خەبات: نەوشیروان مستەفا پێشڕەوی ئەو مایسترۆییە دەکات کە دژایەتی پارتی دەكات

زمانحاڵی پارتی، رۆژنامەی خەبات هێرشێکی توند هاوشێوەی ئەوانەی شەڕی ناوخۆ دەکاتە سەر رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان و بە پێشڕەوی ئەو مایسترۆیەی دادەنێت کە ئێستا دژایەتی پارتی دەکات.

بەناونیشانی "نەوشیروان مستەفا کەی وازدەهێنێت"، رۆژنامە خەبات لە وتارێکدا کە بەناوی رۆژنامەکەوە نوسراوە هێرشێکی توند دەکاتە سەر نەوشیروان مستەفا. ئەو رۆژنامەیە پێییوایە نەوشیروان مستەفا بە رقێكی كۆن لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵسوكەوت دەكات و، دەیەوێ لەو رێگایەشەوە ببێتە زەعیمی قوتابخانەیەكی كۆن كە ئێستا هیچ كوردێك ئەوەی قبوڵ نییە.

رۆژنامەکە دەڵێت: مێژووی نەوشیروان مستەفا ، رێگەی پێنادات تاوەكو كۆتایی بە ئارامی هیچ هاوپەیمانییەك درێژە پێبدات ، بەتایبەتیش لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا ، ئەو پارتی بە رێگری جێبەجێبوونی بیرۆكەكانی خۆی لێكدەداتەوە . ئەو رێككەوتنانەی كە لە رابردوودا كە لەنێوان پارتی و یەكێتیدا كراون ، ئەندازیارەكەیان لەلای یەكێتی نیشتمانیی كوردستانەوە ، مام جەلال بووە ، نەك وەك نەوشیروان مستەفا هەندێكجار گوتوویەتی ئەو ئەندازیارە من بووم .

خەبات، باس لە مێژووی نەوشیروان مستەفا دەکات و دەڵێت: نەوشیروان مستەفا كە مێژووەكەی دەڵێ، دەستی سوورە بە خوێنی پێشمەرگەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان ، حیزبی شیوعی كوردستان ، حیزبی سۆسیالیستی كوردستان ، پارتی سۆسیالیستی كورد ، پارتی كرێكارانی كوردستان ، پارتی كۆمۆنیستی كرێكاریی عێراق و بزووتنەوەی ئیسلامیی لە كوردستان و چەندان گرووپی دیكە ، دوای شەڕێك نەختێك ئارام دەبێتەوە ، بەڵام حەزەكەی بۆ گفتوگۆكردن و ئارامی ، سەرئەنجامەكەی سەرناكێشێت بۆ هاوپەیمانییەكی بەهێزتر ، بەڵكو سەردەكێشێت بۆ شەڕێكی تازەتر .

رۆژنامەکە نەوشیروان مستەفا بە پۆپۆلیستی ناوزەد دەکات و دەڵێت: نەوشیروان بۆ سەپاندنی خۆی پەنای بۆ دەبات سیاسەتێكی پۆپۆلیستی (شعبوی)یە ، كە سەرئەنجام هەر تاكێكی گەلی كوردستان لێی تێبگات دەزانێت كە نەوشیروان مستەفا بەهیچ شێوەیەك باوەڕی بە گەل و ئیرادەی گەل نییە ، بەڵكو باوەڕی بەسەپاندنی ئیرادەی خۆیەتی.

لەکۆتایی وتارەکەدا هاتووە: رابردوو و ئێستای نەوشیروان مستەفا ، رێگەی پێنادات بە باوەڕەوە باسی دیموكراسی بكات . مێژووی خوێناوی نەوشیروان مستەفا و ئێستای تاكڕەوانەی لەناو بزووتنەوەیەكی سیاسی وەك گۆڕاندا ، بەهیچ شێوەیەك رێگەی پێنادەن ئیرادەیەكی شەڕانگێزانەی رقاوی بەناوی دیموكراسییەوە بەسەر پارتی دیموكراتی كوردستان و جەماوەری هوشیاری كوردستاندا بسەپێنێت.



PM:06:13:30/07/2015