پارتی داوای دواخستنی کۆبوونەوەی دەکات

سبەی پەرلەمانی کوردستان دەیەوێت هەنگاوێکی گرنگی بنێت، لیژنەی یاسایی کۆدەبێتەوە بۆ ئامادەکردنی یەک پرۆژە بۆ هەر چوار پرۆژەکەی سەرۆکایەتی هەرێم، پارتی داوا دەکات کۆبوونەوەکە دوا کەوێت، سەرۆکی پەرلەمان و لایەنە سەرەکیەکانی تر دەیانەوێت کۆبوونەوەکە سازبکرێت، پەرلەمانتارێکی گۆڕان دەڵێت: کۆبوونەوەکە سازدەکرێت و زۆرینەی لیژنەکەش ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند " پارتی بە فەرمی و لە ڕێگای یەکگرتووی ئیسلامیشەوە بە بیانووی ماوەدان بە هێزەکان لە پێناو سازداندا، داوای دواخستنی کۆبوونەوەی لیژنەی یاساییان کردووە لەسەر پرسی یەکخستنی چوار پرۆژەکەی سەرۆکایەتی هەرێم، بەڵام لەلایەن سەرۆکی پەرلەمان و لیستەکانی ترەوە رەتکراوەتەوە".

سەبارەت بەم پرسە، پەرلەمانتاری گۆڕان بێستوون فایەق بە سپی راگەیاند: بەیانی ئەو کۆبوونەوەیە سازدەکرێت.

ناوبراو وتی: هەر پرۆژەیەک دەنێردرێت بۆ لیژنەی یاسایی دەبێت لە ماوەی ١٠ رۆژدا راپۆرتی لەسەر ئامادە بکرێت، بەڵام ئەم چوارپرۆژەیە وا نزیکەی مانگێکە لە لیژنەی یاساییە، بۆیە لەم روەوە رێچکەی یاسایی خۆی گرتووە.

ئەو ئەندام پەرلەمانە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد پاش ئەوەی راپۆرت ئامادەکرا، دەدرێتە سەرۆکایەتی پەرلەمان ئەوانیش کۆپی دەکەن و دابەشی دەکەن بەسەر هەر ١١١ئەندام پەرلەمانەکەی کوردستاندا.

سەبارەت بە کۆبوونەوەی سبەینێی لیژنەی یاسایی پەرلەمان، بێستوون فایەق وتی: سبەی بەلایەنی کەمەوە لە لیژنەی یاسایی کە ١١ ئەندامە، شەش ئامادەبێت ئەم کارەش یاساییە".

دەربارەی ئامادەنەبوونی سەرۆکی لیژنەکە کە پارتییە، ناوبراو وتی : بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ لەلایەن جێگری سەرۆکی لیژنەوە بەڕێوەدەبرێت.

بێستون فایەق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد داوی تەوابوونی ئەو قۆناغانە، سەرۆکی پەرلەمان، یان ١/٤ ئەندامانی پەرلەمان داوای کۆبوونەوەی نا ئاسایی دەکەن. لەرۆژی کۆبوونەوەشدا دەبێت ( نیوە +١) ئەندامانی پەرلەمان ئامادەبن، دواتر دانیشتنەکە دەڕوات بەڕێوە ئەگەر ئەندامانی پەرلەمان هۆڵەکەش جێبهێڵن، لەکاتی دەنگدانیشدا دەبێت ٥٦ ئەندامی پەرلەمان واتە ( نیوە +١) ئامادەی کۆبوونەوەکە بن.   
    



PM:10:05:28/07/2015