"بەغدا زیاتر لە 19 ترلیۆن دینار قەرزاری هەرێمی كوردستانە"

وتەبێژی وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ رایدەگەیەنێت كە له‌ ماوه‌ی ساڵێك و 5 مانگدا حكومەتی به‌غدا زیاتر له‌ 19 ترلیۆن دیناری هه‌رێمی كوردستان قه‌رزاره‌.

ئه‌حمه‌د عه‌بدولڕه‌حمان، وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌‌و ئابوری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی کوردستان له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نوسان له‌ دیوانی وه‌زاره‌تی دارایی ڕایگه‌یاند، قه‌یرانی‌ دارایی‌ له هه‌رێمی ‌كوردستان كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر باری دارایی و بوژانه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌، گوتیشی: "هه‌ندێك جار له‌ قه‌یرانی دارایی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كێشه‌ دروست ده‌بێت، به‌ڵام ده‌تواندرێت چاكسازی بكرێت بۆ نمونه‌ له‌ ساڵی 2014 تواندراوه‌ له‌ رێگه‌ی چاكسازیی و كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجی بودجه‌ی‌ به‌كاربردن هه‌زارو 500 ملیار دینار كه‌م بكرێته‌وه‌‌”.

ئه‌حمه‌د عه‌بدولڕه‌حمان، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا پلانێكی چاكسازی كه‌ به‌ هاوكاری پسپۆرانی ئابوری ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ كراوه‌ له‌ پرێس كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا راده‌گه‌به‌ندرێت "ئەو پلانه‌ چاكسازی دارایی په‌یوه‌ست به‌باج‌و گومرگ‌و هه‌یكه‌لیه‌تی‌ ئیداری‌ له‌ خۆ ده‌گرێت”.

ئاشكراشیكرد له‌ماوه‌ی 5 مانگی رابردودا به‌غدا 3 تریلیۆن و 960 ملیار و 175 ملیاری كوردستان قه‌رزاره‌، گوتیشی: "له‌ماوه‌ی‌ پێنج مانگدا به‌غدا 2 ترلیۆن ‌و 850 ملیاری‌ ناردووەته‌ هه‌رێمی كوردستان، له‌ كاتێكدا ‌و مسته‌حه‌قاتی‌ دارایی‌ هه‌رێم له‌وماوه‌یه‌دا، بریتیه‌‌ له 6 ترلیۆن‌ و 173 ملیار و زیاتر له‌3 ترلیۆن‌ و 960 ملیارو 175 ملیۆن دینار له‌ماوه‌ی‌ پێنج مانگدا به‌غدا قه‌رزاری‌ هه‌رێمی کوردستانه‌، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ 16 ترلیۆنی‌ ساڵی‌ 2014ی‌ نه‌ناردوه‌”.



PM:05:34:15/06/2015