سپی میدیا ژمارەی كوژراوەكانی داعش لەشەڕەكەی ئەمرۆی كەركوك بڵاودەكاتەوە

لەئەنجامی هێرشی ئەمرۆی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ سەر میحوەری داقوق‌و ئازادكردنی سێ گوندی ستراتیژی ئەو ناوچەیە زیاتر لە 50 چەکداری داعش كوژران‌و چەندین ئۆتۆمبیلی سەربازییان سوتا.

سەرچاوەیەك لەهێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە بە سپی میدیای راگەیاند: پاش ئەوەی ئەمرۆ هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بە هاوكاری فرۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان هێرشیان كردە سەر مۆڵگەی تیرۆریستانی داعش لە میحوەری داقۆق، زیاتر لە 50 چەكداری داعش كوژران‌و چەندین ئۆتۆبیلیشیان سوتێنرا.

سەرچاوەكەی سپی میدیا ئاشكرایكرد لە رزگاركردنی گوندەكانی "وەحدە، سەعد‌و خالید، بەداخەوە چوار پێشمەرگە شەهید بوون‌و چەند پێشمەرگەی دیكەش برینداربوون".

پێشتر شێخ جەعفەر فەرماندەی هێزەكانی 70ی پێشمەرگەی كوردستان بە سپی میدیای راگەیاندبوو: رێگای سەرەکی کەرکوک کە بەداقوقدا تێپەڕدەبێت، دوای رووداوەکانی حوزەیرانی پار چەکدارانی داعش ناوبەناو لەرێگای چەکی قورسەوە مەترسیان لەسەر ئەو رێگایە دورستدەکردو چەندین جار تەقەیان لەهاوڵاتیان کردووە، هێرشی ئەمرۆی پێشمەرگە بەتەواوی ئەو مەترسیانەی دوورخستەوە. (زیاتر بخوێنەرەوە)



PM:03:38:16/03/2015