عادل موراد: پێویستە سەرکردایەتی هاوکاری هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بکەن

‌عادل موراد
سەرۆکی ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتی بە رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی راگەیاند: "پێویستە لەسەر سەرکردایەتیی یەکێتی، لەنێو خۆیان رێکبکەون و ئاشت ببنەوە، پێویستیشە هاوکاری لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بکەن، نابێت ناکۆکییەکان وا لێبکرێن کە ببنە هۆکاری کەرتبوونی یەکێتی، ئەوە بەهیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت و قاعیدەی جەماوەریی حیزبیش ئەوە قبوڵ ناکات”.

رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی چاپی لەندەن لە ژمارەی دوێنێی خۆیدا سەبارەت بە كێشەكانی ناو یەكێتی بڵاویكردەوە كە 24 ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی، نامەیەكی ناڕەزاییان داوەتە هێرۆ برایم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبە، كە ئەگەر چاكسازی لەناو حزب دا نەكرێـت دەست لەكاردەكێشنەوە.

سەبارەت بەو نامەیە عادل موراد، سەرۆکی ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتی بە رۆژنامەكەی راگەیاندوە  کە دژی هەر جیابوونەوەیەکە لە یەکێتیدا، بەتایبەت کە جەلال تاڵەبانی ئێستا نەخۆشە، لەبارەی ئەو هەواڵ رکابەرییانەی ناو حیزبەکەی دەڵێت "ئەوە پابەند بوونی هەندێک کەسە بە بەرژەوەندییە کەسییەکانیان، نەک پابەندبوونیان بە بەرژەوەندییەکانی حیزبێک، کە لەپێناو بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان و عێراق دامانمەزراند و کارمان تێدا کرد”.

لەبارەی ناکۆکییەکانەوە عادل موراد دەڵێت: "پێویستە لەسەر سەرکردایەتیی یەکێتی، لەنێو خۆیان رێکبکەون و ئاشت ببنەوە، پێویستیشە هاوکاری لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بکەن، نابێت ناکۆکییەکان وا لێبکرێن کە ببنە هۆکاری کەرتبوونی یەکێتی، ئەوە بەهیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت و قاعیدەی جەماوەریی حیزبیش ئەوە قبوڵ ناکات”. عادل موراد داوادەکات: "پیویستە پەلە بکرێت لە گرێدانی کۆنگرەی چوارەمی یەکیتی و سکرتێرێکی نوێ هەڵبژێردرێت، وەک چۆن لە هەموو حیزبێک ئەوە دەکرێت، سەرکردەی حیزبەکان نەخۆش دەکەون و دەمرن، بەڵام ئەوە مانای کۆتاییی حیزبەکان نییە، بەڵکو لە رێگەیەی دیموکراتی روون، سەرکردەیەکی نوێ هەڵدەبژێردرێت، من بەردەوام دەبم لەسەر داواکاری گرێدانی کۆنگرە، هەروەک چۆن هێرۆخانیش داوای گرێدانی دەکات”.

عاد موراد زیاتر دەڵێت: "پێویستە کۆنگرەی گشتی لە مانگی داهاتوودا ببەسترێت، ئەگەر ئەوە نەکرێت هەموو سەرکردایەتیی یەکێتی دەبێتە ناشەرعی، تەنیا ئەنجوومەنی ناوەند دەتوانێت سەرکردایەتیی حیزب بکات، چونکە لەلایەن قاعیدە و کادیرەکانی یەکێتییەوە هەڵبژێردراوە”. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات "تاڵەبانی خۆیشی داوای گرێدانی کۆنگرە دەکات”.

لەبارەی داواکاریی ئەو ئەندامانەی سەرکردایەتیی حیزبەکەی، عادل موراد دەڵێت: "ژمارەی ئەندامانی سەرکردایەتی 50 کەسە، نە 16  ئەندامە ، نە 24 ئەندامیشە، پیویستە هەموو ئەندامان لەسەر بەیاننامەیەک یاخود پەیامێک رێکبکەون، ئێستا ئەوە لەبەردەمە، ژمارە بۆمن گرنگ نییە، دژایەتیی ناوەڕۆکی بەیاننامەکەش ناکەم، ئەوەی لە بەیاننامەکەشدا هاتووە شتێکی ئیجابییە لە بەرژەوەندیی یەکێتیشە، ئێمە لە یەکەمینەکانین کە داوای بەستنی کۆنگرە و دژایەتیی گەندەڵی و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دارایی یەکێتی و گرتنەبەری شەفافییەت دەکەن لە کارکردن، چونکە ناکڕیت داوای شەفافییەت بکەین و کاریشی پێنەکەین”.

عادل موراد هۆشداریی ئەوەش دەدات: "بارودۆخەکان لەدوای تاڵەبانی گۆڕاون، بەڵام ئێمە بەردەوام کار لەسەر ئەوە دەکەین، کە ئەو حیزبەی دامانمەزراندووە نەڕووخێت، یەکێتی قەڵای دیموکراتیەتە، رووخانی لە بەرژەوەندیی هێزە کوردییەکانی دیکەدا دەبێت: "داواش دەکات مەبدەئی "ئەوەت لە کوێ بوو؟” بەکاربهێندرێت، بۆ ئاشکراکردنی دارایی سەرکردەکانیان و بەراوردکردنییان لەگەڵ ئەو داراییەی کە لە دوای راپەڕین هەیانبووە و لەگەڵ ئەو پارە و کۆمپانیایانەی ئێستا هەیانە”.

پیشتر سپی میدیا لە هەواڵێكدا ناوی ژمارەیەك لە سەركردایەتی یەكێتی بڵاوكردەوە كە واژۆی ئەو نامەیان كردبوو و خوازیاری چارەسەری بەپەلە لەناو حیزبەكەیاندا بوون.

بۆ بینین ناوەكان لێرە كلیك بكە.



PM:03:20:06/12/2014