بارزانی بۆ حیزب لایەنە سیاسییەكان: لێدوانی نابەرپرسانە قبوڵ ناكەین

بارزانی لەیەپامێكدا رایدەگەیەنێت: "جێگەی داخە بۆ دژایەتیكردنی گەلی كوردستان شێوازێكی نوێی ناپاكی دەركەوتووە كە لە رێگەی جۆراوجۆر و بە لێدوان و نووسین بانگەشە بۆ شەڕی ناوخۆیی و دووبەرەكی و هەروەها زیندووكردنەوەی پەرتەوازەیی و دوو ئیدارەیی دەكەن".

مەسعود بارزانی سەرۆكی (ماوە بۆ درێژكراوە)ی هەرێمی كوردستان داوا لە پارلەمانی كوردستان و حكومەت و داواكاری گشتی دەكات ئەركی خۆیان راپەڕێنن و رێوشوێنی گونجاو لەدژی ئەم رەوتە نانیشتمانیی و مەترسیدارە بگرنە بەر و چارەسەرێكی یاسایی و رەسمی بۆ رێگەگرتن لە "بڵاوكردنەوە ئەو بۆچوونانە بدۆزنەوە، كە ژیانی خەڵك و یەكپارچەیی نیشتیمان و ئاسوودەیی وڵات دەكاتە ئامانج و بانگەشەی شەڕی نێوخۆیی و دوو ئیدارەیی دەكەن."

دەقی پەیامەكە:

بەڕێزان سەرۆكایەتیی پارلەمانی كوردستان

سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان

حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان

جەماوەری سەربەرزی كوردستان

دوژمنان و نەیارانی گەلی كوردستان هەموو ڕێگەیەكیان تاقیكردەوە بۆ ئەوەی خەباتی گەلی كوردستان لەناو ببەن. هەر لە تۆقاندن و ئەنفال و جینۆساید و بگرە هەتا كیمیاباران و ئابلۆقەدان و زیندان و نانەوەی فیتنە و دووبەرەكی و بڕینی قووتی خەڵك و پەلاماری تیرۆریستان، بەڵام پشت بە خوای مەزن و هیمەت و خۆڕاگریی گەلەكەمان، كوردستان توانی بەسەر هەموو پیلان و دوژمنكارییەكاندا سەركەوێت و شكست و شەرمەزاری بۆ دوژمنان مایەوە.

ئێستا گەلەكەمان لە هەموو كاتێك زیاتر لە سەركەوتن و دەستكەوتی مەزن و شكۆمەندی نزیكە، بەڵام جێگەی داخەكە بۆ دژایەتیكردنی گەلی كوردستان شێوازێكی نوێی ناپاكی دەركەوتووە كە لە ڕێگەی جۆراوجۆر و بە لێدوان و نووسین بانگەشە بۆ شەڕی ناوخۆیی و دووبەرەكی و هەروەها زیندووكردنەوەی پەرتەوازەیی و دوو ئیدارەیی دەكەن. ئەمە ئازادیی ڕادەربڕین نییە بەڵكو ئەم جۆرە هەوڵانە خیانەتە لە گەل و نیشتمان و پیادەكردنی ئەجیندا و سیاسەتی نەیارانی كوردستانە. نابێ بە هیچ شێوەیەك ڕێگە بدرێت ئەم ڕوانگە نانیشتیمانییە لە كوردستاندا هەبێت. ئەم بابەتە مەترسییە بۆ سەر ئاساییشی نەتەوەیی و نیشتیمانیی كوردستان و هەموو ئەو دەستكەوتانەی بە خوێن و فرمێسك هاتوونەتە دی دەخاتە ژێر هەڕەشە.

داوا لە پارلەمانی كوردستان و حكوومەتی هەرێم و داواكاری گشتی دەكەم ئەركی خۆیان ڕاپەڕێنن و ڕێوشوێنی گونجاو لەدژی ئەم ڕەوتە نانیشتیمانی و مەترسیدارە بگرنە بەر و چارەسەرێكی یاسایی و ڕەسمی بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوكردنەوە ئەو بۆچوونانە بدۆزنەوە كە ژیانی خەڵك و یەكپارچەیی نیشتیمان و ئاسوودەیی وڵات دەكاتە ئامانج و بانگەشەی شەڕی نێوخۆیی و دوو ئیدارەیی دەكەن.

داوا لە گشت لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكەم بە هەموو توانایەكیان ڕێگری بكەن لە دەركەوتنی ئەم دەنگ و تێڕوانینە نانیشتیمانییە. داوایش لە جەماوەری سەربەرزی كوردستان دەكەم چیتر دەرفەت نەدەن ئەم جۆرە خەڵكانە و ئەم ڕەوتە دژە نیشتیمانییە بەردەوام بن لە بڵاوكردنەوەی هزری شەڕانگێزی شەڕی نێوخۆیی و دووبەرەكی و هەموو تواناكانمان بۆ پاراستنی كوردستان و یەكڕیزیی گەلەكەمان یەكبخەین.

مسعود بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

16ـی 4ـی 2015






PM:02:35:16/04/2015