشیدا کەوتۆتە نێو ململانێ و جەنگێکی خوێناوی جیهانییەوە و ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوینیشی کردۆتە چەقی ئەو ململانێ و جەنگە. کوردستان و هەر چوار دەوڵەتی باڵادەستی سەر کوردستانیش وەک ناوەندی ئەم ناوچەیە بوونەتە گۆڕەپانی سەرەکی یەکلاییکردنەوەی ململانێ و جەنگەکان. بەمەش کاریگەری تەواوی ململانێ و جەنگە جیهانی و ناوچەیی و هەرێمییەکان راستەوخۆ کاریگەری هەمەلایەنەی بەسەر کوردستان و ئەو دەوڵەتە قەوارەپارێزانەدا هەیە. 
باشووری کوردستانیش وەک بەشێکی کوردستان و لەسنووری ئێراقدا گۆڕەپانێکی گرنگی ئەم دۆخە گێژاوییەیە و کاریگەری راستەوخۆی جیهان و ناوچەکەی بەسەرەوەیە. تەنانەت هەم بۆتە گۆڕەپانێکی سەرەکی و هەمیش بۆتە بەشێک لە ململانێ و جەنگی نێوان جەمسەر و رەوتە ململانێکار و ناکۆکەکان . وێڕای ٢٣ ساڵ ئەزموونی دەسەڵاتدارێتی لە هەرێمدا، کەچی لە ئاستی سیستەمی دەسەڵاتدارێتی و دۆخی کۆمەڵایەتیدا لەنێو گێژاوێکی قووڵ و بەرفراوان دایە و ئیتر سیستەمی دەسەڵاتدارێتی و کۆمەڵگا بۆتە سیستەمی قەیران و بەڕێوەبردنی قەیرانەکان. ئەمەش لەگەڵ خۆیدا زەمینەی گۆڕانکارییەکی بنچینەیی گەورەی لەهەناوی خۆیدا هەڵگرتووە.
ئێمە لە کۆنگرەکەماندا؛ گەیشتینە ئەو راستییەی کە"  هەرچەندە ناڕەزاییە جەماوەرییەکان لەبەرامبەر بەم دۆخەدا تادێت زیاتر و چڕتر دەبێتەوە، بەڵام دەسەڵات بەهۆی تایبەتمەندییە قۆرخکارییەکەیەوە هێشتا بێباکە لە وەڵامی ئەرێنیانەی ناڕەزاییە جەماوەرییەکان. بەمەش دەسەڵات لەبری بوون بە هێزی چارەسەرکردنی ئەو دۆخە گێژاوییەی کە خۆی و کۆمەڵگاشی تێخستووە، بۆتە سەرچاوەی کێشە و قەیرانەکان و لەهەوڵەکانی بۆ رزگاربوون لەم دۆخەدا بەبنبەستی گەیشتووە. هێز و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بەهۆی مەیلی دەسەڵاتخوازێتی و نەبوونی ستراتیژ و بەرنامەیەکی چارەسەرئامێز بۆ کێشە و قەیرانەکان نەیانتوانیوە ببنە هێزی چارەسەری و لەگەڵ یەکەم هەنگاوی بەشداربوونیان لە دەسەڵاتدا بوونە هێزی یەدەگی دەسەڵات و ئەو وزە و پشتیوانییە جەماوەرییەی بەدەستیان هێنابوو، خستیانە خزمەت ئیدارەکردنی کێشە و قەیرانەکان نەک چارەسەرکردنیان. بەمەش ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتخواز ناڕەزاییەکان و هیوا و داخوازییەکانی کۆمەڵگای وەک پەیژەیەک بۆ گەیشتن بە دەسەڵات بەکارهێنا و دۆخێکی بێ ئۆپۆزسیۆنی لەناو پەرلەماندا هێنایەکایەوە. بەڵام ئەمە نە بەواتای چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکان دێت و نە ناڕەزایی و هیوا و داخوازییەکانی کۆمەڵگاش کۆتاییان پێدێت. بۆیە کۆمەڵگا، لەسەرووی هەموویانەوە چین و توێژە هەژار و رەنجدەرەکان، تا گەیشتن بە ماف و ئازادییەکانی خۆیان دەستبەرداری تێکۆشانی خۆیان نابن و بەردەوام لەنێو لێگەڕینی چارەسەری دان و لەمیانەی چالاکییە ناڕەزاییەکانییەوە هێزی نوێی گۆڕانکاری و وەرچەرخان و توانستی چارەسەری دەئافرێنن."
لەسەر ئەم بنەمایە؛ تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان کە بزووتنەوەیەکی نوێی جڤاکی سیاسی خاوەن جیهانبینی و رێبازی وەرچەرخانی دیموکراتیانەیە لەپێناو وەڵامدانەوەیەکی راستی ئەم دۆخە دژوارەی کە ئێستا لە باشووری کوردستاندا دەگوزەرێت لەدایک بووە و بەم ئامانجەشەوە تێکۆشانی خۆی دەستپێدەکات. مسۆگەر تەڤگەرەکەمان خۆی بە جێگرەوە یان دژبەری هیچ پارت و لایەنێکی سیاسی دیاریکراو نابینێت. بەڵام  بە رۆح و فیکرێکی ئۆپۆزسیۆنی رادیکاڵ و پۆزەتیڤ کار و خەباتی خۆی بەڕێوە دەبات، بۆئەوەی ببێتە هێزی چارەسەری کێشە و قەیرانەکان و بەشدارێکی چالاک و کاریگەر لە بونیادنانی سیستەمێکی سیاسی جڤاکی دیموکراتی. سەبارەت بە پرسە زیهنی، سیاسی، جڤاکی، چاندی و ئابوورییەکانی کۆمەڵگاش پرۆژە و خەباتی چارەسەرئامێزی خۆی دەبێت. 
لەیەکەمین کۆنگرەی جڤاتی گشتی تەڤگەری ئازادیدا لەمیانەی گفتوگۆیەکی کراوە و ئازادانەدا بەشێوەیەکی روون جیهانبینی و رێبازی کار و خەباتی تەڤگەرەکەمان و ئەرک و ئامانجەکانی دەستنیشان کرد و مۆدیلێکی نوێی رێکخستنی دامەزراند. لە کۆنگرەدا رێبازی کار و خەباتی تەڤگەری ئازادیمان دەستنیشان بوو، کە بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجانی ئازادیخوازە و بەشداری ژنان لەهەموو بوار و ئاستەکانی تێکۆشاندا لەسەر بنەمای بەشداری هاوبەش و یەکسان دەبێت و سیستەمی هاوسەرۆکایەتی بنەمایەکی سەرەکی بەڕێوەبردنی کار و خەباتمانە. هەروەها دیموکراتیزەکردنی تاک و جڤاک بۆ گۆڕان و وەرچەرخانی دیموکراتی شێوازی بنچینەییمان دەبێت. لەئاستی هەرێم و شار و شارۆچکە و گوندەکانیشدا سیستەمی ئەنجوومەنەکان بەبنەما وەردەگرین. 
هەروەها سەبارەت بە دۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتووری و بەرگری خۆیی لەئاستی نەتەوەیی و نیشتمانی و دیموکراتی و خزمەتگوزاریدا چەندین بڕیاری گرنگی وەرگرت، گرنگترینیان ئەمانەن: 
  یەکەم: لەبواری نەتەوەیی و نیشتمانیدا
١. لەپێناو یەکێتی و یەکگرتنەوەی جڤاک و خاکی کوردستاندا کۆنفیدراڵی دیموکراتی کوردستان بەئامانجی ستراتیژی خۆی دەبینێت.
٢.هەموو هەوڵێکمان بۆ بەستنی کۆنفرانسێکی نەتەوەیی تەرخان دەکەین. لەم چوارچێوەیەدا پرۆژەیەکی نەتەوەیی دیموکراتی ئامادە دەکەین و پشتیوانی تەواو لە تێکۆشان و بەرخۆدانی گەلەکەمان و هەوڵە ئاشتیخوازییەکان بۆ چارەسەری دیموکراتیانەی پرسی کورد لەپارچەکانی دیکەی کوردستان دەکەین. 
٣. پرۆژەیەکی دەستووری بۆ ئێراقێکی کۆنفیدراڵی دیموکراتی ئامادە دەکەین کە ماف و ئازادی گەلی کوردستان و گەلانی دیکەی ئێراق مسۆگەر بکات.
٤. پرۆژەیەکی دیموکراتی بۆ چارەسەری پرسی هەموو ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم ئامادە دەکەین.
٥. لەچوارچێوەی پرۆژەی نەتەوەیی و نیشتمانیدا خەباتی جددی و هەمەلانە بۆ پاراستنی زمان و شێوەزارەکان و شوێنەوار و کەلەپوور و فۆلکلۆری کوردەواری و گەلانی دیکەی کوردستان دەکەین.
٦. بەهەموو شێوەیەک پشتیوانی لە بەرگری و بەرخۆدانی شکۆمەندانەی پێشمەرگە و شەڕڤان و گەریلا گیانبازییەکانی کوردستان دەکەین کە دژ بە هێرشە دڕندەییەکانی چەتەکانی داعش و ئەوانەش کە پشتیوانی و هاوکاری ئەو گروپە سەرلێشێواوانە دەکەن لەسەنگەری کەرامەت و بەرگریکردن دان. بەتایبەتی بەرخۆدانی گەلەکەمان و شەڕڤانە بوێرەکانی یەپەگە و یەپەژە لە کۆبانێ و تەواوی رۆژئاوای کوردستان کە ئیدی بۆتە ناسنامەی بەرخۆدانڤانێتی گەلی کوردستان لەجیهاندا.
٧. لەپێناو تێگەیشتنێکی راست و دیموکراتیانە بۆ رۆڵی ئایین و ئایینزا و تەریقەتەکان لەسەر تاک و کۆمەڵگادا بێتەدی  و مەترسییەکانی هەموو جۆرە توندڕەوی و دەمارگیرییەکی ئایینی و ئایینزایی رێگیریی لێبکرێت پرۆژە و هەوڵ و تێکۆشانی دیموکراتیانەمان  پەرەپێدەدەین. 
دووەم: لەبواری سیاسەتی دیموکراتیدا
١.خەباتی ئۆپۆزسیۆنبوونی رادیکاڵانەی دیموکراتی تەڤگەرەکەمان لەسەر بنەمای ئۆپۆزسیۆنێتی پۆزەتیڤ دەستپێدەکەین و لە بەرەی گەل و ئازادیخوازان و دیموکراتیخوازاندا تێکۆشانمان بەرەوپێشەوە دەبەین. 
٢. کار بۆ پێشخستنی بەرەیەکی نەتەوەیی دیموکراتی لە کەسێتی ئازادیخواز، لایەنە سیاسییە دیموکراتیخوازەکان و رێکخراوە جڤاکییەکان دەکەین.
٣.لەپێناو داڕشتنی دەستوورێکی دیموکراتیدا پرۆژەیەکی دەستووری پێشکەش بە رای گشتی  کوردستان و پەرلەمانی هەرێم دەکەین.
٤. کار بۆ وەدەرنانی هەموو هێزە سەربازی و دەزگا هەواڵگرییەکانی دەوڵەتان و ئەو دەزگایانەی بەناوی دیکەوە دامەزراون دەکەین کە زیان بە ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانیمان دەگەیەنن.
٥. لەچوارچێوەی پرۆژەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانیدا هەوڵدەدەین گەل لەهەموو هەرێم و شار و لادێکانیدا خاوەن هێزی خۆیی بەرگریکردن بێت.
٦. بۆئەوەی هێزی پێشمەرگە، ئاسایش، دەزگای هەواڵگری، پۆلیس و سەرجەم دەزگاکانی تر ببنە دەزگای هەموو وڵات خەبات دەکەین تاکو ئەو دەزگایانە سەرلەنوێ دروستبکرێنەوە. 
سێیەم: لەبواری ئابووری و کارگێڕییدا
١. بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی لەهەموو کایەکانی سیستەمی سیاسی و کارگێڕیدا پرۆژە و خەباتی کرداری و جەماوەری پەرەپێدەدەین. 
٢. کار بۆ سەرلەنوێ رێکخستنەوەی سیستەمی کارگێڕی لە باشووری کوردستان و ئێراق دەکەین کە سیستەمی کۆنفیدراڵی دیموکراتی و خۆبەڕێوەبەرێتی دیموکراتی بەبنەما وەربگیرێت و ناوەندێتی کەم بکاتەوە، سنوورە کارگێڕییەکان بەگوێرەی هاوسەنگی و راستینەی دیموگرافی دانیشتوان رێکبخرێنەوە.
٣. لەبەرامبەر بە هەموو پرۆژە ئابوورییە پاوانخوازییە چەوسێنەرەکان تێکۆشان دەکەین.
٤. کار بۆ خۆماڵیکردن و بە نیشتمانیکردنی سامانی نەوت و گاز و سەرجەم وزە و کانە سروشتییەکان و هەموو بوارەکانی بەرهەمهێنان و وەبەرهێنان، تەندروستی، خوێندن و گەیاندن دەکەین. 
٥. بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەویە کشتوکاڵی و موڵکدارییەکان و گەڕاندنەوەی مافی موڵکێتی بۆ جوتیاران پرۆژەیەکی چاکسازی کشتوکاڵی ئامادە دەکەین.
٦. کاری جددی بۆ ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان و گەڕانەوە بۆ گوندەکان دەکەین و لەبواری کشتوکاڵی و ئاژەڵداریدا دەبینە خاوەن پرۆژەی هەروەزکاری. 
چوارەم: لەبواری کۆمەڵایەتیدا
١. بۆئەوەی بێکاری نەمێنێت و ژیان و مافەکانی کرێکار و رەنجدەران بپارێزرێن تێکۆشان دەکەین و بە پێویستییەکی گرنگی دەبینین کە یاسای مسۆگەری کۆمەڵایەتی و تەندروستی (الچمان الاجتماعی و الصحی) بۆ هەموو کەسێک لەهەر تەمەنێکدا بێت دابڕێژرێت و جێبەجێ ببێت. 
٢. کار بۆ دیموکراتیزەکردنی سیستەمی پەروەردە و فێرکردن لەهەموو ئاستەکاندا دەکەین و پرۆژەی پەروەردەی جڤاکی دیموکراتی لەئاستی هەرێم و شار و گەڕەک و لادێکاندا پێشدەخەین.
٤. کار بۆ پاراستنی ژیان و تەندروستی منداڵان و جێگیرکردنی سیستەمێکی پەروەردەیی پێشکەوتوو لە دایەنگە و باخچەی منداڵان و خوێندگای سەرەتایی و نەشونمای سروستیانەی منداڵان دەکەین و رێگیری لەهەموو جۆرە کارپێکردنێکی منداڵان دەکەین.
٥. لەپێناو دابینکردنی ژیانێکی ئاسوودە و ئارام بۆ پیر و پەککەوتە، کەمئەندام و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان تێدەکۆشین. 
٦. کار بۆ گۆڕینی سیستەمی تەندروستی و دابینکردنی بیمەی تەندروستی بەگوێرەی پێوەرە جیهانییەکان دەکەین.
٧. بۆ نەهێشتنی کرێچێتی و کێشەی نیشتەجێبوون پەرە بە پرۆژە هەرەوەزییەکان دەدەین.
پێنجەم: لەبواری ماف و ئازادییەکانی ژناندا
١. لەپێناوی ئەوەی ژن ناسنامە و ئیرادەی خۆی بەدەست بێنێتەوە و پێشەنگایەتی بونیادنانی جڤاکێکی ئازاد و یەکسان و دادپەروەر بکات تێکۆشانی هەمەلایەنەی خۆمان پێشدەخەین. 
٢.چەند پرۆژەیەکی تایبەت سەبارەت بە دۆخی ژنان ئامادە دەکەین لەوانە: پرۆژە یاسای هەموارکردنەوەی ئەو یاسانەی کەوا جیاکاری نەرێنی رەگەزیان بە بنچینە وەرگرتووە، وەک: یاسای باری کەسێتی، یاسای سزادان، یاسای کار و یاسای دژ بە لەشفرۆشی. پرۆژە یاسایەک سەبارەت بە ژنکوژی و بڕینەوەی سزای هەتاهەتایی بۆ هەر ژنکوژێک، بەمەرجێک هیچ لێبوردنێکی گشتی و تایبەت نەیگرێتەوە. پرۆژە یاسایەک بۆ چەسپاندنی رێژەیەک کە کەمتر نەبێت لە %40 بۆ ژنان لەسەرجەم کاروباری دەزگاکانی هەرێمدا. پرۆژە یاسایەک بۆئەوەی لەهەموو دامەزراوەکاندا سەرۆک یان جێگرەکەی ژن بێت، یاخود سیستەمی هاوسەرۆکی پەیڕەو بکرێت.
شەشەم: لەبواری ماف و ئازادییەکانی  گەنجاندا
١. لەپێناو نەهێشتنی هەژاری، بێکاری، مشەخۆری و تەشەنەسەندنی ماددە هۆشبەرەکان لەنێو ریزەکانی گەنجاندا لەهەموو ئاست و شوێنێکدا کۆمەڵەی هەرەوەزی ئاوادەکەین. 
٢.لەبەرامبەر بە هەموو جۆرە شاڵاوێکی کولتووری کە بەمەبەستی شێواندنی کەسێتی گەنج و لەدەستدانی وزە و توانست و پێشەنگایەتییە ئازادیخوازییەکەی گەنجان بەئامانج وەربگرێت، تێکۆشانی هەمەلایەنە دەکەین.
٣. لەپێناو پێشەنگایەتیکردنی گەنجان لە بەرگریکردن لە گەل و وڵاتدا لەچوارچێوەی بەرگری خۆیی و رەوادا هوشیاری بەرگریکردن و خۆڕێکخستەکردنی گەنجان لە ئاستی هەرێم و شار و لادێکاندا بەبنچینە وەردەگرین.
هاوکات لەگەڵ ئەم بڕیارانەدا تەڤگەری ئازادیمان گەلێک بڕیاری دیکەی وەرگرتووە و چەندین پرۆژەشمان بۆ یەکەم قۆناخی خەبات و تێکۆشانمان ئامادە کردووە. مسۆگەر ئێمە لە خەبات و تێکۆشانی خۆماندا پەروەردەی زیهنی دیموکراتی و رێکخستنی جەماوەری و ئیرادەی ئازاد بە بنەما وەردەگرین، گەل و جەماوەر بە پشتیوانی ماددی و مەعنەوی سەرەکی خۆمان دەزانین. سەرکەوتن و بەئامانج گەیشتنی تەڤگەرەکەشمان هەر تەنیا بە پشتیوانی گەل دێتەدی.     
لە کۆتاییدا ئێمە وەک تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان دەخوازین لە وڵاتەکەمان و لەنێو گەلەکەماندا ببین بە تەڤگەرێکی جێی باوەڕی و متمانەی گەلەکەمان، ببینە سەرچاوەی هیوا و ئیرادە و هێزی تێکۆشان و بەرگریکردن لە ماف و ئازادییەکانی گەل. لەم پێناوەشدا بە باوەڕی و ئیرادەیەکی تۆکمە و بە جۆشوخرۆشێکی شۆڕشگێرانەوە و بە ئەشقێکی مەزن بۆ ئازادی لەتێکۆشاندا دەبین. ئێمە داوای دۆستایەتی و هاوپەیمانێتی نەتەوەیی و دیموکراتی لەهەموو لایەنە سیاسییە ئازادیخواز و دیموکراتیخوازەکان و رێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان و کەسێتییە وڵاتپارێزەکان دەکەین کە بەهەماهەنگی و تەبایی لەپێناو بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانی و لەسەر بنەمایەکی دیموکراتیانە بەیەکەوە کار و خەبات بکەین و ببینە خاوەن پرۆژە و ستراتیژ و بەرەی نەتەوەیی و دیموکراتی هاوبەش. لەسەر ئەم بنەمایە؛ بۆئەوەی هەموومان رۆڵمان لە بونیادنانی تاکێکی ئازاد و کۆمەڵگایەکی دیموکرات و سیستەمێکی سیاسی جڤاکی دیموکراتدا هەبێت بانگەوازی لە گەلەکەمان بەگشتی و ژنان و گەنجان، چین و توێژە چەوساوە و رەنجدەرەکان، کەسێتییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەکان بەتایبەتی دەکەین کە؛ لەدەوری تەڤگەرەکەماندا کۆببنەوە، تاکو ئیرادەیەکی ئازاد و یەکگرتوو نیشان بدەین و ژیانێکی ئازاد و دادپەروەر و ئاشتی و دیموکرات بونیاد بنێین.  
سڵاو لە تەواوی گەلی کوردستان و بنەماڵەی سەربەزری شەهیدانی رێگای ئازادی. سڵاو لەو پێشمەرگە و شەڕڤان و گەریلایانە دەکەین کە لە جەلەولاوە تا کەرکوک، لە مەخمورەوە تا شەنگال، لە رەبیعەوە تا سەرێکانی و کۆبانێ لە سەنگەرەکانی رووبەڕوونەوەدا بەرگری لە گەل و نیشتمان و کەرامەتی نەتەوەییمان و تەواوی مرۆڤایەتی دەکەن.

دەستەی بەڕێوەبەرایەتی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان
21.10.2014                                                                                                               سلێمانی                                                                                              



PM:01:42:22/10/2014