سپی میدیا زانیاریی زیاتر لەسەر كۆبوونەوەی باڵە ناكۆكەكانی یەكێتی بڵاودەكاتەوە

پێشنیوەرۆی ئەمڕۆ هەر دوو باڵی هێرۆ ئیبراهیم‌و كۆسرەت رەسوڵ لەبینای مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسلێمانی كۆبوونەوە‌و بەوتەی سەرچاوەیەك "كۆبوونەوەكەی پۆزەتیڤ بووە".

كاتژمێر 11ی پێش نیوەرۆی ئەمرۆ یەكشەممە 8/2، باڵەناكۆكەكانی ناوی سەركردایەتی یەكێتی كۆبوونەوە‌و لەو كۆبوونەوەیەدا كە كاتژمێرێكی خایاند، هەریەك لە هێرۆ ئیبراهیم، كۆسرەت رەسوڵ، بەرهەم ساڵح‌و مەلا بەختیار بەشداربوون.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لەكۆبوونەوەكە بە سپی میدیای راگەیاند: كۆبوونەوەكەی ئەمرۆ ئیجابی بووە‌و هەر دوو لایەن لەسەر ئەو كۆك بوون كە لیژنەكان كە لەكۆبوونەوەی رۆژی 15/12 بۆ چارەسەری كێشەكانی ناو یەكێتی بڕیاریان لەسەر دروستكردنی دا، دەست بەكار بكەن.

بەپێی ئەو رێكەوتنەی رۆژی 15ی 12ی 2014، لیژنەكانیش پێكدێن لە:
 لیژنەی دارایی كە رزگار عەلی بەرپرسیەتی
لیژنەی پێشمەرگە كە شێخ جەعفەر بەرپرسیەتی
لیژنەی رێكخستن كە رەفعەت عەبدوڵا  بەرپرسیەتی
لیژنەی راگەیاندن كە د. ئەرسەلان بایز بەرپرسیەتی

سەرۆكی دوو لیژنەی پێشمەرگە‌و دارایی سەر بە باڵی كۆسرەت‌و بەرهەم ساڵحن‌و لیژنەكانی رێكخستن‌و راگەیاندنیش سەر بە باڵی هێرۆ ئیبراهیمن.
هەر چوار لیژنەكەش بەپێی رێكەوتنی سیاسی نێوان هەردوو باڵ دانراون.



PM:04:15:08/02/2015