میترۆ: رۆژنامەنوسێك دەسگیردەكرێت‌و هێرش دەكرێتە سەر دانەیەكی تر

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان رایدەگەیەنێت لە هەولێر ئاسایشی ئەو شارە رۆژنامەنوسێك دەسگیردەكات و لە شاری (كۆیە)ش، هێرش دەكرێتە سەر رۆژنامەنوسێكی تر.

پاش نیوەڕۆی چوارشەممە میدیاكار دڵشاد هەرتەلی لەلایەن هێزێكی ئاسایشی هەولێر لەناو ئۆتۆمبێلی نووسینگەی هەولێری كەناڵی ئاسمانی دەسگیركرا.

میترۆ پەیوەندی كرد بە ئاسایش هەولێرەوە ئەوان رایانگەیاند كە داوای یاسایی كەسی  لەسەر بووە، ئامادەی بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوە نەبوە و ئەمری دەسگیركردنی هەبووە.

كەناڵی ئاسمانی پەیام لە بەیاننامەیەكیاندا كە دانەیەكی بۆ میترۆ نیردراوە تیایدا هاتووە".جێگەی پرسیارو گومانی ئێمەیە بۆچی لەم دۆخانەدا بە پێی یاسای كاری رۆژنامەوانی مامەڵە لە گەڵ رۆژنامەنووساندا ناكرێت و دادوەر چۆن بڕیاری دەستگیركردن بۆ كەسێك دەردەكات كەپێشتر ئاگادار نەكرابێتەوە و لەبەردەمی دادوەردا وتەی لێ وەرنەگیرابێت و پارێزەری ئامادەنەكردبێت؟"
دڵشاد هەرتەلی ئەندامی سەندیكای ڕۆژنامەنوسانی كوردستانەو وەك مۆنتێر لەو كەناڵە كار دەكات.

هەروەها نیوە شەوی دوو شەممە لە كاتی گەرانەوەیدا لە هەولێرەوە بۆ  كۆیە،  لەگەرەكی ئیسكان، سەیارەیەكی جۆری بی ئێم دەبڵیو، كە ٣ كەسی تێدابوو،  بەخراپی شكاندیانەوە سەر ئۆتۆمبێلەكەی سەرنووسەری رۆژنامەی (نوێكار) لە شاری كۆیە.

زانا بهرام بە میترۆی راگەیاند بەهۆی  بڵاو كردنەوەی چەند راپۆرتێك لە  ژمارە ٥ی رۆژنامەكەماندا، كە یەكیكیان لەسەر بەپرسێكی ئەو شارەیە،  ژیانم كەوتۆتە مەترسی.

بهرام وتی" و لە شەوی ٢١ مانگ ، كاتژمێر نزیك دوانزەی شەو، لە كاتی گەرانەوەم لە هەولێرەوە بۆ  كۆیە،  لەگەرەكی ئیسكان لە كۆیە، سەیارەیەكی جۆری بی ئێم دەبڵیو، كە ٣ كەسی تێدابوو، هەندە بە خراپی شكاندیانەوە سەرم ، كە خەریك بوو  سەیارەكەم وەرگەرێت"
بە پێی قسەكانی بهرام ئەو لە داگا ئامادەبووە بەڵام " دادگا و لەكاتی لیكۆڵینەوە لەگەڵمدا، هەموو جۆرە هەرەشەیەكم لێكراوە تا ناوی ئەو كەسانە بدركێنم كە لەو راپۆرتەدا لێدوانیان بۆ رۆژنامەكە داوە"
هەوەها پێیان ووتوە"ئەگەر ئەو ناوانەمان پێ نەڵێی رۆژنامەكەت پێ دادەخەین"
سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت ئەركی ئاسایش هەولێر نییە لە "تاوان"ەكانی تایبەت بە بڵاوكردنەوە بكۆڵێتەوە ئەوە ئەركی لێكۆلەرەوەی پۆلیسە لەو كەیسانە بڕوانێت. میترۆ داوادەكات دەستبەجێ رۆژنامەنوس دڵشاد هەرتەلی بەكەفالەت ئازاد بكرێت.

میترۆ داوا دامەزراوەی دادوەری دەكات بە پێی بڕگەكانی یاسای كاری رۆژنامەنوسی لێكۆڵینەوە لەگەڵ رۆژنامەنوس بكات. ئەو یاسایە رۆژنامەنوسی ئازاد كلردوە كە سەرچاوەكانی ئاشكرا نەكات. یاسا رێگەی نەداوە بە دادوەری لێكۆڵنەوە داوای سەرچاوەی هەوڵ لە رۆژنامەنوس زانا بهرام بكرێت.


سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێكخراوێكی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی لە لایەن، كۆمەڵێك ڕۆژنامەنوس‌و پارێزەر، دامەزراوە، مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتوە.
 تا كۆتایی ساڵی 2010 لەلایەن پەیمانگای رۆژنامەوانی جەنگ‌و ئاشتی (IWPR) پاڵپشتی كراوە. لە تەموزی ساڵی 2010 لە كۆنفرانسێكدا لە شاری هەولێر ئەندامانی بۆردی ڕێكخراوەكە هەڵبژێردران. لەسەرەتای 2015 سەرلەنوێ دەستەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردوە.سااَنی 2011 و 2012 و2013 و 2014، راپۆرتی ساڵانەی لەسەر رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستان بڵاوكردۆتەوە.



PM:02:36:25/06/2015