سەرۆكایەتی هەرێم داوا لەسەعدی پیرە دەكات حەشدی شەعبییان بۆ ئاشكرا بكات

لەوەڵامێكدا بۆ سەعدی ئەحمەد پیرە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان داوا لەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەكات ئەگەر بەڵگەی هەیە لەسەر ەئو كەسانەی هێزی حەشدی شەعبییان دروستكردوە ئاشكرای بكات.

پێشتر  سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ دەزگاکانی راگەیاندن لە هەرێمی کوردستان وتبوی:" رفاندنی حەیدەر شەشۆ فەرماندەی هێزەكانی پاراستنی شەنگال لە لایان ئاسایشی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە پەیوەندی بە دروستكردنی حەشدی شەعبیەوە نییە، چونكە لەناو پارتیش خەڵك هەیە حەشدی شەعبی دروستكردووە و دەستیگریش ناكرێت".

لەبەرامبەردا وتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێم لێدوانێكی بڵاوكردەوە:

لێدوانێك لە گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان

 دوای ئەوەی لێدوانی بەڕێز سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی لە چەند دەزگەیەكی راگەیاندن بڵاوكرایەوە كە گوایە لەناو پارتی دیموكراتی كوردستاندا چەكدار و ڕێكخستنی سەر بە حەشدی شەعبی هەیە، داوا لەم بەڕێزە دەكەین كە ئەگەر زانیاریی دروست و بەڵگەی هەیە لەبارەی ئەو كەسانەی هەڵساون بە دروستكردنی هێزی سەر بە حەشدی شەعبی لەناو خاكی كوردستان جا چ لە ناو پارتی بێت یان حزبێكی دی، با بیداتە دەزگا پەیوەندیدارەكان بۆ ئەوەی ئیجرائاتی پێویستیان لەگەڵدا بكرێت.

د. ئومێد سەباح

گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان

11ـی 4ـی 2015



PM:02:14:11/04/2015