سەرۆکایەتی هەرێم لەسەر دەستگیرکردنی حەیدەر شەشۆ دەڵێت: تاقمێك لە دەڤەری شنگال لە هەوڵی دامەزراندنی هێزێك لە دەرەوەی هەموو چوارچێوەی یاسایی و وەزارەتی پێشمەرگە بوون.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە : ڕایدەگەیێنن بە هیچ شێوەیەك ڕێگە نادرێت هێزی نایاسایی دروست بكرێت و سەرپێچیكارانیش بە پێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت
دەقی روونکردنەوەکەی وتەبێژی سەرۆکی هەرێم:
دوای ئەوەی تاقمێك لە دەڤەری شنگال لە هەوڵی دامەزراندنی هێزێك لە دەرەوەی هەموو چوارچێوەی یاسایی و وەزارەتی پێشمەرگە بوون، لە سەرەتای مانگی 2ـی ئەمساڵ ئاگادار كران كە ڕێگە نادرێت هیچ هێزێك لە دەرەوەی دەستەڵاتی یاسا دروست بكرێت و دوو مانگ مۆڵەتیان پێ درا كە پێویستە هەتا سەرەتای مانگی 4ـی 2015 خۆیان یەكلای بكەنەوە، ئەگەر مەبەستیان بێت كە خزمەتی شنگال و كوردستان بكەن دەتوانن بە شێوەەكی فەرمی لە ڕیزی هێزەكانی پێشمەرگەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بەشداری بكەن و ڕێكبخرێن.
كەچی ئەوان سوور بوون لەسەر هەوڵەكانیان و تەحەددای دەستەڵاتی هەرێمیان دەكرد. لێرەدا ڕایدەگەیێنن بە هیچ شێوەیەك ڕێگە نادرێت هێزی نایاسایی دروست بكرێت و سەرپێچیكارانیش بە پێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت.
لەبەر ئەوە، حەیدەر شەشۆ بەرپرسی ئەم تاقمە و چەند كەسێكی تر بە شێوەیەكی فەرمی و ئاشكرا دەستگیر كراون و دەدرێنە دادگا. كەسیش شوێنبزر نەكراوە و بە نهێنی دەستگیر نەكراوە.