ئۆردوغان لە چینەوە سووکایەتی بە دەمیرتاش دەکات

سەرۆک کۆماری تورکیا لە پەکینەوە هێرش دەکاتە سەر سەلاحەدین دەمیرتاش و دەڵێت: لێدوانەکانی دەمیرتاش نا ئەخلاقی و رەوشت نزمانەیە.

لە لێدوانێکی پێشوویدا هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) سەڵاحەدین دەمیرتاش لە بارەی تەقینەوەكەی سروج وتبووی: هێزە تایبەتەکانی کۆشکی سەرۆک کۆمار تەقینەوەکەیان ئەنجامداوە. ئۆردوغانی سەرۆکی کۆماری تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا دەڵێت: ئەمە لێدوانێكی نائەخلاقانەیە چونكە سەرۆكایەتی كۆمار پێگەیەكی ئەوەندە بەرزە كە ناكەوێتە ئاستی ئەم جۆرە لێدوانە نائەخلاق و رەوشت نزمانە". 

ئەردۆغان کە ئێستا لە وڵاتی چینە دەڵێت: ئەمە لێدوانێكی بێ ئەخلاقانەیە، كۆشكی سەركۆمار و پێگەی سەركۆماری ئەوەندە بەرزە كە ناكەوێتە ئاستی نزمی ئەو جۆرە لێدوانانە.

ناوبراو دەڵێت: پێش هەموو شتێك ئەو كەسەی ئەم قسانەی كردووە بەرپرسی كوژرانی 50 كەسە لە كاتی رووداوەكانی شەش، حەفت و هەشتی تشرینی یەكەمدا، بەداخەوە تا ئەمڕۆ لە ژێر سێبەری حەسانەدا بەردەوام بووە و هێشتا هیچ جۆرە هەڵوێستێكی روون و ئاشكرای لە بەرامبەر پەكەكە نییە كە ئەورووپا و ئەمریكایش وەكو رێكخراوێكی تیرۆریستی پێناسەیان کردووە.

ئۆردوغان لە کۆتایی لێدوانەکەیدا دەڵێت" براكەشی لە چیایە و لە چیا گەورە بووە، بۆ خۆشی دەرفەتی دەست كەوێت هەر دەچێتە ئەوێ، خۆ ئەوانە ئەو كەسانەن كە لەوێیەوە فەرمان وەردەگرن، پێویستە هەر وشەیەك كە لە دەمیان دەردەچێت گوێیان ببیستێ".



PM:01:09:30/07/2015