سەرۆكایەتی هەرێم: ئەم رەفتارە دژی ویستی خەڵكی ئێزدی و تێكڕای خەڵكی كوردستانە
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی سەبارەت بە هەوڵدان بۆ دروستکردنی کانتۆنی شنگال بڵاوکردووەتەوەو تێدا هاتووە "ئەم رەفتارە دژی ویستی خەڵكی ئێزدی و تێكڕای خەڵكی كوردستانە".
لە راگەیەندراوەکەدا کە ئێوارەی ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە هاتووە "بە داخەوە لە رێكەوتی 14ـ1ــ 2015 تاقمێك بەشێوەیەكی نایاسایی هەڵساون بە راگەیاندنی ئەنجوومەنێك بەناوی ئەنجوومەنی ئێزیدییەكانی شنگال بۆ ئەوەی زەمینە بۆ دامەزراندنی كانتۆن لەم دەڤەرە خۆش بكەن، كە ئەم رەفتارە دژی ویستی خەڵكی ئێزدی و تێكڕای خەڵكی كوردستانە".
دەقی راگەیەندراوەکە
راگەیێندراوی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لەبارەی هەوڵی دابڕاندن و بەكانتۆنكردنی شنگال
دوای ئازادكردنی دەڤەری شنگال لە لایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستان و گەڕانەوەی هیوا بۆ خوشك و برایانی ئێزیدی و هەوڵی دامودەزگەی هەرێمی كوردستان بۆ گەڕاندنەوەی ژیان و سەقامگیری لەم دەڤەرە بە داخەوە لە ڕێكەوتی 14ـی 1ــی 2015 تاقمێك بەشێوەیەكی نایاسایی هەڵساون بە راگەیاندنی ئەنجوومەنێك بەناوی ئەنجوومەنی ئێزیدییەكانی شنگال بۆ ئەوەی زەمینە بۆ دامەزراندنی كانتۆن لەم دەڤەرە خۆش بكەن.
لێرەدا بە گشت لایەك ڕادەگەیێنین كە ئەم ڕەفتارە دژی ویستی خەڵكی ئێزیدی و تێكڕای خەڵكی كوردستانە. شنگال بەشێكی دانەبڕاوی كوردستانە و دامودەزگەی فەرمی و ئیداریی تایبەت بەخۆی هەیە. ئەركی بەڕێوەبردن و یارمەتیدانی خەڵك و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان و پاراستنی شنگال لەسەر شانی ئەم دامودەزگەیە و، هیچ كەس و لایەنێك بۆی نییە هیچ جۆرە ئیدارەیەكی كارتۆنی و لەدەروەی ویستی خەڵكی شنگال بەسەر ئەم دەڤەرەدا بسەپێنێت و، بە پێچەوانەوە رووبەڕووی كاردانەوەی توند دەبنەوە. خەڵكی خۆشەویستی شنگالیش لەوە دڵنیا دەكەینەوە كە شنگال بە شێوەیەكی فەرمی دەگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
17ی1ی2015
PM:09:41:17/01/2015