یەکێتی داوای پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەکات

لە دوا کۆبوونەوەی نێوان مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی کە لەسلێمانی سازکرا، یەکێتی داوای پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی لە پارتی کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بەسپی میدیای راگەیاند لە دوا کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی کە ٥/٤ لە سلێمانی سازکرا "جگە لەبارودۆخی سیاسی هەرێم یەکێتی داوای وەرگرتنەوەی پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کردۆتەوە وەک بەشێک لە ئیستحقاقی خۆی".
 
ئەو سەرچاوەیە وتی "لەبەرامبەردا وەفدەکەی پارتی داوای کردوە یەکێتی پۆستی سکرتێری پەرلەمان وەربگرێت، بەڵام راشیان گەیاندوە ئەم بابەتە لەگەڵ ھاتنەوەی بارزانیدا یەکلا دەکەنەوە.

رێکەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر جێگری سەرۆکی پەرلەمان بۆ یەکێتی پێش ھەڵبژاردنی ٣٠-٤-٢٠١٤ بووە، بەڵام دوای ھەڵبژاردن کە یەکێتی بڕیاریدا بەشداری حکومەتی بنکە فراوان بکات، رۆژی ٢٩-٤-٢٠١٤ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کراو یەکێتی کاندیدی خۆی بۆ ئەو پۆستە پێشکەش نەکرد بۆیە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە پارتی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی بۆ خۆی داناو بە کاتی سکرتێری پەرلەمانیش درایە یەکێتی تا ئەو کاتەی خۆی یەکلا دەکاتەوە کە لەو دەمەوە کۆمەڵی ئیسلامی ئەو پۆستەی وەرگرتووە.
 
سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە یەکێتی بۆ ئەو پۆستە دوو کاندیدی ھەیە ئەوانیش بریتین لە ھەردوو پەرلەمانتار سالارمەحمود و گۆران ئازاد کە ھەردووکیان ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانن.



PM:10:15:13/05/2015