لەشەڕی ئەمرۆدا ١٢ داعش کوژراو، پێشمەرگە ٧ شەهیدی هەیە

بەرەبەیانی ئەمرۆ ٧-١ چەکدارانی داعش لە ڕێگای ئۆتۆمبیلێکی خۆکوژەوە هێرشیان کردە سەر گوندی خەرایج سەر بەناحیەی عیازەو سەرەتا دوو گوندیان کۆنترۆڵکرد، بەڵام پێشمەرگە لێیان هاتە دەست‌و هێرشەکەی شکاندو ١٢ چەکداری لێکووشتن و ٧ پێشمەرگەش شەهیدبوون.

سەرچاوەیەک لە ‌هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە دەڤەری زومار، بە سپی میدیای راگەیاند کاتژمێر ٧ ی بەیانی چەکدارانی داعش هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر گوندی خەرایج بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی دووڕیانی حەردان کە دەڕواتەوە بۆ سەر شاخی شەنگال.
بەپێی سەرچاوەکەی سپی، سەرەتا داعش پێشڕەوی لەدوو گونددا کردبوو، بەڵام دواتر پێشمەرگە لێیان هاتە دەست و لە ئاسمانیشەوە فرۆکە جەنگیەکانی هاوپەیمانان بۆردومانی چەکدارانی داعشیان کردوو لە ئەنجامدا هێرشەکە تێکشکاو بەپێی ئامارەکانی پێشمەرگە داعش ١٢ کەسی لێ کوژراوە کە لاشەی ٧ کەوتۆتە دەست هێزی پێشمەرگە.

سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ژمارەی کوژراوەکانی داعش زۆر لەوە زیاترەو هەندێکیان لە بەرەی پشتی شەڕکەوە بەهۆی تۆپبارانی پێشمەرگەو بۆردومانی فرۆکەکانەوە کوژراون کە تا ئێستا نەزانراوە چەندن.

سەرچاوەکەی هێزی پێشمەرگە بە سپی راگەیاند کە ٤ ئۆتۆمبیلی هەمەری داعش لەو شەڕەدا سوتێنراون.
بەپێی ئەو زانیاریانە زیانەکانی هێزی پێشمەرگە ٧ پێشمەرگەی شەهیدو زیاتر لە ٣٠ بریندارە. 

لەلایەکی ترەوە لە میحوەری شەنگال چەکدارانی داعش بەرەبەیانی ئەمرۆ هێرشیکیان کردە سەر چەند ناوچەیەکی دەست هێزی پێشمەرگە لە ناو شەنگالدا، بەڵام پاش شەڕێکی سەخت تێکشکان و چەندین لاشەیان لەمەیدانی شەڕەکە جێماوە.
   



PM:08:03:07/01/2015