بەیاننامەی میترۆ لەسەر لێكۆڵینەوەی ئاسایش لە رۆژنامەنوسێك


سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە رۆژنامەنوسان لەبەیاننامەیەكدا سەبارەت بە لێكۆڵینەوە ئاسایش لە رۆژنامەنوس بەرزان حەمە عەلی رایدەگەیەنێت نابێت ئاسایش لەسەر دەربڕینی بیروڕا لێكۆڵینەوە لەگەڵ رۆژنامەنوس نوسەران بكەن.

دەقی راگەیەنراوەكە:


ئاسایش سنوری ئەركەكانی دەبەزێنێت
سلێمانی،19ی حوزەیرانی 2015: سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان، رایدەگەیەنێت ئاسایشی سلێمانی سنوری ئەركەكانی دەبەزێنێت و لەسەر دەربڕینی بیروڕا لێكۆڵینەوە لەگەڵ رۆژنامەنوسێك دەكات.
رۆژی پێنج شەممە 18ی حوزەیران لەسەر داوای ئەفسەرێكی ئاسایشی سلێنانی رۆژنامەنوس (بەرزان عەلی حەمە) لە یەكێك لە هۆبەكانی ئەو بەڕێوەبەرێتییە ئامادەبووە. پاش مانەوەی بۆ ماوەی یەك كاتژمێر ئەفسەرێك لێكۆڵینەوەی لەگەڵ كردووە.
بەرزان بە میترۆی ووت"پەیوەندیم پێوە كرا لە ئاسایشی سلێمانی ئامادەبوم كە چومە ئەوێ كاتژمێرێك لە ژورێك دانرام ئینجا ئەفسەرێك لێكۆڵینەوەی لەگەڵ كردم" جەختیكردەوە" هیچ داوایەكی یاسایم لەسەر نۆمار نەكرابوو تا لێكۆڵینەوەم لەگەڵ بكرێت هەموو پرسیارەكانی پەیوەندی بە نوسینەكانمەوە هەبوو لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی فیس بوك"
بەرزان باسی لەوەشكرد كە لە كۆتایی لێكۆڵینەوەكە ئەفسەرەكە پێی ووتوە" ئەبێت ئەم شارە جێبهێڵی"
ئێمە لە سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنین بابەتەكانی پەیوەندیدار بە دەبڕینی بیروڕا بە یاسا لە هەرێمی كوردستان پارێزراوە. هەر كەس و لایەنێك كێشەی لەگەڵ نوسەرو رۆژنامەنوسان هەیە با لە رێگەی یاساوە چارەسەری بكات نەك بە هەرەشەو تۆقاندن.
میترۆ لەكاتێكدا ئەم رەفتارە رەتدەكاتەوە جەختدەكاتەوە بانگ كردنی هەر هاوڵاتیەك دەبێت بە بڕیاری دادگا بێت نابێت ئاسایش و پارێزەرانی یاسا لەهەرێمی كوردستان سنوری ئەركەكانی خۆیان ببەزێنن لەسەر دەربڕینی بیروڕا لێكۆڵینەوە لەگەڵ رۆژنامەنوس نوسەران بكەن.





PM:06:05:19/06/2015