فوئاد حسێن: هەتا داعش لە سوریا بێت مەترسی بۆ عێراق دەبێت

‌فوئاد حسێن
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە دووەم رۆژی دیداری سێیەمی سلێمانی، کە ساڵانە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی رێکیدەخات،  لەوتارێكدا وتی: هەتا داعش لە سوریا بێت مەترسی بۆ عێراق دەبێت.  

فوئاد حسێن لە وتارەکەیدا باسی لە سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە لە شەڕی داعشدا کرد، هەروەها سوپاسی هاوکاریی سەربازیی هاوپەیمانانی کرد، کە زوو بەدەم هەرێمی کوردستانەوە هاتوون.

فوئاد حسێن، رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) بە هەڕەشەیەک زانی بۆ سەر ئاسایشی جیهان. ئەو گوتی داعش پەلیهاویشتووە بۆ زۆر وڵات. بە ئاماژەدان بەوەی لە سینای میسر و لە نێجیریا و لیبیا ئێستا ئەو رێکخراوە گرووپی چەکداریی هەیە. بۆیە گوتی "دەبێت بزانرێت بە چی ستراتیژییەتێک داعش لەنێودەبرێ، چونکە ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییەو ئێستا هەڕەشە لە کۆشکی سپیش دەکات".

فوئاد حسێن جەختیکردەوە، کە دەبێ داعش لە سووریا لەناوببرێ، چونکە وەک خۆی دەڵێ "هەتا داعش لە سوریا بێت مەترسیی بۆ عێراق دەبێت". ئەو گوتیشی "سەبارەت بە نێوخۆی عێراقیش، هەتا داعش لە موسڵ بەهێز بێت، مەترسی بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەبێت".



AM:11:25:12/03/2015