ئەنجامی توێژینەوەیەكی نوێ چەندین سودی گێلاس بۆ لەش دەردەخات و ئاشكرای دەكات ئەو میوەیە ئەگەری توشبوون بە چەندین نەخۆشی كەمدەكاتەوە، گەر بەشێوەیەكی ڕێكخراویش بخورێت كارگەری باشی لەسەر تەندروستی لەش دەبێت.
توێژینەوەكە لەئەمریكا لەسەر چەند مشكێكی تاقیگەی ئەنجامدراوە و مشكەكان ماددە خۆراكییەكانی پێكهاتەی گێلاسیان دراوەتێ.
ئەنجامەكان دەریانخستووە خواردنی گێڵاس دەبێتە هۆی دابەزینی ڕێژەی كۆلیسترۆڵ، ئەمەش ئەگەرەكانی توشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و خانەكانی خوێن كەمدەكاتەوە، ئەمە جگەلەوەی كێشی لەش بەشێوەیەكی بەرچاو دادەبەزێنێت.
سەرپەرشتیارانی توێژینەوەكە ئاماژە بە دەوڵەمەندی گێلاس دەكەن بە ماددە دژە ئۆكسیدەكان و كانزاكانی وەك ئاسن و مس و كالسیۆم و پۆتاسیۆم، و چەندین كانزای دیكە، ئەمە سودەكانی ئەو میوەیەی چەند هێندەیەك زیاد كردووە.
توێژەرەكان داوا لە هاوڵاتیان دەكەن كە گرنگییەكی زۆر بدەن بە خواردنی میوەكان بە گشتی و گێلاس بەتایبەتی بۆ ئەوەی لەو سودانەی بێبەش نەبن.