"پارتی لەبری سازان لەگەڵ لایەنەکان، لەگەڵ تورکیا کردیان"

کادیڕی دیاری یەکێتی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت: لە کاتێکدا کە دەبووایێ سەرقاڵی دۆسیەی دەستووری هەرێم و هەموار کردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بوونایێ و سازانیان لەگەڵ ئەملادا بکردایێ بۆ چارەسەر کردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی هەرێم کەچی وا  دەرکەوت کە سازانیان لەگەڵ تورکیادا کردووە!.

لە وتارێکدا کە ئەمڕۆ ٧/٢٧ لەکوردستانی نوێ بەناونیشانی " هەمدیس شەرمەزارییەکی تر" بلآوکراوەتەوە، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خوشکی هاوسەری تاڵەبانی و ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی هێرۆ ئیبراهیم دەڵێت: ئایا بە چ هەقێک و بەرامبەر بە چی رێگە بە بۆردومان کردنی خاکی پیرۆزی کوردستان و پەکەکە دەدرێ؟ ئەوە زانیمان کە جەنابی ئۆباما لە بەرامبەر بەکارهێنانی بنکەی سەربازی ئەنەجرلیکدا چرای سەوزی بۆ تورکیا هەڵکردوە بۆ لێدانی  هاووڵاتیان.. بەڵام ئەی لەکوردستان پارتیەک لەپای چی ئەمەی کردووە؟.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەو وتارەدا دەڵێت: پاشان وا یادەکانی ئاب و (٣ی ئاب، رۆژی بەدەستەوەدانی شنگال) بەڕێوەیە و هێشتا برینی ئەو زامە میژووییانە سارێژ نەبونەتەوە و گشت دانیشتووانی هەرێم تاوەکو ئەمڕۆش بە دەست ئاسەوارەکانیانەوە دەناڵێنن و هێشتا لە یادەوەری جیهانیاندا زیندووە.. ئیتر بۆ لە کاتێکی وادا دەبێ هەمدیس ئێمەی کورد رووبەرووی شەرمەزارییەکی تر بکرێینەوە لەجیهاندا؟.

ئەو کادیرە دیارەی یەکێتی دەڵێت: ئایا ئەمە بۆ ئەوەیە کە بڵێن هەرێم لە مەترسیدایە؟ ئایا تەنیا بۆ بە فیڕۆدانی کاتە تا تێپەڕ بوونی ئەم ٢٠ رۆژە و   بۆ ئەوەی کە بە بێ ئەملاو ئەوڵا ویلایەتی سەرۆکایەتی درێژ بکرێتەوە؟ ئایا بۆ ئەوەیە کە خەڵکی سەرقاڵی ئەم کێشەیە ببن و باس لە نەبوونی موچە و نەوت و بەنزین و ئاو و کارەبا و هتد نەکەن؟ ئایا بە کوشتن و لە ناوبردنی پەکەکە، قەیرانە دروست کراوەکان چارەسەر دەبن؟ ئایا ناوچە دابڕێنراوەکان دەگەڕێنەوە سەر کوردستان؟ ئایا داعیش کوردستان جێ ئەهێڵێت؟ ئایا بە هێنانی فڕۆکەی تورکی بۆ بۆردومان کردنی کوردستان دەبینە خاوەن کوردستانێکی سەربەخۆ؟ ئەوپەڕی شەرمەزارییە باس لە سەربەخۆیی بکەین و بەکردەوە پێچەوانەکەی هەڵبژێرین.. باس لە یەک پارچەیی کوردستان بکەین و کوردی باشوورو باکوورو رۆژهەڵات و رۆژئاوا بکەینە قوربانیی گرێبەستێکی نایاسایی.




 



PM:09:23:27/07/2015