بارزانی: بەرپرسیارییەتی کەوتنی موسڵ لە ئەستۆی مالیکییە

‌مەسعود بارزانی
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیاندراوێکدا، وەڵامی راگەیاندراوەکەی نووسینگەی نوری مالیکی جێگری سەرۆک کۆماری عێراقی داوەتەوە، رایدەگەیەنێت: بەرپرسیارییەتی کەوتنی موسڵ لە ئەستۆی مالیکییە.

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارییەتی کەوتنی موسڵ دەخاتە نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق و رایگەیاندووە "سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق لە كەوتنی موسڵ و شكستی سوپای عێراق بەرپرسیارە و ناتوانێ بەمجۆرە لێدوان و ڕاگەیاندراوانە شكست و بەرپرسیارێتیی خۆی دابپۆشێت”. تەئکید لەوەش کراوەتەوە "هەرچی نەهامەتی و ناسەقامگیری و قەیران كە بەسەر خەڵكی عێراق هاتووە و هەروەها شكستە سیاسی و سەربازی و ئابوورییەكانی عێراق ئەوە سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق و دەورووبەرەكەی لێی بەرپرسیارە”.

 دەقی راگەیاندراوەکە
نووسینگەی ڕاگەیاندنی نوری مالیكی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق لە ڕاگەیێندراوێكدا كە لە ڕێكەوتی 18ـی 12ـی 2014 بڵاوكراوەتەوە باسی ئەوەی كردووە كە سەبارەت بە دروستبوون و جموجۆڵ و هەڕەشەكانی تیرۆریستانی داعش بەر لە كەوتنی موسڵ لە حوزەیرانی ڕابردوو سەرۆك بارزانی بە هیچ شێوەیەك پەیوەندی بە سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق نەكردووە.

 

لێرەدا بە گشت لایەك ڕادەگەیێنین كە بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراقی لە مەترسیی دروستبوونی داعش و هەڕەشە و جموجوڵەكانیان لە ڕۆژئاوای پارێزگای نەینەوا و شاری موسڵ ئاگادار كردووەتەوە و پێی ڕاگەیاندووە كە هەرێمی كوردستان ئامادەیە بەهۆی ئۆپڕاسیۆنێكی هاوبەش یارمەتیی هێزەكانی عێراق بدات بۆ ئەوەی ڕێگە لە گەشە و بەهێزبوونی تیرۆریستان لەو ناوچەیەدا بگیرێت. بەڵام سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق ئەم ئاگاداركردنەوە و پێشنیارەی سەرۆك بارزانی بە هەند وەرنەگرت و گوێی لێ نەگرت. بەڕێز سەید عەمار حەكیم و د. ڕۆژ نوری شاوێس جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق و باڵیۆزی ئەو كاتی ئەمەریكا لە عێراق شاهیدی ئەوەن كە سەرۆك بارزانی لەڕێی ئەوانەوە سەرۆك وەزیرانی عێراقی لەو مەترسیە ئاگادار كردووەتەوە.

 

سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق لە كەوتنی موسڵ و شكستی سوپای عێراق بەرپرسیارە و ناتوانێ بەمجۆرە لێدوان و ڕاگەیاندراوانە شكست و بەرپرسیارێتیی خۆی دابپۆشێت. لەو ماوەیە هەرچی نەهامەتی و ناسەقامگیری و قەیران كە بەسەر خەڵكی عێراق هاتووە و هەروەها شكستە سیاسی و سەربازی و ئابوورییەكانی عێراق ئەوە سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق و دەورووبەرەكەی لێی بەرپرسیارە.



PM:03:15:20/12/2014