عەبادی: پاڵپشتی هەنگاریا لەكورد، دەستوەردانێکی قبوڵنەکراوە لە کاروباری نێوخۆی عێراق

‌عەبادی
نوسینگەی حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا، بەتووندی دژی دابەشبوونی عێراق دەوەستێتەوەو داواش لە وڵاتانی جیهان دەکات دەستوەرنەدەنە کاروباری نێوخۆی عێراق.

لە راگەیەنراوێكدا کە ئەمڕۆ سێشەممە 12-5-2015 نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردووەتەوە، لێدوانی ڤیکتۆر ئۆربان سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا بۆ پاڵپشتیکردن لە سەربەخۆیی کوردستان رەتدەکاتەوەو دەڵێ "دەستوەردانێکی قبوڵنەکراوە لە کاروباری نێوخۆی عێراق".

هەروەها هاتووە "داوا لە هەموو وڵاتان دەکەین ، کە رێز لە سەروەریی عێراق و یەکێتیی خاکەکەی بگرن و دووربکەونەوە لە دەستوەردان لە کاروباری نێوخۆی". جەختیشکراوەتەوە کە حکومەتی ناوەند "سوورە لەسەر هەڵوێستە نەگۆڕەکەی و رەتکردنەوەی هەر پرۆژەیەک بۆ دابەشکردنی عێراق".

راگەیەنروەكەی عەبادی، دوای لێدوانی سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا دێت، کە رۆژی دووشەممە 11-5-2015 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ مەسعود بارزانی وتی: "هەنگاریا پشتگیریی هەموو ئەو گەلانە دەکات کە هەوڵی سەربەخۆیی دەدەن و خەباتیان کردووە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان، لەسەر ئەو بنەمایەش پشتگیریی هەرێمی کوردستان دەکەین"



PM:03:28:12/05/2015