لەشەڕێکدا داعش ٣٥ی لێکوژرا ٦ دیلی هەیە، ١٢ پێشمەرگە شەهیدە

ئەمڕۆ لە گوندێکی ناحیەی عیازە چەکدارانی داعش هێرش دەکەنە سەر هێزی پێشمەرگە و شەڕێکی زۆر قورس روودەدات و لەئەنجامدا ٣٥ چەکداری داعش دەکوژرێن و ٦ ی تریان بەدیلی دەستگیر دەکرێن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە هێزی پێشمەرگەوە لە دەڤەری زومار بە سپی میدیای راگەیاند: بەیانی ئەمڕۆ ٢١-٤ چەکدارانی داعش چوونەتە ناو گوندی ( مالحە) ەوە لە نزیک ناحیەی عەیازەو لەوێوە هێرشیان کردۆتە سەر هێزی پێشمەرگەو شەڕێکی زۆر قورس لەو دەڤەرە بەرپابووە".

سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە گوندی مالحە نزیکەی ٢٠٠ مەتر دوورە لەسەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەو گوندێکی عەرەب نشینە، کاتێک کە پێشمەرگە ئەو ناوچەیەی رزگار کردووە دوو مانگ لەمەوبەر خەڵکی گوندەکە بەڵێنیان بە پێشمەرگە دابوو کە ئەگەر ئەوان نەچنە ناو گوندەکەیان، ئەوا ناهێڵن داعشی تێ بچێت، بەڵام دوێنێ شەو چەکدارانی داعش لەو گوندەوە هێرشیان کردۆتە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە.

بەپێی زانیارییەکانی سپی لەوشەڕە قورسەدا ٣٥ چەکداری داعش کوژراون و ٦ چەکداریشیان بەدیل گیراون.
سەرچاوەکەی سپی ئەوەی ئاشکرا کرد کە لەشەڕەکەدا ١٢ پێشمەرگە شەهید بووە کە ئەفسەری پلە بەرزیشی تێدایە.

بەپێی زانیارییەکانی سپی سەرەتا، تا پێشمەرگە هێزەکەی داعشی شکاندووە فرۆکەکانی هاوپەیمانان هیچ بۆردومانێكیان چەکدارانی داعشیان نەکردووە، دواتر هاتونەتە سەر ئاسمانی ناوچەکەو بە هەڵە بۆردومانی ئۆتۆمبیلێکی پێشمەرگەیان کردووەو لەو ١٢ شەهیدە ٦ پێشمەرگەیان بە بۆردومانی فرۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان شەهید بوون.

سەرچاوەکەی سپی باسی لەوە کرد کە راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایش هەرێم، مەسرور هاتۆتە ناوچەکە بۆئەوەی لە نزیکەوە ئاگای لەشەڕەکە بێت.  



PM:07:35:21/04/2015