پەرلەمان‌ پاڵپشتی بۆ حکومەتی هەرێم دووپات دەکاتەوە

‌فۆتۆ: ئەژی عومەر
سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ ئەنجومەنی هەرێم بۆ کاروباری نەوت‌و گاز کۆبوونەوەو هەر دوولا  بڕیاریان لەسەر حەوت خاڵ دا، خاڵێكیان جەخت لە پاڵپشتی پەرلەمان بۆ حکومەت دەکەنەوە.

ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ١-٣-٢٠١٥ سەرۆکایەتی پەرلەمان‌و سەرۆكی فراكسیۆنەكان و هەر دوو لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان و لیژنەی دارایی و ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی کوردستان، سەردانی ئەنجومەنی وەزیران دەکەن و لەگەڵ ئەنجومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت و گاز بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیرانی سامانە سروشتییەکان و دارایی و پلاندانان  کۆدەبنەوە. 

كۆبوونەوەكە لەسەر داوای ئەنجوومەنی وەزیران بۆ تاوتوێكردنی قەیرانی دارایی و كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا و دوایین پێشهاتەكان.

لەو کۆبوونەوەیەدا هەر دوولا گەیشتنە ئەم حەوت خاڵەو بڕیاریان لەسەر درا: 

1-هەوڵەكانی هەرێم لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی عێراق بەردەوام بێت و پێویستە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان خەرج بکرێت بە گوێرەی یاسای بودجە، كە چۆتە بواری جێبەجێكردنه‌وه‌.

2- حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كوردستان بەیەكەوە هەماهەنگ بن لە داڕشتنی پلان و ستراتیژ بۆ چارەسەركردنی قەیرانی دارایی و دابینكردنی بودجە و مووچەی هاووڵاتیان، بە گرتنەبەری سەرجەم ڕێکارە یاساییەکان.

3- درێژەدان و برەودان بە هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە جێبەجێكردنی كارنامەی کابینەی هەشتەم، بە دانانی نەخشەڕێگای چارەسەری بنەڕەتی بۆ چاكسازی بە گشتی و بە تایبەتی لە بواری كەرتی نەوت و گاز و داراییی گشتیدا.

4- دەستەبەركردنی زیاتر و برەودان بە هەنگاوەکانی هەرێم لە بواری شەفافیەت و كاراتربوونی چالاکییەکانی ئەو بوارە.

5- بۆ كارئاسانی و بەدەستهێنانی زانیاری و ئاگاداربوون لە كاری دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەردوولا بە پێویستیان زانی و هاوڕا بوون بە دامەزراندنی ژووری زانیاریی هاوبەش لە نێوان پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا.

6- جەخت لە پاڵپشتیی پەرلەمانی كوردستان بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرایەوە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەسەری گونجاو بۆ سەرجەم پرس و كێشە هەنووكەییەكانی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکاندا.

7- وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، هەفتانە لە ماڵپەری خۆیدا زانییارییەکان لەسەر ڕێژەی بەرهەمهێنان و نەوتی هەناردەکراو، ڕابگەینێت.



PM:05:00:01/03/2015