سەرۆکی پەرلەمان: هەماهەنگی هەر دوو کۆمسیۆنی هەڵبژاردن ساختەکاری کەمدەکاتەوە

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت"هەماهەنگی نێوان کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان، وادەکات هەڵبژاردن لە عێراق و هەرێمی کوردستان پاک و دوور لە ساختەکاری بێت".

ئەم وتانەی د. یوسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لە میانی پێشوازیکردن هات لە سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، کە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێ شەممە ٦ی نیسان  سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد و لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ سەرۆک و جێگر و سکرتێری پەرلەمان شێوازی هەماهەنگی و پەیوەندی نێوان هەردوو کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم و بەغدایان تاوتوێکرد، لە کۆبوونەوەکەدا د. یوسف محەمەد وتیشی: بۆ کەمکردنەوەی کەمکوڕی و کاری ساختەکاری جگە لەهەماهەنگی هەر دوو کۆمسیۆن ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانیش ئامادەیی هاوکاری و پشتیوانییان دەربڕیووە، بۆ درووستکردنی ئەو هەماهەنگییە و ڕێکخستنی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی پاک و دوور لە گیرگرفت.

لەسەرەتای دیدارەکەدا، سەرۆکی پەرلەمان، باسێکی لە پێکهاتەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستانی کرد و ئاماژەی بەوەدا ئەم کۆمیسیۆنە لە پەرلەمانی کوردستان متمانەیان پێدراوە، داواشی لێکردن بە هەماهەنگی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم هەوڵبدەن، ئەو گرفتانەی لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەبووە، لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا دوبارە نەبێتەوە.
سەربەست مستەفا، سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق و ئەندامانی ئەنجومەنەکە، پیرۆزبایی دامەزراندنی ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان کرد، داواشیان لە پەرلەمانی کوردستان کرد هاوکارییان بێت کە گرفت و کێشە یاسایی و تەکنیکییەکانیان لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسی هەرێم چارەسەر بکەن.



PM:04:57:07/04/2015