هەڵبژاردنی تورکیا نزیکدەبێتەوە.. بۆ کورد چارەنوسسازە

هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا نزیکدەبێتەوەو بڕیارە ٦/٧ بە بەشداری ٢٠ حیزبی سیاسی ١٦٥ پاڵێوراوی سەربەخۆ بەڕێوە بچێت. ئەم ‌هەڵبژاردنە بۆ کوردو پارتی دادو گەشە چارەنوسسازە.

کورد کە لەگەڵ نەتەوەو ئاینزاکانی تر بەلیستێک بە ناوی پارتی دیموکراتی گەلانەوە HDP بەشداری هەڵبژاردن دەکات، یەکەمجارە کورد بە لیستێک بەشداری بکات و بیەوێت رێژەی ١٠% تێپەڕێنێت، بەپێی بۆچوونی زۆربەی ناوەندەکان و چاودێران ئەگەر هەدەپ توانی سەرکەوێت تەکانێکی باش دەدات بە پرۆسەی ئاشتی نێوان کوردو حکومەت. 

هەرچی پارتی دادو گەشەی دەسەڵاتدارە دەیەوێت زۆرینەی دەنگەکانی بهێنێت بۆ ئەوەی ئۆردوغان دەستکاری دەستور بکات و سیستەمی سیاسی وڵات لە پەرلەمانیەوە بگۆڕێت بۆ سەرۆکایەتی.

بەپێی راگەیاندنە فەرمییەکان ژمارەی دەنگدەر لە ناو تورکیادا ٥٣ ملیۆن و ٧٦٥ هەزارو ٢٣١ کەسە، لەدەرەەوەی تورکیا دەگاتە دوو ملیۆن و ٨٧٦ هەزار و ٦٥٨ دەنگدەرە.

ئەو گەنجانەی بۆ یەکەمجار بەشداری هەڵبژاردن دەکەن و تەمەنیان گەیشتۆتە ١٨ ساڵ ١ یەک ملیۆن و ٤٧ هەزار دەنگدەرە لەدەرەوەی وڵاتیش ئەو گەنجانە ٥٦ هەزار دەنگدەرن.

پرۆسەی دەنگدان لە دەرەوەی وڵات کە زیاتر لە مانگێکە دەستی پێکردووە رۆژی ٦/٣١ کۆتایی دێت. هەڵمەتی راگەیاندنیش شەوێک پێش هەڵبژاردن کاژمێر رادەگیرێت و هەموو هەڵمەتێکی هەڵبژاردن رادەگیرێت.



PM:12:02:29/05/2015