نازم دەباغ: ئێران لەسەر داوای حكومەتی عێراق بۆردومانی داعشی كردوە

‌نازم دەباغ
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران دەڵێت: فڕۆکە جەنگییەکانی ئێران لەسەر داوای حکوومەتی عێراق چەند بنکەیەکی چەکدارانی داعشیان لە ناوەڕاستی عێراق بۆردومان کردووە.

نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران دەربارەی هەڵوێستەکانی ئێستای ئێران لە شەڕی دژی داعش، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ وتی: "ئێران لەسه‌ر هەڵوێستەکانی خۆی له‌باره‌ی پێشکەشکردنی هاوکاری مرۆیی و سەربازیی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بەردەوامە، وەک بەرپرسانی ئەو وڵاتە رایانگەیاندووە، هەر کاتێک داوایان لێکرابێت بە هەموو شێوەیەک ئامادەی یارمەتیدان بوونە".

دەربارەی دەنگۆی بەشداری کردنی فڕۆکە جەنگییەکانی ئێران لە بۆردومان کردنی خاڵەکانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی ناسراو بە (داعش) لە خاکی عێراقدا، دەباغ وتی: "وەک بەشێک لە بەرپرسانی ئێران باسیان لێکردووە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئێران لەسەر داوای حکوومەتی عێراق چەند بنکەیەکی چەکدارانی داعشیان لە ناوەڕاستی عێراق بۆردومان کردووە. دیارە ئەمە یەکەمجار نییە کە فڕۆکەکانی ئێران دێنە ئاسمانی عێراق و بەشداری شەڕی داعش دەکەن، لە پێشووشدا ئێران هه‌ر هاوکاربووە".

وتەكانی نازم دەباغ لەكاتێكدایە كە پێشتر حەیدەر عەبادی سەرۆك وزیرانی عێراق رایگەیاند كە فرۆكە جەنگییەكانی ئێران مافی ئەوەیان نیە سنوری ئاسمانی عێراق ببەزێنن‌و تەنها فرۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان‌و ئەمەریكا رێگە پێدراون بۆ فڕین لەئاسمانی عێراق.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو قسانەی رەتکردەوە کە باس دەکرێت گوایە حکوومەتی ئێران تەنیا هاوکاری سەربازیی پێشکەش بە پێشمەرگەی ژێر ئیدارەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردبێت و لەوباره‌یەوە وتی: "من وەک نوێنەری هەرێم لە تاران ئەو قسانە رەت دەکەمەوە، چونکە سوپای ئێران لە رووی سەربازییەوە ئەگەر چەک و تەقەمەنی دابێت بە پێشمەرگە یان فڕۆکە جەنگییەکانی هێرشیان کردبێت، چۆن هاریکاری پێشمەرگەی لە جەلەولا کردووە، بە هەمان شێوە لە شەڕی مەخموور هاریکاری پێشمەرگەی کردووە و بەشدارییان کردووە".

ئەو بەرپرسەی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد کە هیچ شاندێکی هەرێم لە ماوەی نزیکی رابردوودا نەچووەتە ئێران و کۆبوونەوە ساز نەکراوە.

سەبارەت بەو بابه‌ته‌ش نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران وتی: "پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئێران لە ئاستێکی باشدایە و وەک خۆیەتی، بەڵام بە ئاگایی نوێنەرانی حکوومـەتی هەرێمی کوردستان هیچ کۆبوونەوەیەک لە نێوان هەردوولا لە ماوەی مانگی رابردوودا ئەنجام نەدراوە. ئەگەر هەر کۆبوونەوەیەکیش هەبووبێت دەکرێت لە رێگای نوێنەرانی ئێران لە هەولێر و سلێمانی رێکخرابێت".



PM:04:08:07/12/2014