" ئەگەر هەیە چوار لایەنەکە پێکەوە بە پرۆژەیەک وەڵامی پارتی بدەنەوە"

دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی گۆڕان‌و یەکێتی و لەیەک نزیکی رای ئەو دوو لایەنە لەسەر پرسی سەرۆکی هەرێم، ئێستا کاردەکرێت کە هەر پێنج لایەنەکە پێکەوە پرۆژەیەکی هاوبەش گەڵاڵە بکەن لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی میدیای راگەیاند کە چوار لایەنەکەی گۆڕان و یەکێتی و یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامی پێدەچێت کە بەیەک پرۆژە وەڵامی پارتی بدەنەوە، ئەو پرۆژەیەش کۆکراوەی هەر چوار پرۆژەکەی پەرلەمان دەبێت کە ٦/٢٣ خوێندنەوەی یەکەمیان بۆ کراو پارتی و کەمینەکان بایکۆتیان کرد.

سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ئەو پرۆژەیە کە پێودانگە گشتییەکانی هەر چوار لایەنەکە لە سەری هاوڕان، لە دیاریکردنی دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێم و هەڵبژرادنی سەرۆک و جێگرەکەی لەپەرلەمانەوەو کەمکردنەوەی ئەو دەسەڵاتەیە کە ئێستا هەیەتی، خۆی دەبینێتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانە لەو پرۆژەیەدا دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێم تا ئاستێک کەمدەکرێتەوە کە دەبێتە دەسەڵاتێکی تەشریفاتی تەواو، هاوشێوەی دەسەڵاتی سەرۆکی عێراق.

بەپێی سەرچاوەکەی سپی ئەم هەنگاوە لەسەرەتادایەو لە رۆژانی داهاتوو دوای کۆبوونەوەی هەر چوار لایەنەکە لەگەڵ یەکتر ئەم بیرۆکەیە زیاتر گەڵاڵە دەکرێت. 



PM:05:25:09/07/2015