سپی میدیا نوێترین ئاماری شەهید‌و بریندارەكانی كۆبانێ بڵاودەكاتەوە

گروپی مافی مرۆڤی سوریا رایگەیاند لانیكەم 146 كەس لەخەڵكی مەدەنی لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوو بەدەستی چەكدارانی داعش لە كۆبانێ شەهید كراون.

بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی رۆیتەرز، گروپی چاودێری مافی مرۆڤی سوریا، ئەمرۆ هەینی رایگەیاند كە گروپی تیرۆریستی داعش لە پاش هێرشەكەی دوێنێ پێنجشەممە بۆ سەر كۆبانێ تا ئێستا لانیكەم 146 كەس لەخەڵكی مەدەنی ئەو شارەیان شەهید كردوە.

رامی عەبدولڕەحمان، بەرپرسی ئەو گروپە رایگەیاند: ئەو ئامارانە لە سەرچاوە پزیشكیەكان‌و دانیشتوانی كۆبانی دەستیان كەوتووە‌و ئەو ژمارەیە لەخەڵكی مەدەنی لەماڵەكانی خۆیان یان بەهۆی موشەكباران‌و قەناس بەدەستەكانی داعش شەهید بوون.

بەوتەی ناوبراو پاش كوشتار بەكۆمەڵی سوننەكانی هۆزی شعیتات لە رۆژاوای سوریا كە ساڵی رابردوو روویدا، ئەمە دووەم كۆمەڵكوژی گەورەی خەڵكی مەدەنییە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە ئەنجام دەدرێت.

شەڕ‌و پێكدادانەكان لەنێوان شەڕڤانانی یەپەگە‌و یەپەژە لەگەڵ چەكدارانی داعش لە كۆبانێ بەردەوامە‌و بە پێی میدیاكانی نزیك لە پەیەدە ئەمرۆ قەناس بەدەستەكانی یەپەگە‌و پەپەژە گەیشتوونەتە كۆبانێ‌و لە چەند شوێنی شارەكە پاشەكشە بە چەكدارانی داعش كراوە‌و زیاتر لە 80 هاوڵاتی لەدەستی داعش رزگار كراون.



PM:02:09:26/06/2015