ئاری هەرسین: نەوشیروان مستەفا سەرۆکی پەرلەمانە

پەرلەمانتاری پارتی، ئاری هەرسین دەڵێت: زوڵمێكی گەورەیشە بە (د. یووسف) بگوترێت ئەم دۆخەی پەرلەمان خەتای ئەوە، چونكە ئەو سەرۆكی پەرلەمان نییە، بەڵكو (نەوشێروان مستەفا) سەرۆكی پەرلەمانە.

ئاری هەرسین بە ماڵپەڕی حیزبەکەی دەڵێت: د. یووسف خۆی دەزانێ ئەم كورسییەی لەسەری دانیشتووە بە زۆرینە و كەمینە پێی نەدراوە، ئێستا خێرە ئەم زۆرینە و كەمینەیه‌ بووە بە ستاندەر و مۆدێل؟ هه‌ڵبه‌ت دەبوو (نەوشێروان مستەفا) ببێت بە سەرۆكی پەرلەمان ئەوكات پرسەكان لە پەرلەمان یەكلایی دەكرانەوە.

ناوبراو دەڵێت: من خۆم ئەندام پەرلەمانم، بەڵام تا ئێستا پەرلەمان نەبووەتە ئەم مەرجەعەی دەستەڵاتی بە دەست بێت و، زوڵمێكی گەورەیشە بە (د. یووسف) بگوترێت ئەم دۆخەی پەرلەمان خەتای ئەوە، چونكە ئەو سەرۆكی پەرلەمان نییە، بەڵكو (نەوشێروان مستەفا) سەرۆكی پەرلەمانە. ئاخر هه‌روه‌ك چۆن من ئیلتیزامی تەواوم بە حزبەكەمەوە هەیە ئەویش ئیلتیزامی تەواوی بە (نەوشێروان مستەفا)وە هەیە و، پەرلەمان تا ئەمڕۆیش لە كوردستان بەم ڕەوشە ڕۆیشتووە.''

ئەو پێیوایە و جه‌ختیش دەکاتەوە هەموو قەرارەكان لە دەرەوەی پەرلەمان دەدرێت، ئەمەش خەتای سەركردایەتیی حزبەكانە، و دەڵێت: چونكە ئەوەی قەراری بە دەست بێت نایەت ببێت بە ئەندام پەرلەمان، بۆیە دەبوو (نەوشێروان مستەفا) بۆ خۆی بهاتایە ببێت بە سەرۆكی پەرلەمان و ئەوكات هیچ كەسێكی تر نەبوو لەنێو حزبەكەی لە سەرووی ئەو بێت و ڕاستوخۆ نوێنەری حزبەكەی دەبوو و، قەراری دەدا و لە پەرلەمان پرسەكان یەكلایی دەبوونەوە. بۆیە لەوانەیە دكتۆر (یووسف) لەسەر كورسیی پەرلەمان دانیشتبێت، بەڵام بەهیچ شێوەیەك دەستەڵاتی سەرۆكی پەرلەمانی نییە، بەڵكو ئەم دەستەڵاتە لای سه‌رۆك حزبه‌كه‌یه‌تی."

(هەرسین) ڕوونی كردەوە: "ئەوەی كە لە پەرلەمان دەگوزەرێ و خوێندنەوەی دووەم بۆ یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم دەكرێت با یاساییش بێت، بەڵام خۆ سەرۆكی پەرلەمان بەپێی پەیرەوی ناوەخۆ نەبووە بە سەرۆكی پەرلەمان، بەڵكو لەگەڵ حزبەكەی مندا سازان كراوە و ڕێك كەوتوون لەسەری، خۆ ئەمە بە زۆرینە و كەمینە نەكراوە و بانێك و دوو هەوا نییە. 



AM:09:16:31/07/2015