مەلا کامەران:یاسای ئێوە بۆ ئافرەتان،جۆرێکە لەداعشێتی

‌ساڵح موسلیم و مەلا کامەران
کەسایەتی ئاینی دیاری سلێمانی مەلا کامەران عەلی خواڕەحم نامەیەک ئاراستەی هاوسەرۆکی پەیەدە ساڵح موسلیم دەکات دەرکردنی مەرسومی مافی ژنان لە رۆژئاوا، بە رەفتارەکانی داعش دەشوبهێنێت و دەڵێت" ئەمە جۆریکە لە داعشێتی".

هەفتەی رابردوو کانتۆنی ئەلجەزیرە لەرۆژئاوا مەرسومێکی مەدەنی بۆ مافی ژنان دەرکرد، مەلا کامەران کە وەک مەلایەکی ئۆپۆزسیۆن پێشوو لەباشور دەناسرا نامەیەکی کراوە ئاراستەی هاوسەرۆکی پەیەدە دەکات و دەڵێت" پەروایز خستنی ئاین لە ژیانی خەڵكی لە بواری كۆمەڵایەتی ئابوری و سیاسی.. جگە لەوەی هاوسۆزی و هاو خەمی موسڵمانان و زانایانی ئاینی میللەتەكەی خۆت لە دەست دەدەیت، هیچ بەرهەمێكی باشیشی نابێت و سەرئەنجام دەبێتە هۆی بەهێزبوونی بزوتنەوە ئیسلامیەكان و ئینتمایی ئاینی، ئەوكات دەبێت بەڕێزیشتان یان وەك ستالین ببەنە دیكتاتۆرێكی خوێن ڕێژی موسڵمان كوژ كە ئەوەش هەر دادت نادات و سەرئەنجام شكست دەهێنیت".

هەروەها لەنامەکەیدا لە تۆڕی کۆمەلآیەتی خۆی لە فەیسبووک ئەمرۆ بلآویکردۆتەوە ئامژە بۆ ئەوە دەکات" ئێمە لە زووەوە وتومانە داعش لیزمە لە ئیسلامیدا هەیە و لە چەپ و ماركسی و علمانیەتیشدا هەیە چونكە لۆژكەكەی سڕینەوەی هەموو ئەوانی تر و ڕەنگەکانی ترە ئەوكارەی ئێوەش كە لە"میرات و مارەیی ئافرەتان" و وەك پێدەچێت لە هەمووشتەكانی تردشدا هەر وایە!، جۆرێكە لە داعشێتی بەسەر زۆرینەیەکی موسڵماندا، ئێمە گومانی هەڵەمان وابوو كە ئێوە هیچ كێشەیەكتان لەگەل خودی ئیسلامدا نیە، بەڵام پێچەوانەكەی ڕاست دەرچوو".

لەکۆتایی نامەکەدا مامۆستا کامەران، دەڵێت" لێرە بەدواوە چاوێك بەهەڵوێستەكانماندا دەگێڕینەوە لە پشتوانی و یارمەتی دانی تۆ و پارتەکەت و شەڕەڤانەكانت".
سپی میدیا دەقی نامەکەی مامۆستا کامەران و گرنگترین مادەکانی مەرسومی مافی ژنان لە کانتۆنی جەزیرە، بلآودەکاتەوە..  

نامەیەكی كراوە بۆ بەڕێز: "صالح" مسلم هاوسەرۆكی پەیەدە

بەرێزم: بەو پێیەی بەندە یەكەم مامۆستایەكی ئاینی بووم كە دژایەتی خۆم بۆ هەڵوێستی گروپە ئیسلامیەكان و بەتایبەتیش بەرەی نصرە دەربڕی ئەوكات كە لە عفرین و ناوچە كوردیەكان لە دژتان دەجەنگان، هەروەها یەكەم مامۆستایەكی ئاینی بووم كە دژایەتی خۆمم دەربڕی لە چوونی گەیاند کە هەر کوردێک لەشەڕی دژی کوردستانی ڕۆژئاوا بکوژرێت پێی ناوترێت شەهیدو ستەمکارە، وە بۆ ئێستاش هەمووان هەڵوێستی بەندە دەزانن سەبارەت بە داعش و کۆبانی و پێشمەرگەو شەڕڤانەکان....هتد!.

بەهەرحاڵ ئەوەی دەمەوێت لەم نامەیەدا تۆخی بكەمەوە تا خراپ حاڵی بوون ڕوونەدات، ئەوەیە: بەڕێزتان و پەكەکەو پەیەدەو ئەو هێز گەل و ئایدۆلۆژیایە یەكسان نین بە یەك بست لە خاك و نیشتمانی کوردستان، ئێوەو هەڵوێستەكانتان یان بیروباوڕ و ئایدۆلۆژیاتان جیگەی ڕەخنەو قسە لەسەركردنە، ڕاستە ئێوە قوربانی زۆرتان داوە لە مێژووی شۆڕشی نەتەوایەتیدا، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نیە ئەوەی دەتوانن بیكەنە دەستورو نەهج و پرۆگرامی حیزبی خۆتان بەهەمان شێوەش بیسەپێنن بەسەر گەلانی ژێر دەستەتانداو ڕەچاوی ئاین و بیروباوەڕی زۆرینەی ئەو خەڵكە نەكەن!، بەتایبەتی ئاینی پیرۆزی "ئیسلام" كە ئاین و بەرنامەی ژیانی زۆرینەی خەڵكی كوردستانەو دەبێت ڕێزی لێبگیرێت، زۆر بەداخەوە وا خەریكە قسەی نەیارەكانمان لەسەرتان دەبێت بەڕاست و گومانە باشەكانی ئێمەش دەبنە هەڵە و بەرگری كوێرانەو دەمارگیری!، وا خەریكە شەرمەزارمان بكەن!، بەڕێزم: دەركردن و پەروایز خستنی ئاین لە ژیانی خەڵكی لە بواری كۆمەڵایەتی ئابوری و سیاسی... جگە لەوەی هاوسۆزی و هاو خەمی موسڵمانان و زانایانی ئاینی میللەتەكەی خۆت لە دەست دەدەیت، هیچ بەرهەمێكی باشیشی نابێت و سەرئەنجام دەبێتە هۆی بەهێزبوونی بزوتنەوە ئیسلامیەكان و ئینتمایی ئاینی، ئەوكات دەبێت بەڕێزیشتان یان وەك ستالین ببەنە دیكتاتۆرێكی خوێن ڕێژی موسڵمان كوژ كە ئەوەش هەر دادت نادات و سەرئەنجام شكست دەخۆیت و لە لوتكەی كۆشكەكەتدا " قل هو الله أحد " دەخوێنرێتەوە وەك ئەوەی لە كۆشكی كرملن دا خوێنرا، یان سەرئەنجام وەك ئێستای توركیات لێ بەسەردێ‌ دوای حەفتا ساڵ علمانیەتی تۆتالیتاری و ستەم و نادادی بەرامبەر ئیسلام دواجار لەسەردەستی ئیسلامیەكان ملی شكا !، ئەوەش بزانە ئیسلام پێویستی خەڵكە نەك پێویستی بە خەڵك بێت، ئیسلام ناسەپەێت بەڵكو دەبێت خۆت زۆر مەمنونی ببیت ئەگەرنا منەتی پێت نیە، ئێمە لە زووەوە وتومانە داعش لیزمە لە ئیسلامیدا هەیە و لە چەپ و ماركسی و علمانیەتیشدا هەیە چونكە لۆژكەكەی سڕینەوەی هەموو ئەوانی تر و ڕەنگەکانی ترە ئەوكارەی ئێوەش كە لە"میرات و مارەیی ئافرەتان" و وەك پێدەچێت لە هەمووشتەكانی تردشدا هەر وایە!، جۆرێكە لە داعشێتی بەسەر زۆرینەیەکی موسڵماندا، ئێمە گومانی هەڵەمان وابوو كە ئێوە هیچ كێشەیەكتان لەگەل خودی ئیسلامدا نیە، بەڵام پێچەوانەكەی ڕاست دەرچوو، ئێوە كێشەتان لەگەڵ خودی ئیسلامدا هەیە، بەم پێیە وا پێدەچێت لای ئێوە دەبێت ئیسلام پێشی موسڵمان باجی لەسەر بێت،
بەڕێز: وا خەریكە دەگەمە كۆتایی نامەكەم، دووبارەی دەكەمەوە بەڕێزت و پارتەكەت شتێكن و نیشتمان و خاك و نەتەوەی كوردوستان شتێكی تر، ئێمە بەردەوام دەبین لە هاوسۆزی و پەرۆشی و یارمەتی و پشتیوانی بست بە بستی خاكی كوردوستان لە هەر چوار پارچەكەداو جیاواز سلێمانی و کۆبانی بۆ ئێمە نییەو بە پەرستشیشی دەزانین، بەڵام لێرە بەدواوە چاوێك بەهەڵوێستەكانماندا دەگێڕینەوە لە پشتوانی و یارمەتی دانی تۆ و پارتەکەت و شەڕەڤانەكانت،خۆ ئەگەر ئێوە پەشیمان نەبنەوە لەو هەڵوێستەتان بەرامبەر بە ئیسلام ئەوە ئێمە پەشیمان دەبینەوەو تەوبەیەكی نەصوحیش دەكەین لەوەی گومانی باشمان زۆر بوو پێتان و زۆر بەتوندی ڕووبەڕووی زۆرێك لە مامۆستایانی ئاینی و برا موسڵمانەكانی ناو خۆمان دەبوینەوە، تا ئەوەی ئێمە ئەوانمان بە خەڵەفاوو ئەوانیش ئێمەیان تكفیر دەکرد لەسەر پشتوانیمان لە جەنابت و پارتە ئایدلۆژیەکەت!،

بۆیە بەندە پێیوایە: هێشتر كات زووە بۆ ئەوەی دڵنیابیتەوە لە سەلامەتی و سەقامگیری حوكومەتەكەت و بێ منەتیت لە ئیسلام و هاوسۆزی موسڵمانان و زانایانی ئاینی!!!، هەم كاتیش ماوە بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بکەن بە بڕیار و هەڵوێست و بیروباوەڕەتان بەرامبەر خودی ئیسلام و یاساكانی، بەتایبەتیش یاسای باریكەسێتی لانی كەم بەکۆی گشتی نابێت ڕۆڵی ئاین لەو كانتۆنەی ڕۆژئاوادا كەمتر بێت لە ڕۆڵی ئاین لە هەرێمی كوردستانی باشوردا، ئەگەرنا هەڵوێستمان زۆر لەوەش توندتر دەبێت ئەوكات لۆمەی كەس نەكەن خۆتان نەبێت!.

م ملا كامران علی خواڕەحم
هەینی 14/ 11/2014 ئێستاش

مەرسومی ژمارە 22ـ ساڵی 2014 بڵاوكردەوە، سەبارەت بەمافەكانی ژنان و مەبدەئەكانی ژیان دەكرێت لەژێر فەرمانڕەوایی ئیدارەی خۆڕێبەری رۆژئاوا: 

گرنگترین خاڵەکانی مەرسوومەکە :

- یەكسانی نێوان ژن و پیاو لە هەموو بوارەكانی ژیان.

- ژنان مافی هەڵبژاردن و خۆپاڵاوتنیان هەیە.

- پابەندبوون بە مەبدەئی بەڕێوەبەرایەتی هاوبەش لە سەرجەم دامەزراوەكان.

- ژنان مافی دامەزراندنی رێكخراوی سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئابووری و رۆشنبیرییان هەیە.

- كاتێك گفتوگۆ لەبارەی ئەو یاسایانە دەكرێت كە لە حاڵەتی لەناكاو لەلایەن ئەنجوومەنی یاسادانانەوە دەردەچێت دەبێت نوێنەری رێكخراوی ژنان و مافەكانی مرۆڤ ئامادەبن.

- كاتێك یاسایەكی تایبەت بە ژنان لەلایەن ئەنجوومەنی یاسادانانەوە دەردەچێت دەبێت بیروباوەڕی ژنان بە هەند وەربگیرێت.

- ژنان و پیاوان یەكسانن لە مافی كاركردن و كرێ وەرگتندا.

- لە رووی یاساییەوە ژنان و پیاوان یەكسانن لە گەواهیدان " شەهادەدان".

- نابێت كچ بەبێ ویستی خۆی بەشووبدرێت.

- پوچەڵكردنەوەی مارەیی بەهۆی ئەوەی دەبێتە هۆی ئەوەی ژن خاوەنی بۆ پەیداببێت و لەجێگای ئەوەش دەبێت ژن و پیاو هاوبەشی بكەن لە دابینكردنی ژیانیان.

- قەدەخەكردنی فرەژنی.

- هەردوولا بۆیان هەیە داوای جیابوونەوە بكەن و تەڵاقیش تەنیا بە ویستی هەردوولا دەبێت. ژن و پیاو لە هەموو بابەتەكانی پەیوەندیدار بە میرات یەكسانن.

- كوشتن بەبیانووی شەرەف تاوانە و ئەو كەسەی ئەو كارەش بكات بەپێی یاسا بە بكوژ هەژماردەكرێت و سزادەدرێت.

- ژن یان پیاو ئەگەر خیانەت لە هاوسەرەكەی بكات بە شێوازێكی تووند سزادەدرێت.

- بەتاوانكردنی مامەڵەكردن بە منداڵان و ژنان و دانانی سزای توند بۆ ئەو كەسانەی ئەم كارە دەكەن جا ئەم مامەڵەیەش لە رووی " سێكس، كارپێكردنی منداڵان یان بازرگانیكردن بە ئەندامەكانی مرۆڤەوەبن".

- قەدەخەكردنی بەشوودانی كچان بەرلە تەمەنی 18 ساڵی.

- ئەگەر ژنێك هاوسەرگیری كردبێت یان نا مافی خۆیەتی تاوەكو منداڵەكانی دەبنە 15 ساڵ پەروەردەیان بكات و دەبێت هەر یەكە لە ژن و پیاوەكە لە رووی مادییەوە ئەركەكانیان بەرامبەر منداڵەكان جێبەجێبكەن.

- ئەو ژنانەی كاردەكەن دەبێت كاتێك منداڵیان بوو مۆڵەتیان پێبدرێت و مووچەشیان نەبڕێت ئەمەش تاوەكو 3 منداڵ جێبەجێ دەكرێت.



AM:12:52:15/11/2014