نێچیرڤان بارزانی: ئەگەر بەغدا بودجە نەنێرێت ئێمەش نەوت نانێرین

‌نێچیرڤان بارزانی
ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەردانی وەزارەتی کارەبایان کرد و دواتر کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان سازکرد، کە تێیدا باسی کێشەکانی هەولێر و بەغداو کێشەی کارەباشیان کرد.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند، کە ئەوان بۆ پشتگیریی لە وەزارەتی کارەبا ئەو سەردانەیان ئەنجامداوە، بۆ ئەوەی لە هەنگاوەکانی داهاتووی ئەو وەزارەتە ئاگادار بن. سەڵاحەدین بابەکر وەزیری کارەبا رایگەیاند، کە پلانی وەزارەتەی بۆ سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی روونکردووەتەوەو ئەوانیش پاڵپشتی خۆیان بۆ دەربڕیوە.

دواتر نێچیرڤان بارزانی وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوەو باسی سەردانەکەی دوێنێی کرد بۆ بەغدا. ئەو روونیکردەوە کە ئەوان تێگەیشتوون حکومەتی بەغدا کێشەی دارایی قووڵی هەیە، بۆیە تاوەکو ئێستا بودجەی هەرێمی کوردستانی نەناردووەو گوتی "ئێمە رێککەوتنمان لەگەڵ وڵاتێکی مایەپووچدا کردووە".

وتیشی "ئێمە پابەندین بەو رێککەوتنەی لەگەڵ بەغدا کردوومانە، بەڵام جێبەجێکردنی لە هەردوولاوە دەبێت، ئەگەر بەغدا بودجە نەنێرێت ئێمەش نەوت نانێرین".

نێچیرڤان بارزانی لەبارەی گفتوگۆکانی لەگەڵ بەغدا، گوتی کە ئێمە پابەندین بە ناردنی 550 هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە، بەڵام بەغدا پابەند نییە، چونکە هیچ بڕە پارەیەکییان نییە. گوتیشی ”هەرێمی کوردستان پابەندبوونی تەواوی بە رێککەوتنەکە هەیە، لە رێککەوتنەکە روونکراوەتەوە، کە هەر لایەنێک ئەگەر پابەند نەبێت بە رێککەوتنەکە، رێککەوتنەکە هەڵدەوەشێتەوە". دووپاتیشیکردەوە، کە گرفتەکە ئەوەنییە، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەند نییە بە رێککەوتنەکە، بەڵکو هەرێمی کوردستان بڕە نەوتەکەی هەناردەکردووە، هەژمارکردنی هەناردەکردنەکەش بەشێوەی کۆی گشتی دەبێت، بەڵام بەغدا بەهۆی ئەوەیە پارەی نییە بۆ هەرێمی کوردستان بنیرێت.



PM:01:46:16/02/2015